»  شەکری تاڵ
مامەڵە بە عەقڵێكی كراوە یان سۆزێكی داخراو؟





كەركوك ئەو شارەی كەڵەكەبوونی رووداوە مێژووییەكان و پێگەی جوگرافی و لە سەدەی بیستەمیش بەهۆی نەوتەوە بۆتە سەرچاوەی داهات و ململانێ،  ئەم هەمووە وایان لێكردووە ببێتە گۆڕەپانی ململانێ و هاوكات بەهۆی هەمەچەشنی پێكهاتەكانیەوە بۆتە شارێك تەنانەت زلهێزەكانی جیهانیش چەكەرە لە شیكردنەوەی بارودۆخەكەی دەكەن، كەچی حكومەتی هەرێمی كوردستان بێ سێ و دوو بێگەڕانەوە بۆ فەرهەنگی سیاسی و ستراتیژیەتی جیهانی و سنووقی دەنگدانی داگرتە شارەكەو جێناكۆكەكانی ترو لە قومارێكی مێژوویی بێ وێنەدا یاری بە جۆكەری سیاسی كرد، بەهۆیەوە جگە لەوەی نیوەی خاكەكەی لەدەستدا زۆربەی بنكە ژیاری و ئابووری و بازرگانیەكانیشی لێ سەندرایەوە. 
لە ئێستادا هەر ئەو حیزبەی یاری بە پۆكەری سیاسی كردو كەركوكی كردە شەریكە بەشی گەمەكەو دواتر بە تەنها جێی هێشتین، ئەمڕۆ داوا لە خەڵكی شارەكە دەكات نەچنە سەر سنووقی دەنگدان لە كاتێكدا پێش 15ـی ئەیلول نەچوونە دەنگدانی بە خیانەتی نیشتمانی وەسفدەكرد. 
دیارە حكومەتی هەرێم بە گشتی و پارتی دیموكراتی كوردستان بە تایبەت كە جومگەی سەرەكی حكومەتەكەیە، ئەگەری داناوە عێراق بەهۆی ناكۆكیە سیاسیەكانەوە تووشی ئاریشەیەكی مێژوویی بێت و زۆربەی هاوكێشەكان لەناو بچن و هاوكێشەی تر لەجێیان هەڵتۆقێن، ئەم جۆرە رووداوو ئەگەرانەش عەقڵێكی كراوەی پێویستە بۆ مامەڵەكردن نەك سۆزێكی داخراو. 
لە بواری دووەمدا پارتی لەناوچە جێناكۆكەكان بە گشتی و كەركوك بە تایبەت پێگەیەكی جەماوەری وا بەهێزی نییە، واتا بەشداریكردن و نەكردن بۆ ئەو بە هەمان دەرەنجامدا دەشكێتەوەو هەرچی جەماوەری كەركوك و حیزبەكانی ترە با ببنە قیروسیا. 
لەدوای رووداوە دڵتەزێنەكانی 16ـی ئۆكتۆبەرەوە جگە لەوەی پێگەی سیاسی و ئاسایش و جەماوەری لە شارەكە نەما، نەوت و داهاتی نەوتی كەركوك كەوتەوە دەستی حكومەتی ناوەندو ئیتر هیچ بەرژەوەندییەكی نە ئابووری و نە سیاسی لە شارەكە نەماوە، پارتی وەك خووی سیاسی خۆی هەمووكات دەیەوێت هەر باڵادەست بێت، ئەگەر ئەمەی تا ئاستێك لە سێ پارێزگاكەی كوردستان بۆ چووبێتە سەر، ئەوە لە كەركوكی فرەپێكهاتەو پڕ لە كێشەی سیاسەتی هەرێمایەتی و جیهانی بەهۆی نەوتەوە هەرگیزاو هەرگیز نەك بۆی ناچێتەسەر، بەلكو ناتوانێت لە سەرەتایترین ئاكاریدا پیادەی بكات. 
ئەگەر بێت و ئەم حكومەتە پەند لە هەڵەكانی رابردوو وەرنەگرێت و مامەڵەكانی بە هاوسۆزییەكانی خۆی بكات، خۆی لە قۆناغی قومارەوە بەرەو سیاسەت نەبات، لەدەڵاڵیەوە نەچێتە بواری بازرگانی و رێسای ئابووری و سیاسی خۆی بەرەو باشتر نەبات وەك چۆن وێرای ئەو هەموو داهاتە لەبن نەهاتووە میللەتی بێ مووچەو برسی كردووە، نەوتی هەیەو میللەتەكەی سەرمابردە بووە، لە نەبوونی ئاو و كارەباو سووتەمەنی بێ باكەو ئەڵێن ئەگەر پێمان بكرێت بۆتانی دابین دەكەین، كە كەركوكیش تا ئێستا هەر قوربانییەو هەر قوربانی بووە، رۆژێك دێت و دەڵێن بریا ئەو هەموو هەڵەیەمان بەسەر یەكەوە كەڵەكە نەكردایەو ئەو هەموو قومارەمان بە ئینسیابیەتی مێژوو نەكردایەو بە عەقڵێكی كراوە مامەلەمان لەگەڵ دۆخە نەخوازراوەكان بكردایە نەك سۆزێكی داخراو.

 ئیمزا
عەبدولڕەحیم سەرەڕۆ 


‌ 1681 جار بینراوه‌
1/20/2018 10:23:33 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved