»  وتاری هەفتە
ئایا ئەمریكا سەری زێرابێكی تر هەڵدەداتەوە؟!
بورهان حاجی سلێمان



تاكو دوا رۆژەكانی 2017 ئێران بەوە پێناسە دەكرا كە یەكێكە لە وڵاتە سەقامگیرەكان، لەوەش زیاتر، لەڕێگەی بوونی قوڵایی مەزهەبی، كاریگەری گەورەی لەسەر تێكدانی سەقامگیری وڵاتانی دیكە هەبووەو دەستی واڵابووە لەدەستەوردان لەكاروباری ناوخۆی وڵاتان، بەجۆرێك زۆر جار لەپرسە نێودەوڵەتییە گرنگدا، لەبری مۆسكۆ، شان بەشانی واشنتۆن ناوی تاران دەهات، بەتایبەتی لەپرسەكانی هەرێم و عێراق و سوریاو یەمەن و لوبنان، كە برابەش ئەو وڵاتانەیان لەنێوان خۆیان دابەشكردبوو، لەزۆربەشیاندا زەوی بۆ ئێران، ئاسمانەكەشی بۆ ئەمریكا! بەڵام لەچەند رۆژی رابردوودا خۆپیشاندان و دۆخی شڵەژاوی ئەو وڵاتە بووە بابەتی سەرەكی میدیا جیهانییەكان و فۆكسی لەسەر ناوچە گڕگرتووەكانی دیكەی جیهان لاداوەو چۆتەسەر تاران.
رووداوەكانی ئێران جگە لەوەی دەروازەیەكە بۆ بوژاندنەوەی ئامانجی گۆڕانكاری لەنەخشەو هاوكێشە سیاسیەكانی ناوچەكە، هاوكات پەیامێكیشە بۆ دەسەڵاتدارانی ناوچەكە تاكو كەس بە تۆكمەیی ئەمنیەتی ناوخۆیی و سەنگەرە دەرەكییەكانی لەناو خاكی وڵاتانی تر نەنازێت، بە تایبەتی بۆ توركیا كە ترسی لێنیشتووەو هەست دەكات نۆرەی زۆر نزیك بووەتەوەو بەتوندی شتگیری لە حكومەتی تران دەكات.
بەگشتی روخانی ئێران (كە زۆرێكی شاگەشكە كردووە، بەڵام من لەئێستا بەئەگەرێكی نزیك مەودای نابینم) سوودگەلێكی زۆری بۆ جیهان و ناوچەكە تێدایە كە لەهەژمار نایەن، بەڵام چەند پرسیارێك سەبارەت بە ئایندەی ئەو وڵاتە پێویستیان بە وەڵامە:
ئایا كوردانی رۆژهەڵات و حیزبە پەرشوبڵاوەكانی تا چەند ئامادەی گۆڕانكارییەكی لەو جۆرەن، بە كام ئەزمونەوە دەچنەوە رۆژهەڵات؟ باشور یان رۆژئاوا؟ 
جوگرافیای نەتەوەیی و مەزهەبی ئێران، رۆژهەڵاتی كوردستانی لە چ كێڵگەیەكی میندا گەمارۆداوە؟ 
ئازەرییەكان سنورێكی تێكئاڵۆسكاویان لەگەڵ كورددا هەیە وەكو توركمانەكانی خورماتوون كە بۆ دژایەتیكردنی نەتەوەیی و مەزهەبی كورد، ئێران و توركیا پشتگیریان دەكات و سەركەوتوش بوون تیایدا... بۆ دووبارەنەبوونەوەی سیناریۆی خورماتوو و داقوق، چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت؟
تائێستا بەدیلی رژێمی ئێران روون نییە، حیزبێكی مەدەنی بوونی نییە، موجاهدینی خەڵق دوژمنی كوردەو هێشتا لە لیستی تیرۆری ئەمریكادایە، حیزبی تودەو پارتە چەپەكان سەنگی جارانیان نەماوە، ئۆپۆزسیۆنی عیلمانی لە ناوەڕاستی هەشتاكانی سەدەی رابردووەوە كاریگەری نەماوە، بەرەی نیشتمانی دیموكراتی و پارتی ئازادی ئێران پێگەی جەماوەریان لەناوخۆ لەدەستداوە، ئەم بۆشاییەش دەبێتە هۆی بەهێزتربوونی تیرۆرو دەرگا بۆ دروستبوونی گروپی چەكداری شیعی و سوننی و عیرقی زیاد دەكات و دەرگای جەنگێكی ئەهلی هاوشێوەی ئەوەی لە عێراق رویدا واڵادەكات.
لەڕووی سیاسیشەوە ئایا بۆ ئەم قۆناغە مانەوەی ئێرانێكی گۆشەگیر، بەڵام لاوازتر لەئێستا باشتر نییە لە رژێمێكی نوێ كە پشتگیری نێودەوڵەتی هەبێت، وەكو ئەو پشتگیریەی ئێستا بەغدا هەیەتی؟
دوابەدوای روخانی رژێمی بەعس و سەرهەڵدانی توندوتیژی، لە ریپۆرتاژێكی تەلەفزیۆنیدا پیرەمێردێك بە سادەیی وتی: “سەدام سەری زێرابێكی بۆن ناخۆش بوو، ئەمریكا لایدا... هێشتا لە كوێمانە!!”..
پرسیارە گەورەكەش ئەوەیە: ئایا ئەمریكا بەبێ ئامادەسازیی پێویست، ئامادەیە سەری زێرابێكی بۆن ناخۆشتر لەوەی عێراق هەڵبداتەوە؟!




‌ 533 جار بینراوه‌
1/6/2018 9:56:54 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved