»  وتاری هەفتە
كورد و شەڕی دوایین قەڵا
بورهان حاجی سلێمان


هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن كەهەڵبژاردنەكانی داهاتوو (ئەگەر لەمەودای كەمتر لەساڵێدا بكرێت) بەئەندازەی هەڵبژاردنەكانی 2005 بۆ سوننە، بۆ كورد لەناوچە دابڕێندراوەكان بەتایبەتی لەكەركوك، سەخت دەبێت، هۆكارە سەرەكییەكانیشی گۆڕانكاری باڵانسی هەژموون لەناوچەكەو رەنگدانەوەی خراپی پەیوەندییە سیاسییە ناوخۆییەكانی هەرێمە.
لەڕووی هۆكارە خودییەكانەوە؛ لەكاتێكدا یەكلیستی هەر هیچ نەبێت لەڕووە دەرونییەكەوە كاریگەری ئەرێنی بەسەر كورددا دەبوو، بەڵام لەدوا رۆژی مۆڵەتی پێكهێنانی لیست و قەوارەكاندا پارتی لەناوچەكانی هەژمونی یەكێتی لەناوچە دابڕێندراوەكان بایكۆتكردنی هەڵبژاردنەكانی راگەیاندو پێدەچێت لەچەند رۆژی داهاتوودا هەڵمەتێكی رەواندنەوەی كوردی شارەكە لە دەنگدان بەرپابكات، بەوەش وەكو هەڵبژاردنەكانی 2014 هەلی پێكهێنانی هاوپەیمانێتی نێوان هێزەكانی دیكەی لەكاتێكی هەستیادا لەباربرد، گۆڕٍان و كۆمەڵ و هاوپەیمانێتی دیموكراسی لەدەرەوەی لیستەكەی یەكێتی بەشدارن، نەوەی نوێ و یەكگرتووش تا ئێستا میكانزمی بەشداریكردنیان روون نییە، بەڵام پێیدەچێت بە تەنێ بەشداربن، بەمەش كورد بەتەواوی ئومێدبڕبووە، چونكە ئەگەر پرسێكی وا چارەنووساز نەتوانێت حیزبەكان یەكبخات، دەرفەتەكانی لێكنزیكبوونەوەو یەكبوونی ماڵی كوردیش مەحاڵتر دەكات.
رووداو و پێشهاتەكانی رۆژیش ئەوەندەی دیكە دۆخەكە بۆ كورد سەختتر دەكەن و كاریگەری سلبی گەورە دەكەنە سەر دەروونی دەنگدەر.. مانەوەی پۆستی پارێزگار لای عەرەب مەترسییەكی گەورەیە، كە لەقۆناغی داهاتووداو تا زیاتر لەهەڵبژاردنەكان نزیكبینەوە، گەورەتردەبێت.
كوردو حیزبە سیاسییەكانی دەستبەرداری مافە دەستوورییەكان دەبن و رۆژ لەدوای رۆژ خۆیان ملكەچتر دەبن و ئازادیەكانیشیان پتر پێشێلدەكرێن.. شەوانە دز هەڵدەكوتێتە سەر ماڵە كوردەكان و رۆژانەش حكومەت بۆ سەر خوێندنگە كوردییەكان! 
پرۆسەی سەندنەوەی پۆست لەكورد بەردەوامە.. زیاتر لە 180 هەزار دەنگدەری حەویجە دەرفەتی تەزویركردنیان پێدەدەرێت، تا ئێستا ناوی دەیان هەزار عەرەبی هاوردە لە لیستی تۆماری دەنگدەراندا ماون و ئەمجارە كورد وەكو پێشوو ناتوانێت رێگە لە بەشداریكردنیان بگرێت، لەوەش سەیرتر ئەوەیە ئەمجارە كورد زۆربەی كەرەستەكانی بانگەشەی لێ قەدەغەكراوە و یان خۆی لە خۆی قەدەغەی كردووە! هەزاران خێزان چ بە تۆقاندن بێت و چ بە پێدانی بەڵێن و ئیمتیازات، لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە شارەكەیان جێهێشتووە. 
لەهەمووی مەترسیدارتر ئەو هەزاران خێزانە ئاوارەیەیە كە لەپێش پرۆسەی ئازادییەوە نەگەڕاونەتەوە، ئەوانە لەهەڵبژاردنەكانی پێشوودا كۆمەكی لۆجستی دەكران تا رۆژی دەنگدان بێنەوە شارەكەیان دەنگبدەن، بەڵام ئەمجارە نە كەسیان دەوێرن بێن و نەكەسیش كۆمەكیان دەكات، دووریش نییە رۆژی دەنگدان دەروازەكانی شار بە رووی شارەكانی هەرێمدا دانەخرێن.
بەئاشكراو بەرەزامەندی بەغدا، میتی توركی دێت لەكەركوك كۆبوونەوەی داخراو لەگەڵ توركمان و عەرەبی شارەكە دەكات و پیلانی كەمكردنەوەی هەژموونی كوردیان بۆ دادەڕێژێت، هەموو ئەمانەش پرسیارێك دەوروژێنن: ئایا لە 16ی ئۆكتۆبەر كەڕێگەنەدرا شارەكە كاولبكرێت، بۆ ئەوە بوو خەڵكی دیكە بێنەسەر سفرەی حازرەكی، یان یەكێتی پلان و ئەجێندایەكی دیكەی هەیە؟.
كێشەو گرفتی دەروونی و ماددی و سیاسی و ئەمنی و ئیداری دیكە زۆرن كە لەسەنگی كورد دەبەن، هەرچەندە یەكێتیش كە بەرپرسیارو زەرەرمەندی یەكەم دەبێت، كارتەكانی زۆرن، بەڵام كارتەكانیش بەتێپەڕبوونی كات دەسووتێن، چونكە تائێستا نەخشەڕێگایەكی لەدوا قەڵاكەی خۆی نییە.. گرنگترین كارتی جوڵاندنی جەماوەرە لەدژی حكومەت، ئەم كارتەش ئەگەر لەكاتی گونجاودا بەكارنەهێنرێت، لەداهاتوودا ئەو یەكێتییەی ئێستا بەبانگەوازێك دەیان هەرزار كەس دێنێتە سەر شەقام، رەنگە لە داهاتوودا هاوشێوەی ساڵانی هەشتاكان لەباشترین حاڵدا بتوانێت چەند شانەیەكی نهێنی بۆ پێكبێت! ئێستا یەكێتی دەبێت مانۆڕێك بكات، لەڕووی ئەمنی و ئیداریەوە دەبێت پێگەی كورد بەهێز بكاتەوە، ئەگەر نا، ئەنجامی هەڵبژاردنەكان لەم دۆخە نەشازەدا دەبێتە پێوەر بۆ سەنگی كورد لەكەركوك و تاریق عەزیز وتەنی دەبێت “هەر فرمێسكی بۆ هەڵبڕێژین”.





‌ 1612 جار بینراوه‌
1/20/2018 10:01:12 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved