»  راپۆرت
یەكێتی و گۆڕان و بزووتنەوە گەڕانەوی سەرجەم لایەنەكان بۆ كەركوك بە گرنگ دەزانن
ئا / هەواڵ


گۆڕان دەڵێت: بوونی لایەنە سیاسییەكان پاڵپشتییەكی گەورەیە بۆ خەڵكی كەركوك، بزووتنەوەی ئیسلامیش بەلایەوە گرنگە حزبە كوردییەكان بێنەوە كەركوك و بارەگاكانیان ئاوەدان بكەنەوەو ئەنجومەنی پارێزگاش دەستبەكاربێتەوە، یەكێتییش پێیوایە كورد كە لە كەركوك نیوەی زیاتری شارەكە پێكدەهێنێت، ئەگەر حیزب و لایەنە سیاسییەكان بە جدی بێن و بەرگری لەم شارە بكەن، هیچ هێزێك توانای ئەوەی نابێ غەدر لە میللەتەكەمان بكات.

رەوەند مەلا مەحمود، جێگری یەكەمی لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی (ی. ن. ك)، بۆ (هەواڵ) رایگەیاند:" ئێستا كەركوك بە بارودۆخێكدا تێدەپەڕێت جیاوازی هەیە لەگەڵ پێش 16ی ئۆكتۆبەردا، ئێستا كاتی ئەوەیە حزبە كوردستانییەكان بێنە سەرخەت و بەرگری لە میللەتەكەیان و كێشە رەواكەیان بكەن"، ئاماژەی بەوەشكرد:"ناكرێت حزبەكان هەروەك ئەو رۆژانەی كە خۆیان بە چەكەوە حوكمڕان بوونە بیر بكەنەوە، ئێستا ئاستەنگی لەبەردەمماندا هەیە، كاتی ئەوەیە بەرگری لە میللەتەكەمان بكەین و هەوڵبدەین ئەگەر كەسێك دەیەوێت غەدر لە میللەتەكەمان بكات لێی قبوڵ نەكەین".
جێگری لێپرسراوی مەڵبەند وتیشی:" وەكو كورد لە كەركوك لە نیوەی شارەكە زیاترین، ئەگەر حزب و لایەنە سیاسییەكان بە جدی بێن و بەرگری لەم شارە بكەن، هیچ هێزێك توانای ئەوەی نابێ غەدر لە میللەتەكەمان بكات".
باسی لەوەشكرد:" بەرنامە گۆڕینی حیزبەكان بۆ ئەوەی لەگەڵ دۆخەكەدا بگونجێت، ئەوە كاتی دەوێت، بەڵام ئێمە لە یەكێتی دەستمان پێكردووە".
رەوەند مەلا مەحمود نەشیشاردەوە:" لە نەهاتنەوەی بەشێك لە حزبە كوردستانییەكان بۆ كەركوك زەرەری گەورەمان لێی كردووە، من پێموانییە ئەو حزبانە لەسەر كوردایەتی دووركەتبێتنەوە، چونكە لە شوێنەكانی تری عێراق لە بەغداو موسڵ و شەنگال دەوامی ئاسایی خۆیان دەكەن، بەڵام ئەوان داوای دەستكەوتی سیاسی و حزبی دەكەن، لەبەر بەرژوەندی حزبی و سیاسی نایەنەوە بۆ كەركوك، لایان ئاساییە كەركوك رووبەڕووی هەر كێشەیەك بێتەوە بۆیە خۆیان ناكەن بە خاوەنی و دەیانەوێت كورد لە كەركوك زیانی پێبكەوێت".
راشیگەیاند:" ئەگەر بەرژەوەندییە حزبییەكانیان وای نەكردبێت، ئەو حزبانە تێدەگەن ئەگەر ئێستا ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كۆببێتەوە، ئەو كاتە بەشێكی كێشەكانی كورد چارەسەر دەبێت، ئەوكات پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك دادەنێن، كە نایەن ئەوە بە ئەنقەستە، چونكە تائێستا هیچ كەسێكیان فەرمانی گرتنیان بۆ دەرنەچووە، ئەمە وادەكات گومانێكی جدی بكرێت لەوەی هەمیشە بەرژەوەندی حزبییان خستۆتەسەر بەرژوەندی میللەتەوە". 
بزوتنەوی گۆڕانیش لەكەركوك كە لە ئێستادا چالاكیە حزبیەكانی خۆیان دەستپێكردۆتەوە ئاماژە بۆ ئەوەدەكەن"پێویستە حزب و لایەنە كوردیەكان بە خۆیاندا بچنەوەو وەك پێش 16ی ئۆكتۆبەر سیاسەت نەكەن"، دەڵێنیش:"دەبێت سوود وەربگرین لەو هەڵانەی رابردوو بۆ ئەوەی بتوانین ئەو شكستانەی لە رابردوو هەبووە، قەرەبووی بكەینەوە یاخود بیوەستین تا زیاتر تەشەنە نەكات".
محەمەد نەسرەدین، سكرتێری مەكۆی كەركوكی بزوتنەوەی گۆڕان وتی:" لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، زۆر شت گرنگ بوون بۆ مانەوەی سیمای كوردبوون و كوردستانیبوونی كەركوك ، ئەویش مانەوەی خەڵكەكەی بوو، لە دوای ئەوەش مانەوەی لایەنە سیاسییەكان و كاركردنی كاری سیاسی لایەنەكان بوو لە شارەكە"، ئاماژەی بەوەشكرد:" بوونی لایەنە سیاسییەكان پاڵپشتییەكی گەورەیە بۆ خەڵكی شارەكە، بەڵام پێویستە ئەم لایەنە سیاسییانەش پەند لە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و پێش ئەوەش وەربگرن، كەواتە بۆ ئەوەی پاڵپشتییەكی باشی خەڵكی كەركوك  بن و سیمای كوردستانیبوونی شارەكە بە خەڵك و حزبە سیاسییەكانەوە بمێنێت، ئەو حزبە سیاسییانەش بە خۆدا بچنەوەو وەك پێش 16ی ئۆكتۆبەر سیاسەت نەكەن و بە عەقڵیەتێكی نوێوە كە بگونجێت لەگەڵ ئەم سەردەمەو سود وەربگرین لەو هەڵانەی رابردوو بۆ ئەوەی بتوانین ئەو شكستانەی لە رابردوو هەبووە، قەرەبووی بكەینەوە یاخود بیوەستین تا زیاتر تەشەنە نەكات".
محەمەد نەسرەدین، وتیشی:" مانەوەی لایەنە سیاسییەكان لە كەركوك زۆر گرنگە، بەڵام گرنگتر لەوە دەبێ بە عەقڵیەت و شێوازێكی نوێ سیاسەت بكەین، كە گونجاو بێت لەگەڵ ئەم سەردەمە، پاڵپشتی راسەقینەی خەڵكیش بن، بەرژەوەندی خەڵكی شارەكە بخەینە پێش بەرژەوەندی حزبی".
باسی لەوەشكرد:" ئەگەر بێتو سوربین لەسەر عەقڵیەتی رابردوو، بەو شێوەیە سیاسەت بكەین، ئەوە ئەوەی ماویشمانە لە دەستی دەدەین، ئەو كات خەڵكیش متمانەی بە حزبە سیاسییەكان نامێنێت، ئەو كاتە كە پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەكان و كوردی شارەكە بگاتە ئاستی نەمان ، ئەو كاتە كوردستانیبوونی كەركوك لە بەردەم مەترسییەكی گەورەدا دەبێت".
نەشیشاردەوە:" ئەوەی لە رابردودا رێگربووە لەبەردەم كۆدەنگی نێو لایەنە سیاسییەكان بەرژەوەندی حزبی و عەقڵیەتی سیاسەتكردنی حزبەكان بووە، پێویستە ئەولەویەتمان بكەینە بەرژوەندی خەڵكی كەركوك و كوردستانیبوونی شارەكە، ئەم دوو بەرژەوەندییە كۆماندەكاتەوە، راستە بەرژەوەندی حزبی رێگرە لە كۆدەنگی، بەڵام بەرژەوەندی باڵای خەڵكی كەركوك بەسەرجەم پێكهاتەكانیەوە بە تایبەتی كورد، كوردستانیبوونی ئەم شارە دەتوانێت كۆمان بكاتەوە".
راشیگەیاند:" هەر لایەنێكی سیاسی خۆی بەخەمخۆری خەڵك و خاكی كەركوك بزانێت، دەبێ ئەمڕۆ بێتەوە كەركوك، لە كەركوك ئەوە بسەلمێنێت، چونكە خۆشەویستی و خەمخۆری كەركوك لەناو كەركوكەوە دەكرێت نەك لە دەرەوەی كەركوكەوە، ئەمڕۆ خەڵكی كەركوك باجی هەڵەی ئەو كەسانە دەدات كە بڕیاری سیاسییان لە دەست بوو، بۆیە ئەو لایەنە سیاسییانەی كە بەرپرس بوونە لە هەڵەكان دەبێ ئەمڕۆ ببێتە شەریكی خەڵكی كەركوك بۆ بازدان بەسەر ئەو هەڵەیەو هاوكاری خەڵكی كەركوك بێت بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە". 
لای خۆشیانەوە مەڵبەندی كەركوكی بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان، باس لەوە دەكەن بە گرنگی دەزانین لایەنە سیاسییە كوردیەكان بێنەوە كەركوك و بارەگاكانیان ئاوەدان بكەنەوە، هاوكات ئەوەشدەخەنەڕوو:"حاڵەتێكی ناسروشتی هەیە لە شارەكە، هەرچی بارەگا حزبیەكان هەیە، ئەو چالاكی و جموجۆڵەی پێشووی پێوە نەماوە، كە جاران هەبوون، ئەمەش كارێكی خراپە". 
حەسەن شێخانی، بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان، رایگەیاند:" دوای ئەو رووداوانەی كە لە دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم و 16ی ئۆكتۆبەر لە كەركوك روویاندا، نەیارانی كورد بە هەلێكی باشیانزانی بۆ ئەوەی هاوكێشەكان بەلای خۆیاندا بشكێننەوەو بە پیلانی دەرەكیش ئامرازێكیان كردەبەرو نیازەكانیان هاتەدی"، باسی لەوەشكرد:" ئێستا دوای ئەوەی كە پارێزگار لێرە نییەو ئەنجومەنی پارێزگا دەستبەكارنییە، قایمقامی شارەكەش لێرە نییە، سیاسەتێكی شۆڤێنیانە دژی بەرژەوەندییەكانی گەلی كورد دەگیرێتەبەر و تەعریب كردنێكی دیكە لە شارەكە بەردەوامە".
حەسەن شێخانی نەشیشاردەوە:" لە ئێستا كۆمەڵێك ئیجرائاتی زۆر توندو نادادپەروەرانە بەرانبەر بە حزبە كوردستانییەكان لە كەركوك دەكرێت، بۆ نمونە رێگە بە هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەسەر بارەگاكان نادرێت، بەمەرجێك هەموومان حزبی كوردستانین، لەبەر ئەوە مافی خۆمانە ئاڵای كوردستان هەڵبكەین، لەبەر ئەوە حاڵەتێكی ناسروشتی هەیە لە شارەكە، هەرچی بارەگاكان هەیە، ئەو چالاكی و جموجۆڵەی پێشووی پێوە نەماوە، كە جاران هەبوون، ئەمەش كارێكی خراپەو بارودۆخەكە نەهاتۆتە ئەو شێوە ئاساییەی كە خۆمان وەك كورد دەمانەوێت لە شارەكەدا.
بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی بزوتنەوەی ئیسلامی وتیشی:" ئێمە بە گرنگی دەزانین لایەنە سیاسییەكان بەتایبەتی حزبە كوردییەكان بێنەوە كەركوك و بارەگاكانیان ئاوەدان بكەنەوە، لە لایەكی دیكەشەوە ئەنجومەنی پارێزگا دەستبەكاربێتەوەو و پارێزگارێك بۆ كەركوك دابنرێت و قایمقامیش بگەڕێتەوە بۆ شارەكە، چونكە زۆر لایەنی ئیداری هەیە، قایمقام بەرپرسە وەك پشتگیری نیشتەجێبوون، لە ئێستادا وەك لە راگەیاندنەكانەوە باس دەكرێت خێزانێكی زۆر لە دەرەوەی كەركوكەوە بەرەو شارەكە دێن و ئەمەش كارێكی زۆر خراپەو بەپێویستی دەزانم هەموو حزبە كوردستانییەكان بگەڕێنەوە بۆ شارەكەو هەموان پێكەوە ئەم دۆخە تێپەڕێنین".

‌ 1340 جار بینراوه‌
12/23/2017 10:03:40 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
?? ?????????? ??????? ???? ?? ??? ???? ??????

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved