»  راپۆرت
بەبێ رەزامەندی ئەنجومەن .. پرۆژەی بە تایبەتكردنی كارەبا لە كەركوك دەكەوێتەكار



بەهۆی ئەوەی بەشێكی دراوە بەچەند ناوچەیەك و لۆدێكی زۆری دەكەوێتەسەر، ماوەیەكە كارەبای كەركوك گۆڕانكاری و كەمبوونەوەی بەخۆوە بینیوە، بۆ ئەو مەبەستەش ئیدارەی ئێستای شارەكە (بەبێ رەزامەندی ئەنجومەنی پارێزگا) رەزامەندیان لەسەر بە تایبەتمەندكردنی كارەبا دەربڕیوە و كۆمپانیایەك لە كەركوك كەوتوەتە كار بۆ ئەو مەبەستە، وتەبێژی بەرێوبەرایەتی كارەبا دەڵێت "بەبێ رەزامەندی و ئاگاداری ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك پرۆژەی بە تایبەتكردنی (خەسخەسە) كەرتی كارەبای كەركوك كاری پێدەكرێت" و سەرۆكی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكیش رایدەگەیەنێت "نازانین ئەو كۆمپانیایە پرۆژەكە دەكات مەرجەكانی ئێمەی جێبەجێكردوە یاخود نا".

بە وتەی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی كارەبای كەركوك، پرۆژەی بە تایبەتمەندكردنی كارەبای نیشیتمانی كەركوك لە ساڵی رابردوو ئەنجومەنی پارێزگا رەتیكردەوە.
دانیال هەمەوەندی وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی كارەبای كەركوك بۆ (هەواڵ) رایگەیاند: "ساڵی 2016 پرۆژەی بە تایبەتمەندكردنی كارەبای نیشیتمانی كەركوك لە ئەنجومەنی پارێزگا رەتیكرایەوە و دەنگی تەواوی بەدەست نەهێنا"، ئاماژەی بەوەشكرد:" بەڵام لە ئێستادا ئەو پرۆژەیە لە لایەن كۆمپانیایەكەوە دەستی بەكارەكانیكردووە".
دانیال هەمەوەندی باسی لەوەشكرد:"روانگەمان بۆ پرۆژەكە گۆڕاوەو دەستی بەكارەكانیكردووەو چاوەڕوان دەكرێت لە 3 مانگی داهاتوو بەتەواوی بكەوێتە كار".
باسی لەوەشكرد: "بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنی پارێزگا ئێستا ئەو پرۆژەیە خەریكی كارەكانی خۆیانن و گەڕەكەكانی كەركوك دەگەڕێن بۆ تەواوكردنی پرۆژەكە".
لای خۆشیەوە سەرۆكی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، رایدەگەیەنێت، هەرچەندە ئەو پرۆژەیە لە ئەنجومەن رەتكراوەتەوە، بەڵام ئەگەر تەواوی مەرجەكانی جێبەجێ بكات ئاساییە دەست بەكارەكانی بكات.
ئەحمەد عەسكەری، سەرۆكی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، لە لێدوانێكدا بۆ (هەواڵ)، رایگەیاند:"ئەو پرۆژەیە بۆ سەرجەم پارێزگاكانی عێراقە"، رونیشیكردەوە: "لە كاتی هاتنی پرۆژەكە بۆ ئەنجومەنی پارێزگا، ئێمە رەتمانكردۆتەوە و مەرجمان بۆی داناوە".
هەروەها وتی: "هۆكاری رەتكردنەوەمان لەئەنجومەن بۆ ئەوە بوو تا مەرجەكانی جێبەجێ بكات و زیاتر لە خزمەتی هاوڵاتیانی كەركوك كار بكات".
هەر بەوتەی سەرۆكی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، نازانرێت ئەو كۆمپانیایە بۆ پرۆژەی بە تایبەتمەندكردنی كارەبا، مەرجەكانی جێبەجێكردوە یاخود نا، چونكە كۆمپانیاكە نەگەڕاوەتەوە بۆ ئەنجومەن.
 ئەحمەد عەسكەری باسی لەوەشكرد: "ئەگەر لە ئێستادا ئەو كۆمپانیایە مەرجەكانی جێبەجێكردبێت ئاساییە كە دەستی بە كارەكانی كردبێتەوە، چونكە رەزامەندی حكومەتی عێراقی هەیە".
هاوكات ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "بەڵام ئەگەر مەرجەكانی جێبەجێ نەكردبێت ئەوە سەرپێچیە و دەبێت بانگهێشت بكرێت بۆ ئەنجومەن، هەرچەندە ئەنجومەنیش لە ئێستادا كارەكانی راگیراوە كۆنابێتەوە".
هەر لەسەر پرۆژەی بە تایبەت كردنی كارەبا سەرۆكی لیژنەی موەلید ئەهلییەكان دەڵێت:" ئەگەر پرۆژەكە جێبەجێ بكرێت سودی بۆ دەوڵەت و خەڵكیش زۆرە.
عەدنان ئەحمەد سەرۆكی لیژنەی موەلید ئەهلییەكانی پارێزگای كەركوك وتی: "لە ئێستادا بەڕێوبەرایەتی كارەبا هیچ ئامێرێكی یەدەگی نییە بۆ تەرخان كردنی كارەبا".
هەروەها وتی: "ئەم پرۆژەیە لە ئێستادا تەنها كاری پارە كۆكردنەوەو دانانی ئامێری ژمێرەرە بۆ كۆكردنەوەی پارەلە ماڵان".
سەرۆكی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەكان وتیشی: "پارە كۆكردنەوەكە بەردەوام دەبێت تا ئەو كاتەی هاوڵاتی خۆی هەست بە كەمكردنەوەی كارەبا لە ماڵەكەیدا دەكات، چونكە شت بوو بە پارە دەستی پێوەدەگیرێت و ئامێری كەمتر دادەگیرسێنرێت".
عەدنان ئەحمەد ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: "كە دەست بە كارەباوە گیرا ئیتر هێواش هێواش رێكدەخرێتەوە و زیادەڕەوی نامێنێت، بەمەش هاوڵاتی و حكومەت سودمەند دەبن و كاتەكانی كارەبای نیشتیمانی زیاد دەبن".
دەربارەی رەوشی موەلیدەكانیش دوای پرۆژەكە وتی: "ئەو كات كاتی ئیش پێكردنی موەلیدە ئەهلییەكان كەم دەكات و ئەو كاتیش دەبێت بە حەق و رێكخستن كارەكانیان بكەن".
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "ئەگەر بۆ نمونە كارەبای نیشتیمانی گەیشتە ئەو ئاستەی 20 كاتژمێر بدرێت ئەوا 4 كاتژمێر بۆ موەلیدەكان دەمێنێتەوەو بە گوێرەی ئەو كاتەش بڕی پارەو گاز دیاری دەكرێت و موەلیدەكان ئیش دەكەن".

‌ 1087 جار بینراوه‌
12/23/2017 10:03:12 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved