»  باران
توندوتیژی دژی منداڵان پەرەدەسێنێت
ئا / هاوار ستار

توندوتیژی دژی منداڵان بەردەوامی هەیە و لەم دواییانەدا چەندین روداوی توندوتیژی دژ بە منداڵ ئەنجامدران نمونەی بەرچاویش یەكێك لەو منداڵانە كچێكی چوار ساڵانی شاری كەركوك بوو كە بەهۆی لێدانی باوكییەوە گیانی لەدەستدا و یوسف لە شاری هەولێر بەشێوەیەكی توند لێیدرا و پێشتریش دوو منداڵ لە لایەن دایك و باوكیانەوە لە وڵاتی توركیا جێهێڵران و پاشانیش چەند روداوێكی تر تۆمار كراون و بەردەوامە، توێژەرێكی دەروونی چەند هۆكارێك روندەكاتەوە و رای دەگەیەنێ بارودۆخی خێزانی و پەروەدەیی و سیاسی و ئابوری و خودی منداڵیش سەرجەم كاریگەریان لەسەر توندوتیژی دژ بە منداڵ هەیە.

شكۆفە ساڵەیی مامۆستاو توێژەری دەروونی بۆ هەواڵ وتی: "هۆكاری سەرەكی توندوتیژی بەرانبەر منداڵ دەگەرێتەوە بۆ خێزان چونكە دایك و باوك بەگشتی لە ژێر فشاری كۆمەڵایەتی و ئابوریدان و هەندێ جار دەگاتە حاڵەتی تەقینەوە و ئەو مرۆڤە هەست بە دەوروبەرەكەی ناكات و مناڵەكانی كە لەبەردەستین ئازار دەدات".
ئەو توێژەرە وتیشی: “زیادبوونی توندوتیژی دژی منداڵ لەدەرەوەی خێزان بۆ كۆمەڵگە و دەسەڵات دەگەرێتەوە چونكە چاودێری و لێپرسینەوە نییە و دەسەڵات بە وردی چاودێری رەوشی منداڵ ناكات و كەمتەرخەمن”.
شكۆفە ساڵەیی ئاماژەی بەوەدا “میدیاش كاریگەری بەرچاوی هەیە لەوانە بوونی كارتۆنی توندوتیژی و یان بابەتی توندوتیژی و یاخود پیشاندانی توندوتیژی بەشێوەی گەیاندنی پەیامێك بەڵام منداڵ و خێزان بە هەڵە وەریدەگرن و رەنگدانەوەی دەبێت تێیاندا”.
باسی لەوەش كرد: “لەرویی پەروەردەییەوە زۆر لە قوتابخانە گرنگی بە دەرونی منداڵ نادات وەكو بوونی وانەی وەرزش و هونەر و هەروەوا بوونی سروشت و جوانكاریەكی منداڵانە، ئەو منداڵەش ناچار كە هەڵەیەك دەكات بەسەریدا دەشكێتەوە و گەورەكان دەكەونە گیانی”.
ئەو توێژەرە لەسەر منداڵ كە خۆی هۆكار دەبێت بۆ توندوتیژی وتی: “زۆر جار لە بێئاگایی دایك و باوك و خێزان منداڵ لەدەرەوە شتێك وەردەگرێت و خویەك هەڵدەگرێتەوە كە دەبێتە هۆی ئەوەی توشی لێپێچینەوەی بكات لە لایەن خێزان و تەنانەت مامۆستاكەشییەوە كە ئەمەش دیسانەوە منداڵەكە تێیدا قوربانییە”.
شكۆفە ساڵەیی ئەوەشی رونكردەوە: “لە ئێستادا كۆمەڵگەكەمان كۆمەڵگەیەكی توندوتیژە و بیری سیاسی و سەربازی بەسەر خێزانەكاندا زاڵە ئەمەش وادەكات منداڵ سەیری باوك و دایك بكەن و لەسەر ئەو بابەتانە توندوتیژبن، بوونی منداڵی ئاوارەی عەرەبیش لەگەڵ منداڵی خۆمان دیسانەوە منداڵان روبەروی توندوتیژی دەكاتەوە بەهۆی بیروبۆچونی جیایانەوە”.
نەسرین ئەحمەد بەرێوبەری ناوەندی و لەهەمان كاتدا دایك بۆ هەواڵ وتی: “منداڵ پەڕەیەكی سپییە چیت تیا نوسیەوە ئەوە وەردەگریتەوە بۆیە پەروەردەی منداڵ ئەركێكی مرۆیی و ئاینی و كۆمەڵایەتی خێزانە بە دروستی و پاشان لایەنەكانی تر دەبێت ژیانی منداڵ فەراهەم بكەن”،
هەروەها وتی: “لە رووی پەروەردەییەوە دایكان نزیكترن لە منداڵ و هەرچەندە هەردووك هاوشانی یەك نەوەی باش بەرهەمدێنن، بەڵام دایكان بەرپرسی یەكەمن لە كۆمەڵگەی ئێمەدا و هەرچیەك بێت منداڵ بەو دراوە لە كاتێكیشدا دایك خۆی ژێردەستە و توندوتیژی دەرهەق بكرێت و تەنانەت باوك مێشكی باش كارنەكات و روداوەكانی رۆژانە كاریگەری بەسەرەوەبێت بێگومان منداڵیش لەو نێوەندە دەبێت قوربانیی و لێدان و كوشتنی ئەو منداڵەی لێدەكەوێتەوە كە بەداخەوە رودەدات روداوی لەو جۆرە".
ئەو مامۆستایە ئاماژەی بەوەدا: “لەروی پەروەردە و زانستەوە بوارێكی وەها باش بۆ منداڵ نەرەخسێنراوە كە بە پێچەوانەوە لە وڵاتان كاتیان بۆ تەرخاندەكرێت و وانەی میوزك و وەرزش و شانۆ و كاری دەستیان هەیە و قوتابخانەیان لاشیرین دەكرێت و تەنانەت دەتوانن تێیدا بخۆن و بخەون”.
باسی لەوەشكرد: “سیتمی خوێندنی ئێمە سیستمێكی سەقەتە و هەر لە بیرێكی پیاو سالاریەوە سەرچاوەی گرتوە و منداڵ فێری ئەوە ناكات بە تەواوی خۆی و چواردەورەكەی بناسێت و مێینەناسی بخوێنێت و ئەگەرنا حكومەت دەبێت بەبەرنامە ئەوە بۆ مناڵ فەراهەم بكات”.
نەسرین ئەحمەد هەروەها نەسرین ئەحمەد وتی: “مامۆستا كاتێك مافەكانی هەموی كەمكراوەتەوە و بارودۆخی دەرونی و ماددی و دەرونی تەواو نییە بێگومان لەگەڵ منداڵیش باشنابێت و ئێ منداڵیش لەماڵە و لەدەرەوەش خەڵك بەگشتی بە دەرونی تێكشكاو ببینێت لەوان بەدەرنابێت و بەمەش پێكادان دروست دەبێت و سەرەنجام بچوكەكان دەبنە قوربانیی گەرەكان كەخۆیانیش قوربانیین”.


‌ 212 جار بینراوه‌
1/20/2018 10:22:27 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved