»  شەکری تاڵ
دووفــاقی حیـــزبە كوردستانییەكان




یەكێك لەو رەخنە رەواو توندانەی لە حكومەتی هەرێمی دەگیرێت، پێكهاتەی ئەو وەفدە حكومییانەیە كە بۆ دانوستان و دانیشتن لەگەڵ بەغدا یان بۆ دەرەوەی وڵات پێكدەهێنراو  دەنێردرا، كە زۆربەی هەرە زۆری ئەندامەكانی لە پارتی دیموكراتی كوردستان دەبوون و جارجاریش بۆ تام و خوێ یەكێتییەك یان دوانیان لەگەڵ خۆیان دەبرد.
لای رۆشنبیران و خەمخۆرانی گەلی كورد ئەو رەخنانە تەنها لە پێناو رەخنەو شكاندنەوەی یەكتری نەبوو، بەڵكو لە سۆنگەی بەرژەوەندی باڵای گەلی كوردستانەوە بوو، تا ئەو وەفدانە ببن بە دەنگی راستەقینەی هەموو كوردستانیان بە هەموو رەنگ و دەنگە جیاوازەكانیەوە، ئەوەش لە پێناو ئەوەی ئەو سەردانانە بۆ دەستكەوت و بەرژوەندی حیزبی لەسەر حیسابی بەرژوەندی باڵای نەتەوەیی نەبێت.
بە هەمانشێوە ئەو حیزبانەی كە هەمیشە قاچێكیان لەناو حكومەت و قاچێكیشیان ئۆپۆزسیۆن بووە، ئەو رەخنە رەوایەیان گرتووەو قێزهاتنەوەی خۆیان لەمەڕ پێكهاتەی وەفدەكان دەربڕیوە، بەڵام پێ دەچێت ئەو رەخنانەی ئەوان تەنها بۆ شەڕە حیزبییەكە بێت و وەكو كورد دەڵێت “ رێوی دەمی ناگەیشتەوە ترێ دەیوت ترشە!) چونكە خۆشیان هەر وەكو كۆپیەكی جوانی پارتی و یەكێتی لە یەكەم دەرفەتداو كاتێك حەیدەر عەبادی بانگێشتی بەغدای كردن، كەسیان لارییان نەبوو، رەخنەكانیشیان لە بیرچووەوەو پێشیان عەیب نەبوو بە شەمەندۆفێرێكی حیزبی ملی رێگەی ئەو بەغدایە بگرن!
دەبوایە گۆڕان و كۆمەڵ بۆ ئەوەی جیاوازی خۆیان لە پارتەكانی دیكە نیشان بدایە، دوای سوپاسكردن بە عەبادیان بووتایە “ بەداوای لێبوردنەوە ئێمە ئەجێندای نیشتمانی و كێشەی نیشتمانیمان لەگەڵ ئَێوە هەیە نەك حیزبی، بۆیە ئامادەنین هەڵەكانی حیزبەكانی دیكە دووبارە بكەینەوە كە مایەی رەخنەی توندی خۆمان بووە”، بەڵام رەفتاری ئەم حیزبانە كە لە دایكبووی یەك منداڵدانی سیاسین هیچ جیاوازییەكیان نییەو ئەوەی لە عەقڵیەتی ئەماندا گۆڕاوە هەر ئەوەیە ئێستا ئەوان لە عەقڵیەتی خێل و حیزبیەكەی پارتی، تەنها خێڵەكەیان تێپەڕاندووەو لەبەرانبەر دیواری عەقڵیەتی حیزبدا چۆكیان داداوەو ناتوانن تێپەڕی بكەن، دەنا (عەینەن تاس و هەمان حەمام)! 
 ئیمزا
جومعە باوەگوڕگوڕی


‌ 156 جار بینراوه‌
1/6/2018 10:29:44 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved