»  کوردستان
لەسەردانەكەی جێگری سەرۆكی میت بۆ كەركوك توركمانی شیعە پەراوێز دەخرێت



بەڕەزامەندی بەغدا؛ ئەنقەرە دەست لەكاروباری كەركوك وەردەدات

وەفدێكی توركی دوای سەردانیكردنی هەولێر، بە سەرۆكایەتی جێگری سەرۆكی دەزگای هەواڵگری توركیا (میت) سەردانی شاری كەركوكی كردو دوور لە چاوی كامێراكان لەگەڵ پارێزگاری كەركوك  بە وەكالەت و كوتلەی عەرەبی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كۆبوەوە، دواتریش لەگەڵ سەرانی بەرەی توركمانی كۆبوونەوەیەكی نهێنی ئەنجامداوە، سەركردەیەكی توركمانی شیعەش دەڵێت:” ئێمە بۆ كۆبوونەوەكە بانگ نەكرابووین و  بڕیاردەری ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكیش رایدەگەیەنێت ئاگاداری كۆبونەوەكە نەبوونە”.
چوارشەمەی رابردوو سەڵاحەدین  ئەفاد جێگری سەرۆكی دەزگای هەواڵگری توركیا (میت) لەگەڵ وەفدێكی توركیدا بە رەزامەندی حكومەتی عێراق سەردانی شاری كەركوكی كردو دوور لە چاوی كامێراكان بۆ ماوەی یەك كاتژمێر لە دیوانی پارێزگا لەگەڵ راكان جبوری پارێزگاری كەركوك  بە وەكالەت كۆبوەوە و دواتر لەگەڵ چەند ئەندامێكی كوتلەی عەرەبی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دانیشتوونە، لە كۆتاییشدا لەگەڵ سەرانی بەرەی توركمانی كۆبوونەوەیەكی نهێنی ئەنجامداوە.
بە پێی زانیارییەكانی (هەواڵ) سەرجەم كۆبوونەوەكان بۆ دروستكردنی هەماهەنگی و هاوكاری نێوان توركمان و عەرەب بووە لە كەركوك بۆ بێهێزكردنی پێگەی كورد لە شارەكە، بۆ ئەو مەبەستەش بەڵێنی هاوكاری ماددی و سیاسی و تەكنیكی هەردوولایان داوەو پرسی لێسەندنەوەی چەند پۆستێكیش لە كورد لەشارەكە تاوتوێكراوە.
هەر بە پێی زانیارییەكانی (هەواڵ) ئەندامانی وەفدەكە جگە لە دوو كەسیان، ئەوانی تر هەمان ئەندامی ئەو وەفدەبوون كە چەند رۆژێك پێش ئێستا لە هەولێر بوونە. 
ئەڵماس فازڵ، بڕیاردەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، لە لێدوانێكیدا بۆ (هەواڵ)، رایگەیاند:”وەكو ئەندامانی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگا ئاگاداری ئەو كۆبونەوەیەی هەفتەی رابردوو نین”، ئەوەشیخستەڕوو:” ئێمە نازانین ئەو سەردانە بۆ چ مەبەستێك كراوەو بۆچی ئێمەشی لێ ئاگادار نەكراوینەتەوە”.
لای خۆشیەوە نەجات حوسێن، ئەندامی لیستی توركمانی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك،  لە لێدوانێكیدا بۆ (هەواڵ)، رایگەیاند:”هاتنی ئەو وەفدەی توركیا بۆ كەركوك، پرس بە ئێمە نەكراوەو بەشداری كۆبونەوە تایبەتەكانیش نەبووینە”، ئەوەشیخستەڕوو:”ئەو وەفدەی هاتووە لەگەڵ راكان جبوری كۆبوونەتەوەو بە ناوەش لەگەڵ وەفدی توركمان كۆبوەتەوە، بەڵام لە راستیدا تەنها لەگەڵ بەرەی توركمانی دانیشتوونە”.
بەوتەی ئەو ئەندامە توركمانە شیعەیەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، ئەو وەفدەی هاتبوو وەفدێكی توركی بوون، ئەوان چەند خولەكێك بینیویانن و دەڵێت “ئێمە تەنها بە خێر هاتنمان كردن، ئەوەشیخستەڕوو:”تەنانەت نازانین ئەو وەفدەی هاتبوو بە سەرۆكایەتی كێ بووەو ئەندامەكانی كێ بوونە”. 
نەجات حوسێن ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:”بۆ ماوەی یەك كاتژمێر ئەو وەفدە لەگەڵ راكان جبوری پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت كۆبوەتەوە”، راشیگەیاند:”ئەوەی بە ئێمە وتراوە ئەوەیە تەنها كەركوك شاری پێكەوە ژیانەو هی سەرجەم پێكهاتەكانەو شتی گشتی باسكراوە”.

‌ 409 جار بینراوه‌
1/20/2018 10:11:35 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved