»  کوردستان
یەكێتی و زۆنی سەوز لەبەردەم پیلانێكی مەترسیداردان




لە رێگەی كاولكردنی ناوچەكانی سلێمانی و پاساودان بە دەستوەردانی دەرەكی لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی زۆنی سەوز، پیلانێكی مەترسیدار دژ بە یەكێتی بەڕیوەچێت.
سەرچاوەیەكی باڵای ئاگادار بۆ (هەواڵ) پیلانێكی مەترسیداری ناوخۆیی و هەرێمایەتی دژ بە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ئاشكرا دەكات و دەڵێت:”لە رێگەی كاولكردنی ناوچەكانی سلێمانی و پاساودان بە دەستوەردانی دەرەكی لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی زۆنی سەوز، چەندین لایەنی ناوخۆیی و هەرێمایەتی لە رێگەی كەسانی سەر بەخۆیانەوە رێڕەوی خۆپیشاندانەكان لە داواكاری رەواوە بۆ سوتاندن و تێكدانی فەرمانگەو دامودەزگای حكومی و حیزبی و تایبەت و ژێرخانی ناوچەكانی ئیدارەی پێشووی سلێمانی دەگۆڕن و هاوكات چەند چەكدارێكی ناو هێزە ئەمنی و حیزبییەكانیش لە رێگەی تەقەكردنی راستەوخۆوە لە خۆپیشاندەران بەشدارن لەو پیلانە”.
سەرچاوەكە وتی: “پیلانەكە جگە لە داڕووخانی ئابووری و تێكدانی ژێرخانی خزمەتگوزاری و ئیداری ناوچەكە، مەبەست لێی دروستبوونی فەوزاو پاشەگەردانی ئەمنییە تا پاساو بە هاتنی هێزی دەرەكی بۆ شارو شارۆچكەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی بدرێت”.
سەرچاوەكە ئەوەشی ئاشكراكرد:” لەناو خۆپیشاندەراندا خەڵكی نامۆ بەدی كراون كە بە شێوەزاری جیاواز لەو شارەی خۆپیشاندانەكەی تێدا ئەنجام دەدرێت قسەیان كردووەو تەنانەت تیایاندا هەبوو گۆمانی ئەوەیان لێدەكرێت كوردیش نەبن”.
بە وتەی سەرچاوەكە:”ئەم پیلانە درێژەپێدەری پیلانێكی درێژخایەنە كە بە ئەنجامدانی ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلول  دەستپێدەكات كە بەهۆیەوە سوپای عێراق بە پشتگیری مەعنەوی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی و پشتگیری ماددی ئێران ناوچە تازە ئازادكراوەكانی هەرێمی كوردستانی گرتەوەو بەهۆیەوە كوردستان بە گشتی و یەكێتی بە تایبەتی ناوچەیەكی بەرفراوانی سەر بە نفوزی خۆی لەدەستدا”.
سەرچاوەكە باسی لەوەشكرد:” لە ناوچەكە چەندین دەزگای سیخوڕی و هەواڵگری هەرێمایەتی و ناوخۆیی كار بۆ تێكدانی رەوشی ئەمنی دەكەن و هاوكات چەند بەرپرسێكی لایەنی ناوخۆییش بە ئاشكرا داوای هاتنی سوپای عێراق بۆ سلێمانی دەكەن، تاكو دواتر واقعێكی نوێ بخوڵقێت و لایەنێك لە سلێمانی زاڵ بێت كە كۆدەنگی بەغداو تاران و ئەنقەرەو هەولێری لەسەربێت”.

‌ 1468 جار بینراوه‌
12/23/2017 10:02:28 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved