»  راپۆرت
داوا دەكرێت كورد بە یەك لیست لە كەركوك بەشداری لە هەڵبژاردنەكان بكات



حیزب و لایەنە سیاسییەكوردستانییەكان لە كەركوك پێیان باشە، كورد بە یەك لیست بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بكات، كۆمسیۆنیش دەڵێت:” هەموو ئامادەكارییەكمان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان كردووەو دوا بڕیاریش لای ئەنجومەنی نوێنەرانە”.

یەكێتی پێی باشە كورد بە یەك لیست بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاو ئەنجومەنی نوێنەران بكات.
رەوەند مەلا مەحمود، جێگری یەكەمی لێپرسراوی مەڵبەندی رێكخستنی (ی.ن.ك) لە كەركوك بۆ (هەواڵ) رایگەیاند:” ئێمە وەك یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، نامەیەكی رەسمیمان بۆ سەرجەم حیزبە كوردستانییەكان ناردووەو تێیدا داوامان لێكردوون هەموومان پێكەوە لە كەركوك بە یەك لیست بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاو ئەنجومەنی نوێنەران دابەزین، بۆ ئەوەی پێكەوە كار بكەین”.
وتیشی:” چاوەڕوانی وەڵامی حزبە كوردستانییەكانین، بۆ ئەوەی رای ئەوانیش لەبەشداریكردن بە یەك لیست لە هەڵبژاردنەكان بزانین”.
رەوەند مەلا مەحمود پێشیوابوو:” لەم دۆخەی ئێستادا كە دۆخی كەركوك ئاسایی نەبۆتەوە، چونە نێو پرۆسەی هەڵبژاردنەوە، زەرەربێت یاخود قازانج ئەوە دەوەستێتەسەر بارودۆخی ناوچەكە كە چەندێ لە بەرژەوەندیماندایە، هەروەها رەنگە بە ئاسانیش هەڵبژاردنەكان دوا نەخرێت، بۆیە ئێمە لە ئێستادا خۆمان ئامادە دەكەین بۆ ئەوەی كە هەڵبژاردن كەی و چۆن دەكرێت”.
باسی لەوەشكرد:” پێویستە لە كاتی هەڵبژاردنەكان كورد بە گوڕو تینەوە بچێتە سەر سندوقەكانی دەنگدان و دەنگی خۆی بدات”.
ئەگەر رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە كەركوك سەرپەرشتی راستەوخۆی هەڵبژاردنەكان بكات، هەنگاوێكی باشتر دەبێت.
حەكیم عوبێد بەرپرسی مەكۆی بزوتنەوەی گۆڕان لە كەركوك وتی:” لەو بارەیەوە لە نێو حزبە كوردستانییەكان كۆبوونەوەیەكمان كردووەو لەو كۆبوونەوەیەدا باسی بابەتی هەڵبژاردن كراوە، ئەگەر بێتوو بڕیاری كۆتایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەرچوو هەڵبژاردن بكرێت، رەنگە لە كاتێكی زۆر نزیكدا كۆبوونەوەی دووەمیش بكەین، بۆ ئەوەی لەناو خۆماندا لەنێو حزبە كوردستانییەكان كفتوگۆی ئەوە بكەین رێگە چارەیەك بدۆزینەوە بۆ ئەم قۆناغەی ئەمڕۆ”، ئاماژەی بەوەشكرد:” بەراستی پێوست دەكات ئەو بڕیارە بدەین، چونكە هەموو لایەنە سیاسییەكان لای خۆیانەوە گفتوگۆیان لەو بارەیەوە كردووە”.
حەكیم عوبێد وتیشی:” ئێمە بڕوامان بە یەكڕیزی هەیە، ئەگەر كورد یەكدەنگ و یەكڕەنگ بێت ئەوە شتێكی باشە بەتایبەتی بۆ كەركوك، چونكە كەركوك پرسێكی نەتەوەیی و نیشتیمانییە پێویستە دەكات ئێمە لێرەدا زیاتر لەسەر ئەو هەنگاوە بڕۆین، بەڵام ئەمە دەوەستێتەوە سەر بۆچۆونی هەموو لایەنە سیاسییەكان “. 
باسی لەوەشكرد:” پێویستە لە عێراق و هەرێمی كوردستان سندوقی دەنگدان یەكلاكەرەوەی ململانێكان بێت نەك هێزی چەك، ئێمە بۆ خۆمان باوەڕمان بە سندوقی دەنگدان و هەڵبژاردن هەیە، لە كەركوكیش گۆڕانكارییەك هاتۆتە پێش پێویستە ئێمە بزانین هەڵبژاردنەكان لە كەركوك چۆن دەكرێت، ئەگەر بێتو رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە كەركوك سەرپەرشتی راستەوخۆی هەڵبژاردنەكان بكات، رەنگە هەنگاوێكی ئیجابی باشتر بێت لە هەموو رووەكانەوە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بێت و فشاری تێدا نەبێت”.
ئاشكراشیكرد:” ئێستا بارودۆخی كوردو كەركوك ئەوە دەخوازێت كە زۆر بە وردی مامەڵە لەگەڵ كەركوك و رووداوەكانی هەڵبژاردن بكەین”.
كۆمسیۆن هەموو ئامادەكارییەكی بۆ هەڵبژاردنەكان كردووەو دوا بڕیاریش لای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە. 
رزگار حاجی حەمە، جێگری سەرۆكی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند:” تائێستا (204) قەوارەی سیاسی خۆیان لە كۆمسیۆن بۆ هەڵبژاردنەكان تۆمار كردووەو سەرجەم قەوارە كوردییەكانیشی تێدایە”.
رزگار حاجی حەمە وتیشی:” ئەگەر هیچ گۆڕانكارییەك لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە لە سیستم و شێوازی هەڵبژاردنەكان نەكرێت، ئەم هەڵبژاردنەش هەروەكو هەڵبژاردنەكەی پێشوو بە سیستمی سانتلیگۆ بەڕێوەدەچێت”.
ئاماژەی بەوەشكرد:” ئێمە وەكو كۆمسیۆن هەموو ئامادەكارییەكمان كردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بڕیاری كۆتاییش بۆ ئەنجامدان یاخود دواخستنی هەڵبژاردنەكان لای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە”.
ئاشكراشیكرد:” لە كۆبونەوەیەكماندا لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەڵێنی ئەوەی داوە ئاسایشی سەرجەم پارێزگاكان بپارێزێت بۆ كاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن”.


‌ 1220 جار بینراوه‌
1/6/2018 10:08:58 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved