»  راپۆرت
كورد لەنێوان پەرتەوازەیی و بایكۆتكردنی هەڵبژاردن لە كەركوكدا


یان (بای) حەسەن یان (بای)كۆت !



لایەنە عەرەبی و توركمانییەكانی كەركوك بە یەك لیست بەشداری لە هەڵبژاردنەكان دەكەن و لەبەرانبەریشدا بەشێك لە حیزب و لایەنە سیاسییە كوردییەكان بە پەرتەوازەییەوە دەچنە هەڵبژاردنەكەو لایەنێكیش بە تەواوی بایكۆتی هەڵبژاردن دەكات.

یەكێتی:
شكستی سەربازیمان كردووە با شكستی سیاسی گەورەتریش  نەكەین

یەكێتی پێیوایە ئەگەر كورد لە كەركوك پەرتەوازە بێت زۆر مەترسیدارە، شكستی سەربازیمان كردووە با شكستی سیاسی گەورەتریش  نەكەین.
یاسین عیزەدین، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی رێكخستنی (ی.ن.ك) لە كەركوك بۆ (هەواڵ) رایگەیاند:” یەكیتی نیشتیمانی كوردستان پەرۆشی یەكڕیزی و یەك لیستی كوردبوو، بۆ ئەوەش داوامان لە هەموو حزب و لایەنەكان كردووە، داوامان لە لیستی (گۆڕان و كۆمەڵ و هاوپەیمانی دیموكراتی) و  پارتی كردووە بۆ ئەوەی هەموومان بە یەك لیست دابەزین، چونكە نەیارەكانمان بە یەك لیست دادەبەزن، ئەگەر كورد پەرتەوازە بێت زۆر مەترسیدارە”، ئاماژەی بەوەشكرد:” شكستی سەربازیمان كردووە با شكستی سیاسی گەورەتریش  نەكەین، بەڵام لایەنەكان نایەنە ژێر ئەو بارەو هەریەكەو ئەجێندای خۆی هەیە، هەریەكە بیر لە بەرژەوەندی حیزبی خۆی دەكاتەوە”.
یاسین عیزەدین وتیشی:” بۆیە ئێمە وەك یەكێتی میللەتەكەمان بە جێناهێڵین، بەڵام بە داخەوە دیارە بەرژەوەندییە حزبییەكان بەرژەوەندی تاك لایەنی هەندێ لایەنی سیاسی وایانكردووە كە تەنها بیر لە بەرژەوەندی خۆیان بكەنەوە گوێ بە كەركوك و ئەم ناوچانە نەدەن”.
لەبارەی بایكۆتی پارتییەوە لە هەڵبژاردن كەركوك، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوك نەیشاردەوە، ئەو دەنگانەی كە پارتی لە كەركوك هەیەتی، ئەو دەنگانە پەرتەوازە دەبێت، لەبەرانبەردا دەنگی توركمان و عەرەب زیاد دەكات، ئەمە دوو لایەنەیە، هەم دەنگی كورد كەمدەبێتەوە هەم دەنگی عەرەب و توركمان لەبەرنبەر كورد زیاد دەبێت، ئەوكات نەدەتوانی بەڕێوەبەری فەرمانگەیەك بۆ كورد دابنێی نە دەتوانی پارێزگارێكی كورد بۆ شارەكە دابنێی، ناتوانین فشاری زیاتریش بخەیەنە سەر بەغدا”، راشیگەیاند:” بەراستی ئەمە نازانم ناوی دەنێی چی، تۆ كە شكستی سەربازیت لەم شارە هێناوە، بە هەموو شێوەیەك رەئی ریفراندۆمت  فەرز كردە سەر كەركوكدا كە دەمانزانی زەرەری زۆرە، ئەوەش بەشێكە لەو پیلانانەی كە بۆ كەركوك دایانڕشتبوو، سەركەوتوو بوون تێیدا لە  پیلاندانان  بۆ لەدەستدانی ئەم ناوچانە”.
یاسین عیزەدین وتیشی:” داوا لە هەموو هاوڵاتیەكی كورد دەكەین، بچێ ناوی خۆی لە بایۆمیتری تۆمار بكات، چونكە بەراستی ئەم سەردەمە سەردەمی خەباتی مەدەنیی و دیموكراسییە، خەباتی هەڵبژاردنە، ئێستا بە خەباتی دیموكراسی و مەدەنی و سیاسی دەتوانین ئەو دەستكەوتانەی هەمانە بیپارێزین، ئەو پرۆسەیەش تاكە رێگایە بۆ ئەوەی بتوانین لە كەركوكدا بمێنینەوەو كوردستانیبونی ئەم ناوچانە بسەلمێنین، ئەوەشی بڕوای بە بەوە نییە بابچێت خۆی تاقی بكاتەوە بەشەڕ بێت و یا بە بایكۆتكردن خۆی تاقی بكاتەوە ئەوكات زەرەر لە خۆی و جەماوەرەكەشی دەدات”.
پارتی: 
بڕیاری ئێستامان جارێ تەنها بۆ كەركوكە

لای خۆیەوە پارتیش دەڵێت بۆیە بایكۆتی هەڵبژاردن دەكات لە كەركوك، چونكە شارەكە داگیركراوە و حوكمی سەربازی تێدا دەكرێت و دەنگدەر ناتوانێ بە ئازادی بەشداری پرۆسەكە بكات.
هەواڵ بۆ وەرگرتنی رای پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئەو پرسە پەیوەندی كرد بە هەریەكە لە (محەمەد خورشید بەرپرسی لقی سێی پارتی لە كەركوك و  هەروەها عەدنان كەركوكی بەرپرسی ژووری هەڵبژاردنەكانی پارتی لە كەركوك) بەڵام ئامادەنەبوون لێدوان بۆ هەواڵ بدەن و (كاوێز مەلا پەروێز) راگەیاندنكاری پارتیش دوای چەند جارێك پەیوەندی وەڵامی نەداینەوە، دواجار فەهمی فایەق غەفور كارگێڕی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركوك بۆ (هەواڵ) وتی: “مەكتەبی سیاسی پارتی بۆیە بایكۆتی هەڵبژاردن دەكات لە كەركوك چونكە بەراستی شارەكە داگیركراوە و حوكمی سەربازی و پۆلیسی لەو شارە دەكرێت، بەوەش دەنگدەر لە كەركوك ناتوانێ بەئاسانی و بەئازادی بچێتە سەر سندوقەكانی دەنگدان و بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن ئازادانە بكەن”.
هەروەها وتی: “هەڵبژاردن پرۆسەیەكی دیموكراتییە تۆ كە لە شارێكی داگیركراو بەشداربیت مادام ئیعتراف بە داگیركاری دەكەیت و شەرعیەتی پێدەدەی كە ئەمەش ناكرێت”.
ئەو كارگێرەی لقی سێی پارتی ئاماژەی بەوەشدا: “هیوادارم حزبەكانی تریش بەتایبەت یەكێتی نیشتیمانی و یەكگرتوی ئیسلامی و ئەوانەی كە سەنگ و پێگەیان لە شاری كەركوك هەیە بڕیاری كشانەوە بدەن لەشاری كەركوك”.
فەهمی فایەق كارگێری لقی 3ی پارتی رونیكردەوە: “ئەگەر بكشێینەوە هیچ كاریگەریەكی نییە چونكە بەپێی دەستوری عێراق بڕیاری هاوبەشی دراوە لە نێو نەتەوەكان و ئەگەر لە شارێكی وەكو كەركوك كورسی زۆربێت یان كەم ئەوا ئەو بڕیاری داوە بەپێی زۆرینە و كەمینە مامەڵە بكات”.
وتیشی: “سوننەی عێراقیش پەرتەوازە بووە و رەنگە نەتوانێت بەتەواوی بەشداری هەڵبژاردنەكان بكات بۆیە بەو شێوەیە حكومەتی شیعی نابێت حوكم بڕیار بدات و بەهیوام لە ئاستی نێودەوڵەتیش وڵاتان بێنە سەرخەت و چارەسەرێك بۆ ئەو دۆخە بدۆزنەوە و شیعەش لە نێو ماڵی خۆی دۆخیان باش نییە و بارودۆخ بەگشتی هی هەڵبژاردن نییە نەك بەس پارتی لێی بكشێتەوە زیان بگەیەنێت بەڵكو خۆی ئەنجامدانی زیانە و بڕوام وایە هەڵبژاردن لەم ساڵدا هەر نەكرێت و دوا بخرێت بۆ ساڵی 2019”.
هەروەها وتی: “ئێمە وەكو پارتی رەنگە ئەگەر ئاوارەكان بگەڕێنەوە و بارودۆخ ئاسایی بێتەوە و هێزە سەربازیەكانی سوپا و حەشد و پۆلیسی ئیتیحادی دەربچن ئەو كات كاندید و خەڵكی بانگەشەكار بتوانێت بە ئاسودەیی و ئارامی بچێت بانگەشەی خۆی بكات و شەوان بچێتە دەرەوە ئەوە هەڵوێستی ترمان هەبێت”.
لە كاتێكدا زۆرێك لە چالاكوانان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا ئاماژە بەوە دەكەن كە لە دوای لەدەستدانی كێڵگە نەوتییەكانی كەركوك پارتی ئیشی بەو شارە نەماوە، فەهمی فایەق ئاماژە بەوەدەدا: “بڕیاری ئێستامان جارێ تەنها بۆ كەركوكە، چونكە پارێزگای كەركوك ترۆپكی ئەو ناوچانەیە كە ماددەی 140 دەیگرێتەوە و لەكەركوك غەدری زۆر لە هاوڵاتی سڤیل كراوە و یەكڕیزی جێبەجێ نەكراوە”
وتیشی: “هیواخوازیشم پارتی لە تەواوی ناوچەكان بایكۆتی هەڵبژاردنی عێراق بكات و لەتەواوی كردە سیاسیەكە دوركەوێتەوە و حزبەكوردیەكانی تریش هەمان كاربكەن و بایكۆتی بكەن تا كوردستان و عێراق بەتەواوی دێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و رێكەوتنی یەكلاكەرەوە ئەنجام دەدەن”.

چاودێرێك: 
ئەمە تەواوكەری ئەو پیلانەیە كە لەسەر كەركوك كرا

چاودێرێكی سیاسیش دەڵێت پێویستە ئەو هێزانەی كە لە كەركوك ماون یەكگرتوو بن،  بۆ ئەوەی دەنگی پەرتەوازەیی كورد كۆبكەنەوە.
شادمان مەلا حەسەن، چاودێری سیاسی، وتی:” چونكە عێراق وڵاتێكی مۆزایكییە، هەموكات كە دەچیتە ناو پەرلەمانی عێراق یەكگرتوو بیت باشە، پێویستی بە دوو بەرەكی و فرە لیستی نییە، بەڵام هەر حیزبەو بتوانێت مافی خۆی هەبێت و رێز لە یەكتر بگرن، بەبێ یەكتر كەسیان نەچنە نێو هیچ هاوپەیمانێتییەك، یان هیچ بڕیارێك كە بەرژەوەندی باڵای خەڵكی كوردستانی تێدا نەبێت لە عێراق”.
وتیشی:” زۆر گرنگە كە بەردەوام لەبەغدا  بیت، لە ماوەی رابردوو بەتایبەت ساڵی 2003 كاتێك بەعس رووخا، كورد بە یەكگرتوویی چووە بەغداو پاشانیش لە پەرلەمانیش لیستەكەی یەكگرتوو بوو، بۆیە توانرا ئەو مافانەی كە كورد ئەو وەختە بە باشیزانی بۆ خۆی لەناو دەستوری عێراقی جێگیری بكات، ئەگەر یەكگرتوو نەبوایە نەدەتوانرا”.
 ئاماژەی بەوەشكرد:” ئێستا ئەمساڵ كە 2017 بەراستی وەچەرخانێكی زۆر گەورە لە كۆی ژیانی سیاسی و جوگرافی و كۆمەڵایەتی و ئابوری و سەربازی لە باشوری كورستان روویدا، هۆكاری سەرەكیش ئەو ریفراندۆمە بوو، ئەو ریفراندۆمە هیچ پێویسن نەبوو، لە سەر هیچ ستاندارو پێوەرو بنەمایەكی یاسایی نەبوو، واتە ئەو پێوەرانەی كە لە دنیادا كە نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دایناوە، دوور بوو لە هەمووی، چونكە لەبەر ئەوەی ئێمە لە ساڵی 2005 كورد دەنگی بە دەستوری عێراقدا ، كاتێك كە دێی یەكلایەنە بڕیار دەدەی كەواتە تۆ هەڵدەگەڕێیتەوە لەو دەستورە ئەمە زۆر خراپە، ریفراندۆم پێویستی بەوەبوو بچیت لەگەڵ لایەنی بەرانبەر بگەیتە رێككەوتن و و سوڵح بكەیت، ئینجا پرۆسەكە دەدەیتە دەست ئەوان، سادەترین نمونە مادەی 140 ی دەستورە، مادەی 140 بە رێككەوتنی پێكهاتەكانی عێراق بوو، مادەی 140 كە ناوچە جێناكۆكەكان یەكلایی دەكاتەوە، دوای ئەوەقۆناغی ئاساییكردنەوە دەستپێدەكات،  دەبێت ئەوسا ریفراندۆم لەنێو دانیشتوانی ئەو ناوچانە دەكرێت بۆ ئەوەی بزانرێت لەگەڵ هەرێم دەبن یاخود لەگەڵ حكومەتی مەركەزی دەمێننەوە”.
باسی لەوەشكرد:” لەئێستادا مەسەلەی بایكۆتكردنی هەڵبژاردن لە كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان هاتۆتە پێشەوە، ئایا ئەمە خزمەت بە كورد دەكات؟ بێگومان نەخێر، هەرچەندە ئەو حزبە پێگەیەكی بەهێزی نەبێت، بەڵام ئەمە شتێك دەردەخات ئەمە مەرامی سەرەكی ئەو پیلانە دەردەخات كە بۆ كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان دانرا، كە ئەم حزبە سەركردایەتی ریفراندۆمی كرد، لەم ناوچانە پێگەی جەماوەری زۆر لاوازبوو ئێستاش دڵنیایە لاوازتر بووە،  ئەگەر پێشتر كۆمەڵێك هۆكار شتێك دەنگی دەهێناو كورسی هەبوو، بەڵام ئەمجارە ئەمەی نامێنێت، بۆیە دەیەوێت بیكاتە شتێكی نەتەوەیی، ئەگینا بەپێی دەستور رۆژانە سەرۆكی حكومەتی هەرێم كە جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە، داوا دەكات عێراق لەگەڵی پێكبێت و گفتوگۆی  لەگەڵ بكرێت و  لیژنەكانی رادەستكردنەوەی فڕۆكەخانەو دەروازە سنورییەكان و كێڵگە نەوتییەكان، هەموو رۆژێ دادەنیشن بۆ ئەوە، بەڵام ئەمە تەواوكەری ئەو پیلانەیە كە لەسەر كەركوك كرا بۆ ئەوەی كەركوك لە دەست كورد نەمێنێت، كورد سودی لێ نەبینێت، لەبەرئەوەی بۆ حزبی من نییە، كەواتە بۆ حزبی من نەبوو كەواتە بۆ كوردیش نییە”.
ئەوەشیخستەڕوو:”  پێویستە ئەو هێزانەی كە لە كەركوك ماون، ئەوان یەكگرتوو بن،  بتوانن دەنگی پەرتەوازەیی كورد كۆبكەنەوە، من بڕوام وایە ئەمجارە تاكی كورد لەم ناوچانە بۆ خۆی هەست بكات و گوێ لە هیچ بەیاننامەو پڕوپاگەندەیەك نەگرێت و دەنگ بدات بۆ ئەوەی پارێزگاری لە سیماو خەسڵەت و ناسنامەی كوردستانیبونی ئەو ناوچانە بكات.

‌ 1111 جار بینراوه‌
1/20/2018 10:01:55 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved