»  کوردستان
لە (158) هەزار دەنگدەر تەنها (16000) كەس كارتەكەی هەیە - هەڵگرتنی مەرجی كارتی بایۆمەتری بۆ حەویجە دەرگای تەزویر دەكاتەوە
 رەوان تاڵیب



لە كۆی 158 هەزار دەنگدەر لە قەزای حەویجە تەنها 16 هەزار دەنگدەر كارتی بایۆمەتریان بۆ دەركراوە، كۆمسیۆنیش ئامادەیی پیشانداوە كارتێكی تریان لە شێوەی هەڵبژاردنی 2014 بۆ دەربكات، ئەوەش بواری تەزویر لەو قەزایە زیاد دەكات.
رێبوار تەها، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانێكیدا بۆ (هەواڵ)، رایگەیاند:”بە دوو مەرج كۆمسیۆمی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق ئامادەی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان لە عێراق، مەرجەكانی كۆمسیۆنیش بریتین لەوەی تا 16ی ئەم مانگە یاسای هەڵبژاردنەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەموار بكرێنەوەو پارەش لەلایەن حكومەتەوە دابین بكرێت”.
بەوتەی ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەو ناوچانەی كە داعش دەستی بەسەردا گرتووە لە ناویاندا قەزای حەویجە، كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە، كە كارتی بایۆمەتریان بۆ نەكراوە، بەڵكو ئەو شوێنانە كارتێكی دیكەی ئەلیكترۆنیان بۆ دروستدەكەن بە هەمانشێوەی ئەو كارتەی لە هەڵبژاردنەكانی رابردوو كاری پێكراوە، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:” 158 هەزار دەنگدەر لە حەویجە هەیەو تەنها  16 هەزار دەنگدەر كارتی بایۆمەتریان بۆ دەركراوە”.
رێبوار تەها، باسی لەوەشكرد:”كۆمسیۆن ئامادەییان پیشانداوە كە بەبێ بوونی بایۆمەتری هەڵبژاردن ئەنجامبدەن لەو ناوچانەو جیاواز لە شارو ناوچەكانی دیكە”.
وتیشی:”نوێنەرانی حەویجە تەئكیدەكەنەوە كە كارتی بایۆمەتری بۆ دەنگدەرانی حەویجە دەربكرێت، بەڵام كۆمسیۆن وتویەتی ناتوانرێت ئەو كارتە دەربكرێت لەو ماوەیەدا”.
هەروەها ئاشكراشیكرد:”كارتی بایۆمەتری رێگری لە بوونی هەر حاڵەتێكی تەزویركردن دەگرێت، بەڵام ئەو كارتەی دروستدەكرێت بۆ دەنگدەرانی حەویجە بەو شێوەیە نیە كە بتوانێت حاڵەتی تەزویر بە تەواوی بنبڕ بكات”.

‌ 894 جار بینراوه‌
1/6/2018 10:08:32 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved