داخستنی رێگەو بوونی سوپا گرفتی خوێندن و تۆوكردن بۆ پردێ دروستدەكەن
رەوان تاڵیب
بەهۆی داخستنی رێگای سەرەكی (هەولێر- پردێ) و بوونی سوپا لەناوچەكە، كۆسپ لەبەردەم خوێندكاران و مامۆستایان و جوتیاران بۆ چاندنی زەوییەكانیان دروست دەبێت.
رابەر رەشید، مامۆستاو چالاكوان لە شارۆچكەی پردێ، لە لێدوانێكیدا بۆ (هەواڵ) رایگەیاند:” بەهۆی داخستنی چەند رێگایەكی هاتوچۆ بۆ نێو گوندەكان، هەندێك خوێندنگەی دەورووبەری شارۆچكەی پردێ داخراون”، ئەوەشیخستەڕوو:” بەهۆی داخستنی رێگای سەرەكی (هەولێر – پردێ) بەشێك لە مامۆستایانی كە ماڵیان لە هەولێرەو لە خوێندنگەكانی پردێ وانە دەڵێنەوە، لە ئێستادا ناتوانن هاتوچۆ بكەن، ئەگەر بۆ پردێش بێن ئەوە بە رێگا لاوەكیەكاندا دێن و ئەو كاتیش ئاستەنگی زۆریان بۆ دروست دەبێت ، كە بەشێكیان رۆژەكانیان دابەشكردووە بۆ ئەوەی شەوان لە پردێ بمینێتەوە”.
بەوتەی ئەو مامۆستا و چالاكوانەی شارۆچكەی پردێ، بەشێك لە خوێندكارانی ئامادەیی شارەكەش نەگەڕاونەتەوە، ئەوەش وادەكات لە خوێندن بێبەش بن، چونكە سیستەمی خوێندن لە پردێ و شارەكانی هەرێم جیاوازی هەیە، هاوكات باسی لەوەشكرد:”داخستنی ئەو رێگایە ئاستەنگی زۆری دروستكردووە و كاریگەری لەسەر شارۆچكەكە هەیە”.
رابەر رەشید، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:”جگە لەوەش چەند گوندێكی نزیك لە پردێ بەهۆی بوونی هێزی سەربازیەوە لەناوچەكە لە مساڵداو بەتایبەت لە لەم وەرزەدا كە وەرزی چاندنی دانەوێڵەیە ناتوانن بەروبومەكانیان بچێنن “، روونشیكردەوە:”ئەوەش نیگەرانی زۆری لای جوتیاران و هاوڵاتیان دروستكردووە”.
|