»  راپۆرت
پەڵكانە.. چەقی قۆناغی نوێی تەعریب


گوندی پەڵكانەی رۆژاوای شاری كەركوك، لە لایەن هاوردە كۆنەكانەوە بە هاوكاری پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت و سوپاو پۆلیسی فیدرالی عێراقی هەوڵی داگیركردنەوەی زەوی و زاری كوردو تەعریب كردنەوەی ناوچەكە دەدەن، بەوتەی لێپرسراوی كۆمیتەی سەرگەڕانیش وێڕای هەوڵەكان تا ئێستا عەرەبە هاوردەكان لە ناوچەكە ماون و رۆژانەش ژمارەیان زیاد، ئەندامێكی ئەنجومەنی ناحیەكەش دەڵێت نەگەڕانەوەی ئەندامانی لیستی برایەتی، وایكردووە ئەو كێشەیە وەك خۆی بمێنێتەوە، چاودێرێكیش دەڵێت ئەو پۆستە ئیداریانەی لەلایەن پارتییەوە چۆڵكراون ناحەزانی كورد سوودیان لێ دەبینن. 

یوسف محەمەد لێپرسراوی كۆمیتەی رێكخستنی(ی.ن.ك) لە سەرگەڕان رایگەیاند:” سەرەڕای هەوڵەكان بۆچارەسەركرنی ئەو دۆخەكە، بەڵام تائێستا دۆخەكە هەر وەك خۆی ماوەتەوە”، وتیشی:” ئەو عەرەبانەی بۆ ناوچەكە هاتوون تائێستا نەڕۆیشتوونەتەوەو ماونەتەوەو لەلایەن پۆلیسی فیدراڵی عێراقەوە پاسەوانی دەكرێن، ئێستا هەردوولامان بەرانبەر بە یەكتر وەستاوین”، باسی لەوەشكرد:” نوێنەرانی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هەوڵیان بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە داوە، بەڵام بەهۆی پشووەكانەوە تائێستا دۆخەكە بە تەواوی چارەسەر نەكراوە، راكان سەعید پارێزگاری كەركوكیش بە وەكالەت داوای كردووە لەسەر ئەو كێشەیە كۆبوونەوەیەكیان لەگەڵ بكات “..
لێپرسراوی كۆمیتەی سەرگەڕان ئاشكراشیكرد:” فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدا هاتووە و لەگەڵ ئێمەو عەرەبە هاوردەكان دانیشتنی كردووە و بە ئێمەی وت كەس ناتوانێ دەرتان بكات، بەڵام بابزانین دواتر ئەنجامەكان بە كوێ دەگەن، چونكە تا ئێستا ئەو عەرەبە هاوردانە لەناوچەكە ماون و رۆژانەش ژمارەیان زیاد دەكات”.
یوسف محەمەد نەشیشاردەوە:” ئەو كێشەیەی لە ناوچەكە دروستبووە، پشتگیری و دەستی تری لە پشتەوەیە بۆ تەعریبكردنەوەی ناوچەكە، ئەگەر بڕیارێك لەسەرووی خۆیانەوە نەبێت و پشتگیری نەكرێن ئەو عەرەبانە ناتوانن بەو شێوەیە بێنە ناوچەكە”، راشیگەیاند:” لە ساڵی 1975 بە بڕیارێكی (مجلس قیادە الپورە) كۆمەڵێك عەرەبی سعودی هاوردەی سنورەكە كراون و ئەمڕۆش جارێكی تر هاتوونەتەوەو دەشڵێن ئەوە جێگاو شوێنی ئێمەیەو خەڵكی رەسەنی ناوچەكە بۆ دەرەوەو ئێمە لێرە دەمێنینەوە”.
بە وتەی لێپرسراوی كۆمیتەی سەرگەڕان، ئەو كێشەیەی چەند رۆژێكە رووبەڕووی سنورەكەیان بۆتەوە، راگواستن و بە عەرەبكردنێكی بەرنامە بۆداڕێژراوەو ئەو سنورەش كلیلەكەیەتی”، ئاماژەی بەوەشكرد:” بەشێك لە كێشەكان بە هۆی خەمساردی و ناتەبایی كورد خۆیەتی و ئەگەر ئێستا ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دەستبەكاربوایەو ئەندامانی لیستی برایەتی بگەڕابانەوە بۆ كەركوك ئە كێشانە بەو شێوەیە رووی نادا”.
عبدولوەهاب سەعید حەمەئەمین، ئەندامی ئەنجومەنی ناحیەی سەرگەڕان و دانیشتوی گوندی پەڵكانەش وتی:” دروستبوونی ئەو كێشەیە لەلایەن حكومەتی بەغداو كەركوكەوە بەرنامەڕێژی بۆكراوە”، وتیشی:” وەكو ئەنجومەنی ناحیەی سەرگەڕان سكاڵامان لە دادگا لەسەر كێشەكە تۆماركردووە”.
نەشیشاردەوە:” نەگەڕانەوەی ئەندامانی لیستی برایەتی و دانەنیشتی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، وایكردووە ئەو كێشەیە وەك خۆی بمێنێتەوە، چونكە لە رووی یاساییەوە ئەنجومەنی ناحیە ئەنجومەنی پارێزگا ئاگادار دەكاتەوە بۆ چارسەركردنی كێشەكە”. 
شێرزاد سەمەد چاودێری سیاسیش رایگەیاند:” بە هۆی ئەو بارودۆخەی كە لە كەركوك روویدا بەتایبەتی 16ی ئۆكتۆبەرو تا ئێستا سەركردایەتی سیاسی كورد لەبەر ململانێی و بەرژەوەندی حزبی و نەبوونی كۆدەنگی، وایكردووە كە كەركوك لەبەر چاوی نەیاران وا دەربكەوێت كە كورد تیایدا شكستیهێناوە”.
وتیشی :” هەموو حكومەتەكانی عێراقیش تا ئەمڕۆ هەموو چاویان لەسەر كەركوكە، هەر لە دامەزراندنی كۆمپانیای نەوتی كەركوكەوە تا ئەمڕۆ تەعریب بە چەند قۆناغێك لە كەركوك بەردەوامە، لەبەر ئەوەی كەركوك شارێكە لە رووی ئاوو هەواو ئابوری و ناوچەیەكە كە وەك سەنتەری عێراقە و بۆكشتوكاڵیش خاكێكی لەبارە، هەربۆیە هەموو خەڵك چاوی لەوەیە لێرە نیشتەجێ بێت، لەبەر ئەوە تەعریب هیچ كات ناوەستێ”.
باسی لەوەشكرد:” راستە كەركوك ناوچەی كێشە لەسەرەو لایەنی بەرانبەر هەوڵدەدات خۆی زاڵ بكات، بەڵام دەبێ كوردیش رێگری لێ بكات، ئێستا ئەو پۆستە ئیدارییانەی ناو كەركوك، كە لەلایەن پارتییەوە چۆڵكراون ئەوەش هۆكارن بۆ ئەوەی نەیاران سودی لێ ببینن”.
وتیشی:” دەبێ كورد یەك سیاسەتی هەبێت، بەتایبەتی یەكێتیش كە خاوەنی كەركەكە، پێویستە پارسەنگی ئێرە لەگەڵ پارسەنگی حكومەتی هەرێم بخاتە بەرانبەر یەك، چۆن یەكێتی لە سلێمانی وەك كۆڵەگەیەك حكومەتی هەرێمی راگرتووەو ناهێڵێ بڕوخێ، دەبێ پارتیش بەهەمانشێوە بیر لەو ناوچانەی كەركوك بكاتەوە كە رووبەڕووی تەعریب دەبنەوە ”. 
نەشیشاردەوە:” ئەگەر رێگری لەو تەعریبە نەكرێت، زیاتر تەنەشە دەكات بەتایبەتی لەو ناوچانەی تەماسن، چۆن حەویجە زەمانێك تەعریب كراو هۆزەكان عەرەب لە ناوچەكانی ترەوە هاتن و نیشتەجێ بوون لێی، كە لە بنەڕەتدا خاكی كوردستانیشە، ئێستا وایلێهاتووە كە حەویجە وەك ناوچەیەكی عەرەبی دەردەكەوێت، بەهیچ مێژوویەكیش خاكی عەرەب نەبووە، هەروەها بەشێك لەو ناوچانەی كە لە ساڵی 1963 دەركراون، ئێستا ئەو ناوچانە شێوەیەكی عەرەبیان وەرگرتووە، وەك ناوچەیەكی كوردی، ئەمەی ئێستاش لە ناوچەی سەرگەڕان دەكرێت سەرەتای تەعریبەو داڕووخانی سیاسەتی كوردییە لەو ناوچانە”.


‌ 1091 جار بینراوه‌
1/6/2018 10:09:25 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved