»  کوردستان
فەرماندەی فیرقەی 20: هەڵمەتی گەڕان بە دوای پاشماوەكانی داعش سەرجەم ناوچەكان دەگرێتەوە
 رەوان تاڵیب



ماوەی چەند رۆژێكە باس لە جموجۆڵی پاشماوەی چەكدارانی داعش لە سنورەكانی كەركوك دەكرێت و فەرماندەیەكی سەربازیش رایدەگەیەنێت:” هەڵمەتەكانیان دژی پاشماوەكانی داعش دەستیپێكردووەو بەردەوام دەبن”. 
عەمید روكن شێرزاد عەزیز كافرۆشی، فەرماندەی فیرقەی20ی سوپای عێراق لە كەركوك، لە لێدوانێكدا تایبەت بۆ (هەواڵ)، رایگەیاند:”لە رۆژی پێنجشەممەی رابردووەوە ئۆپراسیۆنی پاكردنەوەی قەزای حەویجە لە پاشماوەی تیرۆریستانی داعش  دەستیپێكردووە “، ئەوەشیخستەڕوو:”بەشێك لەو تیرۆریستانە هەڵهاتوون و چونەتە زورگەكانی پشتی قەزای دوبزەوە”.
بەوتەی فەرماندەی فیرقەی20ی سوپای عێراق لە كەركوك، لەو تیرۆریستانەی هەڵهاتوون  چەند كەسێكیان لێكوژراون و دەستگیركراون، هاوكات ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:”پرۆسەی پاكردنەوەی تیرۆریستان بەردەوامی هەیەو 4 كەسیان لێ كوژراوەو چەند كەسێكشیان بەدیل گیراون”.
عەمید روكن شێرزاد عەزیز كافرۆشی، راشیگەیاند:”لە حەویجە لە چوار شوێنەوە هەڵمەتی پاكردنەوەی تیرۆریستان دەستیپێكردووەو پرۆسەكەش ماوەی هەفتەیەك بۆ دە رۆژ دەخایەنێت”، هاوكات باسی لەوەشكرد:”هەڵمەتی پاكردنەوەی ئەو ناوچەو قەزایانەی كە پاشماوەی تیرۆریستانی داعشی تێدایە بەردەوام دەبێت”.
فەرماندەی فیرقەی20ی سوپای عێراق لە كەركوك، ئاشكراشیكرد:”هەڵمەتەكە گشتگیرەو سەرجەم ئەو ناوچانە دەگرێتەوە كە مەترسی و بوونی داعشیان لێدەكرێت”. 




 

‌ 887 جار بینراوه‌
1/6/2018 10:05:59 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved