»  پەڕەموچ
ئەزموونی هونەری بەهادین هەڵەبجەیی “ دڵم لەهەڵەبجەیەو روحم لە سلێمانی”
ئا/ هۆشیارجەمال



* بەهادین هەڵەبجەی كێیە؟
- بەهادین نوری احمد ناسراو بەبەهادین هەلەبجەیی سالی (1956) لەدایكبووە لە ساڵی (1977) دەستی بەكاری هونەری كردووە، وەكو خۆی دەڵێت بەهۆی باری ژیان و كارەساتە نەخوازراوەكانی كوردستانەوە، ماوەیەك لە هونەر دووركەوتووتەوە تا سالی 1987 یەكەم كاری شانۆیی كردووە بەناوی خۆناسەكان لە سلیمانی و دهۆك نمایش كرا. . بەهادین خیزاندارەو خاوەنی كچێك و 3 كوڕە بەناوەكانی دڵنیا و بروسك و راستگۆ و خەڵات.
* بەشداری چەند كاری هونەریت كردووە؟
- زیاتر لە (50) كاری شانۆ و12 زنجیرە درامای تەلەفزیۆنی و چەند فلمێك بۆ تەلەفزیۆن و ( 15)كورتەفلم و دوو فلمی سینمایی .. هەروەها لە فیلمی سینەمایی ژانی گەل و بێ كەس.. بەشدارم، لەسالی (٢٠٠٧) لە فیستیڤالی كورتە فیلم لەكۆمەڵەی هونەرە جوانەكان خەڵاتی باشترین ئەكتەرم بەدەستهینا لە فیلمی كۆمەرگی دەرهێنەر شیركۆ محمد سعید، كە باسی كارەساتی هەڵەبجەی ئەكرد....
*خۆشەوستترین كارت كام بەرهەمەیە؟
- هەموویان لام خۆشەویستن بەڵام كورتە فلمی كۆمەرگ لەهەموویان زیاتر.
* هونەر چی پێ بە خشی و چی لێسەندیتەوە؟
- هونەرەكەم نەبووایە بەهادین هەڵەبجەی بوونی نە دەبوو، ئەو خۆشەویستییەی جەماوەری پێبەخشیووم كە گەورەترین سەرمایەی منە.
* تۆ خەڵكی شاری هەڵەبجەی تاچەند كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە رەنگدانەوەی لە هونەرەكەی تۆداهەبووە، یان رووتر بپرسم ئایا هەوڵت داوە لە رێگای هونەرەكەتەوە خزمەتی كەیسی هەڵەبجە بكەی؟
- بێ گومان كارەساتی هەڵەبجە كاریگەری زۆری هەبووەلەسەرم و هەمیشەدڵم لەهەڵەبجەیەو روحم لەسلیمانی زۆر هەوڵم داوەكەلەریی هونەرەوە كار لەسەر هەڵەبجەبكەم كورتەفلمی كۆمەرگیش نمونەكەیەتی.
* تۆ زۆربەی كەسوكارەكەت شەهیدن لە هەڵەبجە كە ئەو شارە دەبینی چ هەستێك هەیە؟
- وەك پێموتی هەمیشە دڵم لە هەڵەبجەیەو روحم لە سلێمانی .. بڕوات هەبێ هەمیشە هەڵەبجە لە دڵ و دەرونم ئەژی، چونكە هەموو ئازیزەكانم لەو شارە وا لە كۆڕە بەكۆمەلەكانن كە بریتین لە باوك و دایك و دوو براو پێنچ خوشك و پێنچ خوشكەزام شەهیدبوون، هەروەها من زۆریش قەرزاری سلیمانیی ئازیزو خۆشەویستم لە سلیمانی بهادین هەڵەبجەیی دروست بوو.
* قسەیەك هەیە دەڵیت ئەوەی سیاسەت تێكی دەدات هونەر بونیادی دەنێتەوە، كەواتە هونەر ئەوەندە گرنگە ئەی بۆ لەكوردستان گرنگی پێ نادرێ؟
- زۆر بە داخەوە گرنگیدان بەهونەر لە كوردستان زۆر نییە بەتایبەتی پاش قەیران بەهیوام حكومەت ئاوڕێكی جدی باتەوە لە هونەر لە هەموو بوارەكان، چونكە هەموو نەتەوەیەك بەهونەرمەند و رۆشنبیرانیەوە زیاتر گەشە دەكات و لەنێو نەتەوەكانی تر دەناسرێت.. بەڵام بەداخەوە سیاسەتیان كردووە بەپێشەنگی خۆیان سیاسیەكان هونەریان وەلا ناوە.
* ئایا حكومەت و وەزارەتی رۆشنبیری لە ئاست داخوازی هونەرمەندان دان؟
- زۆر بەداخەوە لەئاستی داخوازیمان نییە ئەوەی هونەرمەندە كە بە ماندووبوونی خۆیی نەیكات جێ بەجێ ناكرێ.
* هونەر توانیویەتی ببێتە سەرچاوەی بژێویت؟
- هەرگیز بگرە زۆر لەكارەكانمان خۆبەخشانەكردووە، ەهەر كاریك ئەگەر مكافەئەیەكمان وەگرتبێت بەشی هاتووچۆكەی زۆر بەزەحمەت كردوە.
* دواین كاری هونەریت چیە؟
- شانۆیی خاڵە ڤانیا لەنوسینی چیخۆف و دەرهێنانی هونەرمەندی بەتوانا مامۆستا كامەران رئوف، هەروەها دوو فلمان لەسەر رەفە دانراوە، كاتی نییە ناوی فلمەكان بهینین.
* وەك هونەرمەندێك هیواو ئاواتت چیە؟
- هیواو ئاواتەكانیان مرانین، هەر ئاواتیەكمان هەبیت نایەتەدی، باسی ئاواتی جی بكەم؟!

‌ 722 جار بینراوه‌
1/20/2018 10:15:12 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved