»  وتاری هەفتە
دەستی دەرەكی و سیناریۆی دەســـەڵات
بورهان حاجی سلێمان


جگە لە رەهەندە نەتەوەییەكان و مافی چارەی خۆنووسین و خەونی دەوڵەت، هەموو كوردێك پێیوایە عێراق و عێراقییەكان بەراورد بە ئێمە لە ئاستێكی نزمتری شارستانین و هێشتا لە ئەلفوبێی ئەو دیموكراسییە نازانن كە 26 ساڵە هەرێم و هەرێمییەكان پیادەی دەكەن!
ئەو روانگە ناسیۆنالیستە دیمەنێكی خەیاڵاویمان بۆ وێنادەكات، دیمەنێك میللەتێك تیایدا خۆی لەوانی دیكە جیاوازتر دەبینێت، حكومەتێكیش خۆی لێبووەتە حاكمی كۆمارەكەی ئیفلاتۆن و میراتگری دیموكراسیەتی ئەسینا! بەڵام لە واقعیدا وێنەیەكی تاڵ بوونی هەیەو ئەگەر بە چاویلكەی راستییەكان تەماشای بكەین، دەبینین ئێمە زۆر لە گەل و نیشتمانە دواكەوتووەكانی دەوروبەرمان دواكەوتووترین و نە وەكو (گەل) هێندەی ئەوان شارستانین و نە وەكو (حكومەت)یش لەوان تەندروستانەتر مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتی و چالاكییە مەدەنییەكانی دەكەین.
لەو بەغدایەی كە بە پایتەختی تاوان ناودەبرێت، تائێستا دەیان خۆپیشاندانی ملیۆنی ئەنجامدراون، گۆڕەپانی تەحریر بۆتە سەكۆی مانگرتن و خۆپیشاندانی هەفتانە، بەڵام نە خۆپیشاندەران موڵكی گشتی و تایبەتی دەسووتێنن و نە بیستوومانە چەكدارێكی هێزە ئەمنییەكان لوولەی تفەنگەكەی نابێتە سەر سینگی هاونیشتمانییەكی خۆی و خوێنی رژاندبێت، ئەمە لە كوردستان تەواو پێچەوانەیە، مێژوو ئەوەی سەلماندووە كە هەر كاتێك 100 كورد پێكەوە كۆبوونەوە، كارەساتێك دەقەومێت و بونیادی چەندین ساڵەی پێشوو لە چركەساتێكی توڕەییدا تێكدەدرێت، هەر كاتێك دەسەڵاتیش رووبەڕووی تاقیكردنەوەیەكی جدی دەبێتەوە رووە راستەقینەكەی ئاشكرادەكات و كەڵبە تیژەكانی لە گەردنی دیموكراسی دەچەقێنێت!
رووداوە ئابرووتكێنەكانی چەند رۆژی رابردووی شارەكانی هەرێم لە سووتاندنی دامودەزگاو تێكدانی موڵكی گشتی و تایبەت، سەلمێنەری ئەو راستیەن كە ئێمە هێشتا زیاتر لە گروپگەلێكی بەشەری گەڕۆك دەچین، نەك نەتەوەیەكی خاوەن خاك بین و روحی ئینتمامان لە ئاستێك بێت كە لەگەڵ سووتانی خاكدا دڵی ئێمەش بسووتێ.. لەگەڵ كوژرانی گەنجێك و سوتانی جەرگی دایكیدا، جەرگی دەسەڵاتیش بسووتێ، چونكە هەرگیز خاوەن خاك زێدی خۆی ناسوتێنێت، بەڵكو تەنها دوژمن و نامۆكان خاكی داگیركراو دەسووتێنن. 
ئەگەر بە قووڵی بیر لەم كلتووری سوتاندنە بكەینەوە، تەنانەت سەبارەت بە ئاگری نەوروز و پیرۆزییەكانیش گومانمان لا دروست دەبێت و ئەفسانەیەكی نوێ و تەواو پێچەوانە سەبارەت بەو رۆژە نەتەوەییە لە هزرمان دروست دەبێت كە ئەو ئاگرە نیشانەی سەركەوتنی شۆڕش نەبووە، بەڵكو نیشانەی روخانی دەوڵەت و سوتانی خاك و شارستانیەتی پێشووترمان بووە، بۆیە ئێستاش ساڵانە ئەگەر هیچ بۆنەو پاساوێكیش نەبێت بۆ سوتاندنی وڵات، ئەوە بە سوتاندنی چەند تایەیەكی ئۆتۆمبێل و كۆتەرەدارێك ئەو سرووشە پیادە دەكەین، تەنانەت ژنانیشمان جیاواز لە سەرجەم ژنانی جیهان بە ئاگر خۆیان دەكوژن، بۆیە هەرچەندە پیلانەكە روونەو مەبەستی سوتاندنی دەڤەری سلێمانییە، بەڵام ئەوەی روودەدات نابێت تەنها بیخەینە ئەستۆی دەستی دەرەكی یان بڵێین سیناریۆی دەسەڵاتە، بەڵكو زەمینەی ناوخۆیی بۆی لەبارەو ئێمەو ئەوان .. (ئەوان) وەكو هێمایەك بۆ هاونیشتمانی بوون زۆرمان جیاوازەو تێگەیشتنیشی دەروازەیەكە بۆ بینینی هۆكارەكانی بە دەوڵەتنەبوون!




‌ 2002 جار بینراوه‌
12/23/2017 9:51:25 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved