»  شۆک
گەنجێكی كەركوك نازناوی زیرەكترین گەنجی عێراقی پێدەبەخشرێت
ئا / هاوار ستار


تالیب ئەحمەد گەنجێكی كوردی كەركوكیە بووە براوەی فێستیڤاڵێك لە بەغدا لە بواری تەكنەلۆژیادا، بەوەش نازناوی زیرەكترین گەنجی عێراقی پێدەبەخشرێت، ئەو گەنجە خاوەنی چەندین پرۆژەی ناوازەیە لە بواری تەكنەلۆژیادا وەكو رۆبۆت و كورسی هۆشمەند بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و چەندین پرۆژەی تر.

* تالیب كێیە؟
-ناوم، تاڵیب ئەحمد ناسراوم بە (تالیب خانەقا) لە دایكبوی ساڵی 1995ی شاری كەركوكم، قۆناغەكانی خوێندنم بڕیوە و دواتر لەبەر خولیاكەی خۆم بوومە فێرخوازی پەیمانگەی كۆمپیوتەری كەركوكی ناحكومی و لەوێ بەردەوامم، هەر لەمنداڵیەوە خولیای تەكنەلوژیام بووەو بەو بوارەوە خۆم سەرقاڵ كردوە و بەردەوام خەریكی گەڕان و دەستكاری ئامێر و كەرەستەی تەكنەلۆژیا بوومە.

* چۆن بوویت بەزیرەكترین گەنجی عێراق و خاوەن چەند نازناویت لەو بواری تەكنەلۆژیادا؟
- پاش بەشداریكردنم لە پێشبڕكێیەكی زانستی و تەكنەلۆژیای زانیاری لەشاری بەغدا، بە ئامێرو پرۆژەكانم پلەی یەكەمم بەدەستهێناو هەر لەوێش نازناوی زیرەكترین گەنجی عێراقم بۆ ساڵی 2018 پێبەخشرا، پێشتریش و لە ساڵی 2017 پلەی دووەمم لە ئاستی نێودەوڵەتی لە بواری تەكنەلۆژیادا وەرگرتبوو و هەروەها لە ساڵی 2015 نازناوی یەكەم داهێنەرم لە هەرێمی كوردستان پێبەخشراوە.

*ئەو ئامێرانە چین دروستت كردوون ؟
- ئامێرەكانم بریتین لە لیڤڵ لیكوید یەكێكە لەو ئامێرانەی دروستم كردوون كە ئەویش بەكاردێت بۆ پێوانەكردنی هەموو جۆرە شلەمەنییەك لەرووی خەستی و پێكهاتەو جۆرەوە، هەروەها دروستكردنی چەند رۆبۆتێك لە وانە، رۆبۆتێكی سەربازی بۆ شەڕكردن كە چەك لەسەری جێگیر دەكرێت و دەتوانێ لەبەرەی جەنگ بەكاربهێنرێ و براپێشمەرگەكان دەیانتوانی سوودی لێببینن، رۆبۆتێكی ترم دروستكرد كە دەتوانرێت لە پوچەڵكردنەوەی بۆمب بەكاربهێنرێت و بنێردرێتە ئەو ناوچانەی بۆمبڕێژ كراون تا زیانی گیانی نەبێت و لەرێی رۆبۆتەوە بۆمبەكان پۆچەڵبكرێنەوەو بیرۆكەكەشی دوای ئەوە بۆم هات كە دەمبینی لەبەرەكانی جەنگ زۆربەی قوربانییەكان قوربانی بۆمبن، رۆبۆتێكی تری سەربازیم دروستكرد بۆ پشكنین و دەتوانرێت كاری پشكنین و چاودێری پێ ئەنجام بدرێت و چەند كامێرایەكی لەسەر جێگیر كراوە بۆ ئەو مەبەستە، هەروەها یەكێك لە ئامێرە گرنگەكانم كە زۆر بووە جێی سەرنج دروستكردنی كورسیەكی هۆشمەندی تایبەت بە خاوەن پێداویستی تایبەت بوو كە دەتوانرێت لەرێگەی مێشكەوە كاری پێبكرێت و بۆ ئەو شوێنەی مەبەستە بجوڵێنرێت ئەمەش كەسانی ئفلیج و ئەوانەی چوارپەلیان لەكاركەتووە دەتوانن سودی لێببینن، فڕۆكەیەكیشم دروستكرد كە فڕۆكەیەكی بچوكی بێفڕۆكەوانەوە و توانای فڕینی هەیەو دەتوانرێت بۆ زۆر مەبەستی وەكو چاودێری و وێنەگرتن بەكاربهێنرێت، لەگەڵ دروستكردنی ئامێری جی پی ئێس و جی ئێس ئێم بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ماڵەكەت تەنانەت ئەگەر لەدەرەوەی وڵاتیش بیت.

*لەئاستی نێوخۆیی و دەرەوە كار لەسەر پرۆژەكانت كراون ؟
- جگە لەو نازناوانەی بەدەستم هێناون لە ئاستی نێوخۆیی وەكو حكومەتی هەرێم و عێراق هیچم بۆ نەكراوەو پەرەو گرنگی بە كارەكانم نەدراوە، تەنها دەستخۆشی كراوم و هاندراوم، لە ئاستی نێودەوڵەتیش كورسیە تایبەتەكەی تایبەت بە خاوەن پێداویستی تایبەتم ناسێنراوە، بەڵام وەكو پەرەپێدانی و هاوكاریكردنم هیچم بۆ نەكراوە و لەسەر ئەرك و بیرۆكەی خۆم و حەزی خۆم بەردەوامم.

*چیت هەیە بۆ گەنجانی تری بەهرەدار و خاوەن توانا ؟
- هیوام بەردەوامی هەموو گەنجانی خاوەن بەهرەو توانایەو بەهیوام پشت بەخۆیان ببەستن و ئەوەی لە مێشكیاندایە بیكەن بە كردارو تواناكانیان نەپوكێننەوە، هەروەها گەنج هەمیشە پێویستە پشت بەخۆی ببەستێت و چاوەڕێی دەستی كەس نەكات، چونكە تەنها بە هەوڵدانێكی زۆر دەگات بە مەبەست و ئاواتەكانی.





‌ 1047 جار بینراوه‌
1/20/2018 10:23:05 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
?? ?????????? ??????? ???? ?? ??? ???? ??????

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved