»  وتاری هەفتە
٢٠١٧ساڵی ئاوەژووكردنی مێژوو
بورهان حاجی سلێمان


هەرچەندە تاك و تەرا لە ڕۆژمێری گەلی كورددا چەند ساڵێك بدۆزینەوە كە هەندێك دڵخۆش، یان هەر هیچ نەبێت سەربەرزی كردبین، بەڵام بەلای منەوە ساڵی شوومی ٢٠١٧یەكێكە لە ساڵە هەرە پڕ نەهامەتییەكانی ئەو چەند ساڵەی گەلی كورد كە من تیایدا ژیاوم.
٢٠١٧ تەنها ساڵێكی دیكەی لە تەمەنمان نەكوشت، بەڵكو بە شایستەیی بكوژ بوو، بكوژی هەموو جوانیەك و دزی هەموو نقێم و مروارییە گرانبەهاكانی نێو چەمكی كوردایەتی بوو.
٢٠١٧ بكوژی ویژدان بوو، قودسێكی لە خاوەنەكەی سەند و قودسی گەلێكی دیكەی پێشكەش كرد!.
٢٠١٧ بكوژی رۆحی ئینتما بوو لەسەر دەستی بازرگانانی كوردایەتی و عەڕابەكانی ناسیۆنیالیستی موزەیەف و گەندەڵیەكانی دروشمبازان و دەسەڵاتێكی شكستخواردوو و ئۆپۆزسیۆنێكی بێ بەرنامەی نیشتمانی... 
ئەی ئەوە كوشتن نییە خەڵكی هەولێر و سلێمانی بە كەركوكییەكی شار داگیركراو بڵێن "خۆزگەمان بەخۆتان رزگارتان بوو"؟!
٢٠١٧بكوژی شكۆی كوردایەتی بوو، ئەو شكۆیەی ئەنفال و كیمیاباران و تەعریب و تەرحیل و تەبعیس و زیندان و گەمارۆی ئابووری  بەرزتری دەكردەوە، بەڵام سیاسەتی چەوتی ئابوری ناوخۆیی، تاكی كوردی زەلیلی پارووە نانێك كرد.
٢٠١٧بكوژی خەونی لە مێژینەی گەلی كورد بوو، هەموو سەروەتی كوردایەتی باڵانسی پێویست بۆ بە دەوڵەتبوونی لەسەر مێزی قوماری ریفراندۆمێك دانا، كە بە پێچەوانەی قومارێكی ئاسایی، هەموو كارتەكانی دۆڕاو بوون، قومارێك بوو دەبوایە بە گیرفانی بەتاڵەوە لێی هەڵسیت!.
٢٠١٧بكوژی حیكمەت بوو، حیكمەتی تاڵەبانی لە گۆڕناو حیزبەكەشی سەرلێشێواوكرد!
٢٠١٧بكوژی بوێری بوو، بوێری نەوشیروان مستەفای لە گۆڕناو حیزبەكەشی بێ ئیرادە كرد!.
٢٠١٧ بكوژی رەمزەكانی دیكە بوو، كە هەرچەندە روحی نەبردن، بەڵام زیندەچاڵی كردن!.
٢٠١٧چەقۆی ژەنگاوی لەتكردنی نیشتمان و ئەتككردنی نیوەی خاكەكەی بوو.
٢٠١٧بكوژی رێڕەوی سروشتی مێژوو بوو، ئەو ساڵە شوومە هەموو پیرۆزییەكانی ئاوەژووكردەوە.. لە كەركوك ئاڵای داگیركەری دایە دەستی پێشمەرگەوە، دەربارەكانی بابولعالی كردە كوردپەروەری عەیار (٢٤)، تاڵە مووی نێوان نیشتمان و نیشتمانپەروەری پچڕاند، دەریای متمانەی نێوان هاوڵاتیانی ئەمڕۆ و شۆڕشگێڕەكانی دوێنیی وشككرد، شاخی جیاوازی نێوان پاكنوودەكانی نیشتمان و سۆزانییەكانی كوردایەتی لەگەڵ زەوی داوێنپیسیدا تەخت كرد.
لە هەمووی ناخۆشتر ٢٠١٧ ئەو ساڵە نەگریس و چەتوونەی مێژووی كورد زاكیرەی سڕینەوە، چونكە قایل نەبوو بڕوات هەتاكو نوری مالیكی لە سەرمەشقی دوژمنایەتی كورد و ئەندازیاری نان بڕی گەلی كوردستانەوە نەكاتە فریشتەی داڵانەكانی سیاسەتی عێراق و فریادڕەسی گەلی كوردی برسی!.
٢٠١٧لە دوای كوشتنمان تووڕمان دەداتە ٢٠١٨ـەوە، وەكو گەلێكی تێكشكاوی رۆح مردوو، لە شەوی ساڵی نوێدا جارێكی دیكە چاوەڕوانین بابا نۆئێلەكانی سیاسەتی نێودەوڵەتی و هاوكێشە جیهانیەكان لە تورەكەی دیارییەكانیاندا چانسێكی دیكەی بۆ كورد تیابێت... 
بەو هیوای ئەمجارە لە بری بیرە نەوت و سەفتە دۆلار لە هەمبانەكەیدا هەندێك هۆشی بۆمان هەڵگرتبێت! چونكە٢٠١٧ ئەمریكا و ئێران بوو، هات و بە دڕاندنی لەسەر دەفتەری رۆژمێرەكان ناڕوات..

‌ 1855 جار بینراوه‌
12/31/2017 12:20:35 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved