»  کوردستان
دامەزرێنەرێكی ئاكەپە باس لەكەوتنی ئەردۆگان دەكات خۆپیشاندانەكانی ئێران توركیاش دەترسێنێت




روداوەكانی ئێران رژێمی ئاكەپە لە توركیا دەتۆقێنێت و دامەزرێنەرێكی  ئاكەپەش دەڵێت ئەوەی لە توركیا دەگوزەرێت هیچی لە ئێران كەمتر نییەو پێیشیوایە بەم نزیكانە رژێمەكەی ئەردۆگان دەڕوخێت.
رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران، پاڵپشتی خۆی بۆ سەركوتكردنی راپەڕینە سەرانسەرییەكەی ئێران دەردەبڕێت و جەخت لە سەقامگیری و ئاشتی گەلانی ئێران دەكاتەوەو خۆپیشاندانەكانیش بە نایاسایی و دەستتێوەردانی دەرەكی لە قەڵەم دەدات و رۆحانیش سوپاسگوزرای دەكات و دەڵێت:” گێرەشێوێنەكان لە ماوەیەكی كەمدا كۆتاییان پێدێت.
هەر لەو بارەیەوە عەبدوللەتیف شەنیر، پەرلەمانتاری پێشووی توركیا و سەربە پارتی دادوگەشەپێدان، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی ( زەمانی توركی) دەڵێت:” ئەردۆگان هیچ دۆستێكی نییە، ئەو هاوسۆزییەی لەگەڵ ئێران دەیكات، بە تەنها لە خزمەتی خۆی و دەسەڵاتەكەیەتی”، ئاماژە بەوەشدەكات:” ئەردۆگان بەم سیاسەتە ناهەموارەی دەیەوێت  زیاتر لە بەهای دیموكراسی دووربكەوێتەوەو لە هەڕەشەی لەناوچوون و داڕووخان نزیك دەبێتەوە”.
ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی توركیا پێیشیوایە، ئەوەی ئێستا لە توركیا دەگوزەرێت، هیچی لە ئێران كەمتر نییەو تاك حزب و تاك دەسەڵات وڵات بەڕێوەدەبەن و نەتەوەكانی تریش سەركوت دەكرێن و رۆژنامەنوسان و میدیاكاران زیندانی دەكرێن و ئازادیخوازان بەتیرۆر ناوزەد دەكرێن و سوپا خراوەتە خزمەتی حزب و دەسەڵاتی ئەردۆگان و چاودێری توندی لەسەرە.
چاودێرانی سیاسی دەشڵێن:” توركیاو ئێران مێژوویەكی دانەبڕاویان هەیە لە دژایەتی رەگەزی و مەزهەبی، بەڵام پێشهاتەكان و رووداوەكانی ئەم دواییە بەتایبەتی دامەزراندنی هەرێمێكی سەربەخۆ بۆ كورد لە كوردستانی عێراق و دواتر لە رۆژئاوای كوردستان و تەشەنەكردنی تیرۆر و دروستبوونی حزبە ئیسلامییە توندڕەوەكان و كاردانەوەیان بەسەر بارودۆخی سوریا، ئەم دوو وڵاتەی زیاتر لە یەكتر نزیككردۆتەوە بەو پلەیەی بەرژەوەندی هاوبەش و پەیوەندی دیپلۆماسی و بازرگانی لە نێوانیان سەریهەڵداوە”.
شەنیر لە چاوپێكەوتنەكەدا ئاماژە بەوەشدەدات:” گەورەترین هەڵەی ئەردۆگان روبەڕوبوونەوەی بڕیاری (قودس پایتەختی ئیسرائیل) بوو، ئەمەش بووە هۆی دابەزینی پەیوەندییە دیپلۆماتییەكانی بە وڵاتە زلهێزەكانی جیهان و پێشتریش گشتپرسی كرد لە 16/4/2017 بۆ ئەوەی گۆڕانكاری ریشەیی لە دەستوردا بكات”.
ئاشكراشیدەكات:” ئەمڕۆ حكومەتی توركی هاوشێوەی (56) وڵاتی تری ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وێڕای ئەوەی كە خۆی بە حكومەتێكی بەهێز دەزانێت روو لە داڕووخانە، دەزانێت هەر گۆڕانكارییەكی لەناكاو لە ناوچەكە كاریگەری نەرێنی بەسەرەوە دەبێت و ئەگەری هەیە توركیا لە ئایندەیەكی نزیكدا تووشی ئاریشەیەكی سیاسی گەورە بكات و روو لە داڕووخان بكات”. 

‌ 988 جار بینراوه‌
1/6/2018 10:07:22 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved