»  هەمەڕەنگ
تابلۆ ئومێد چەند كارێكی نوێی هونەری بەرهەمدەهێنێت



“ بەهۆی قەیرانی داراییەوە بەشێك لە هونەر تەنها بۆتە كاری بازرگانی "



كچە هونەرمەندی شۆخ و شەنگ، تابلۆ ئومێد، رایدەگەیەنێت لە ئێستادا سەرقاڵی چەند كارێكی هونەریە و لە ئایندەشدا كاری كلیپیان بۆ ئەنجامدەدات.
ئەو هونەرمەندو لاوە، بۆ دوالاپەڕەی (هەواڵ)، وتی:"لە ئایندیەكی نزیكدا چەند كارێكی هونەری نوێی تایبەت بە خۆم ئەنجامدەدەم و دواتریش كاری كلیپی بۆ دەكەم"، ئاشكرایشی كرد :"لە پێشوودا ئەو بەرهەمانەی وتومەتەوە زیاتر لە ستایلی سونەتی بوە لەگەڵ گرووپەكان، بەڵام لە بەرهەمە نوێكانمدا وەكو ستایلی خۆم حەز بە جۆری ئەربێكست و پۆپ دەكەم و چونكە ئەو دوو ستایلە زیاتر گەنجانەیە".
تابلۆ باسی لەوەشكرد:"ئەو بەرهەمی كە دەمەوێت كاری لەسەر بكەم دەبێتە یەكەم بەرهەمی تایبەت بەخۆم"، وتیشی:"هیوادارم ئەوەی بەرهەمی دەهێنم بە دڵی گوێگرانم بێت ".
ئەو هونەرمەندە تەمەن 26 ساڵە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:"گۆرانی لای من دەربرینی ناخ و هەستی هونەرمەندەكەیە و رەنگدانەوەی تابلۆیەكی سروشت و دونیای جوانیە و هونەرێكە پر لە ئیحساس و سۆز و جوانی".
سەبارەت بە پرۆسەی هاوسەرگیری و رێگریەكانی لە بەردەم بەردەوام بون لە كاری هونەری، تابلۆ، دەڵێت:" هاوسەرگیری زیاتر خۆشەویستی بۆ هونەركەم پێبەخشیوم وایكردوە زیاتر پەرە بە هونەرەكەم بدەم، هاوسەرەكەم زۆر هاوكار و یارمەتیدەرم بووە بۆ كارە هونەریەكانم".
سەبارەت بە كاریگەری هونەرمەندان لەسەر كارەكانی، وتی:"زیاتر هونەرمەندە رەسەنەكانی وەكو محەمەدی ماملێ و شەماڵ سائیب و تاهیر تۆفیق و مەزهەری خالقی و قادر كابان كاریگەریان هەبوە بەسەرمەوە".
ئەو كچە هونەرمەندە كە دەرچوی كولێژی هونەر جوانەكان بەشیی میوزیكی دەنگی ئۆپرای زانكۆی سلێمانیە، سەبارەت بە ئاستی هونەری كوردیش لە ئێستادا، وتی"هونەری كوردی بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینوە كە چەندین هونەرمەندی گەنج توانیوێتی ستایلی بیانی تێكەڵ بە هونەرەكە بكەن"، بەڵام ئەوەشی نەشاردەوە:"هەندێك كەسیش هەن تەنها بۆ خۆ دەرخستن و بازرگانی كاری هونەری دەكەن، كە بەداخەوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە بەشێك لە هونەر تەنها بۆتە كاری بازرگانی". 
تابلۆ ئومێد محەمەد لە دایكبوی ساڵی 1992وە و لەتەمەنی پێنج ساڵیدا بەشداری چەند گۆرانیەكی منداڵانی كردوە و دواتریش لە ساڵی 2009 لە بەرنامەی كورد ستار بۆتە خاوەنی خەڵاتی سێیەم و بەشداری چەندین كۆنسێرت و فێستیڤاڵی هونەری لە شارەكانی هەرێمدا كردوە و لە ساڵی 2013 شدا لەگەڵ گروپیی میوزیكی شەم لە وڵاتی ئیسپانیا بەشداری فێستیڤاڵێكی هونەری جیهانی كردووە.

‌ 813 جار بینراوه‌
1/20/2018 10:24:55 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved