»  پەڕەموچ
ئێمە وەك ئێوە نین
بورهان حاجی سلێمان

ئێمەو ئێوە دوو زڕبرای لەیەكنەچووین
یەكمان قومارچی و شەلاتی
ئەوی دیمان دەروێشی رێی كوردایەتی
یەكێكمان خەمخۆری ماڵەو
ئەوی ترمان رێنیشاندەری دزانە
یەكمان سەرقافڵەی خەباتەو
ئەوی دیمان چاوساغی چەتەو رێگران
ئێمەو ئێوە دوو زڕخوشكی لەیەكنەچووین
یەكمان لەگەڵ تفەنگەكەی 
دەستلەملان رۆژدەكاتەوە
ئەوی دیمان بوكە ورچەكەی لە ئامێز
بەدەم چاتی فەیسبوكەوە 
خەوێكی سور دەیباتەوە 
ئێمەو ئێوە لەیەك ناچین
ئێمە بۆنی نەوتە رەشە كاسی كردووین
ئێوەش بۆنی خوێن و خاكە مەستی كردوون
ئێوە دەچن سنگی ئاسمان شەق دەكەن و
لەبەر بارانی ئازادی سەما دەكەن
ئێمەش كە ئازادی باری
تەربوشەكەی ئەتاتورك و 
عەمامەی ئاخوندەیەك و
چەفیەو عەگاڵی یابەیەك
لەسەر دەكەین
ئێوە بۆ مەرگ تاودەكەن 
ئێمەش هەر كە وتیان (هەرێ) 
پێڕاناگەین پشتێنە كراوەكانمان 
بە تەنگەی قەویمانەوە بەستینەوە
لای ئێوە تازە رۆژ هەڵدێت
لەلای ئێمە زۆر دەمێكە ئاوابووە..
سەركردەكانی ئێوەیە
لەمەیدانەكانی جەنگدا دوژمنكوژن
ئەوانی مەش ئەنفال ئاسا 
تەرمی كوردایەتی و شۆڕش
لە عەرعەری دڵ و ناخمان دەنێژن
میرەكانتان ئاشقی وڵات و گەلن
ئاغاكانمان كۆیلەی پارەو پول و گەڵن
ئێوە فەقیەی دەستی مەلای جزیرینە
ئێمەش دەرچووی حوجرە بۆگەنەكەی (خەتێ)ین
راستە ئێمە لە یەك نەسلین
كوشتەی دەستی یەك جەلادین
بەڵام هەرگیز ئێمەو ئێوە لەیەك ناچین
ئێوە كوردو ئێمەش بە راستی ئەكرادین!

‌ 137 جار بینراوه‌
1/24/2018 3:28:15 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved