»  راپۆرت
سەختترین هەڵبژاردن رووبەڕووی كــورد لە كەركــوك دەبێتەوە


لایەنە كوردستانییەكان ئامادەكاری دەكەن



لایەنە كوردستانییەكان لە كەركوك ئامادەكاری تەواو بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو دەكەن و هەمووانیش هاوڕان لەسەر ئەوەی پێویستە دەنگدەری كورد بە هەموو توانایەكییەوە بچێتە سەر سندوقەكانی دەنگدان و كوردستانیبوونی شارەكە بسەلمێنێت، هەروەها سەختی پرۆسەكە وا لەو لایەنە كوردیانە دەكات ستراتیژی یەكتر شكاندنەوە نەگرنەبەرو بە كارێكی خراپ لە قەڵەم بدەن و جەخت لەسەر پرسە نەتەوەییەكە بكەن.

یەكێتی ململانێ لەگەڵ هیچ لیستێكی كوردی ناكات و لە دەرگای ماڵ بە ماڵی كوردی شارەكە دەدات

یەكێتی لیستێكی سەربەخۆی هەیە، دەڵێت بۆ هاندانی كوردی شارەكە لە هەڵبژاردنەكاندا ئامادەیە لە دەرگای ماڵ بە ماڵی كوردی شارەكە بدات. 
رەوەند مەلا مەحمود جێگری یەكەمی لێپرسراوی مەڵبەندی رێكخستنی (ی.ن.ك) لە كەركوك، لەبارەی ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنەكان لە كەركوك بۆ (هەواڵ) رایگەیاند:” ئێمە وەك یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، لیستی تایبەت بە خۆمان بە لۆگۆی یەكێتییەوە بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق هەیە، كاندەیدەكانیشمان لەو لیستەدا دەبن”، ئاماژەی بەوەشكرد:” وەك یەكێتی هەوڵ و كۆششی گەورە لەگەڵ جەماوەری كەركوك دەدەین، بۆ ئەوەی بچینە سەر سندوقەكانی دەنگدان، بۆ ئەوەش بەرنامەی تایبەتمان هەیە تا سەردانی ماڵ بە ماڵی كوردانی شاری كەركوك بكەین”.
رەوەند مەلا مەحمود وتیشی:” وەك یەكێتی لە كەركوك بڕیارمانداوە ململانێی لەگەڵ هیچ لیستێكی كوردی ناكەین، بە پێچەوانەوە هەوڵی پشتیوانیكردنی یەكتر دەدەین، هەوڵیش دەدەین ئێمە لەسەر كەركوك كار بكەین و هەقمان بەسەر ململانێكانی هەرێمەوە نەبێت”.
جێگری لێپرسراوی مەڵبەند ئاشكراشیكرد:” بۆ ئەوەی ئاوارەكانی كەركوك بێبەش نەبن لە پرۆسەی دەنگدان، كە تا ئێستا لەشارەكانی هەولێرو سلێمانین و شوێنەكانی ترن، لە هەوڵی دۆزینەوەی میكانیزمێكی گونجاوین بۆ ئەوەی ئەوانیش دەنگبدەن، یاخود هانیان بدەین بۆ ئەوەی بێنەوە لە كەركوك بایۆمیتری بكەن بۆ ئەوەی دەنگەكانیان نەفەوتێت”.
راشیگەیاند:” خەڵكی كەركوك دەنگدەدات، خەڵكی كەركوك ئەگەر ناڕازیش بێت هەقیەتی، كێشەی زۆر لە كەركوك هەیە، بەڵام دەبێ ئەوەش لە بەرچاو بگیرێت كە ئەو كاتەی كوردیش حكومڕان بوو، عەرەب چوو دەنگی دا، بۆیە دەبێ خەڵك ئەوە لە پێش چاو بگرێت و بچێت دەنگ بدات، چونكە مافێكی ئاسایی و یاسایی خۆیەتی”.
لەبارەی دروستكردنی ئاستەنگی لەبەردەم هاوڵاتیانی كورد، رەوەند مەلا مەحمود وتی:” هێزە عێراقییەكانیش بە یاسای عێراق و لەژێر سیستمی ئەمنی عێراق دەجوڵێنەوە، لە ئێستاوە تا پێنج مانگی تر ئێمە بە ئومێدین دۆخی كەركوكیش باش بێت و دۆسیەی ئەمنی شارەكە رادەستی پۆلیسی كەركوك بكرێتەوە، بەڵام نازانین بۆ ئەوە تاچەند سەركەوتوو دەبین و لە هەوڵەكانمان بەردەوام دەبین”.

گۆڕان كار لەسەر ئەوە دەكات دەنگی كورد لە كەركوك كەم نەكات

بزووتنەوەی گۆڕانیش پێیوایە لە ئێستادا پانتاییەكی زۆری خاكی كوردستانمان لە دەستداوە، بەڵام دەتوانرێت لە رێگای سندوقی دەنگدانەوە پرسی كەركوك یەكلا بكرێتەوە. 
لای خۆشیەوە حەكیم عوبێد، بەرپرسی مەكۆی كەركوكی بزتنەوەی گۆڕان بۆ (هەواڵ) رایگەیاند:” لە ئێستادا ئێمە خۆمان رێكخستۆتەوەو خەریكی دەستنیشانكردنی كاندیدەكانین، ئەو كاندیدانەی كە پێمانوایە دەتوانن دەنگ كۆبكەنەوە”، ئاماژەی بەوەشكرد:” پێویستە هاوڵاتیانی كورد، بتوانن ئەو پسولەیەی كە كۆمسیۆن لە گەڕەكەكاندا دابەشی دەكات وەری بگرنەوە، بۆ ئەوەش ئێمە هانی خەڵكانی خۆمان هەموو لایەنە سیاسییەكان دەدەین، بچن ئەو كارتی دەنگدانە وەربگرنەوە بۆ ئەوەی كە بتوانن لە پرۆسەكە بەشداربن”.
بەرپرسی مەكۆی بزتنەوەی گۆڕان لە كەركوك وتیشی:”لە ئێستادا خاكی زۆری كوردستانمان لە دەستداوە، باوەڕمان وایە لە رێگای سندوقی دەنگدانەوە دەتوانرێت پرسی كەركوك یەكلا بكرێتەوە، بۆیە تەئكید لەسەر ئەوە دەكەینەوە كە ئەو مافەی كە لە كەركوك و ناوچە كوردستانییەكان لەدەستی كورد چووە، بەشێوازێكی تر بەشێوازی هەڵبژاردن بتوانین بەدەستی بهێنینەوە”.
وتیشی:” ئەوی لەسەرمانە پێویستە زیاتر خۆمان ماندوو بكەین، وا بكەین كە خەڵكێكی زۆر بەشداری لەو پرۆسەیە بكەن، بۆ ئەمەش بەرنامەمان داناوە”.
حەكیم عوبێد ئاشكراشیكرد:” ئەم هەڵبژاردنە لە هەڵبژاردنەكەی پێشوو جیاوازترە، ئەمڕۆ عەرەب و توركمانیش هەموو هەوڵێكی خۆیان دەدەن، ئەمەش مافێكی سروشتی هەموو لایەكە، دەبێ لایەنە سیاسییە كوردییەكانیش كارێك بكەن بۆ ئەوەی هانی هاوڵاتیانی خۆمان بدەین بۆ ئەوەی زۆرترین دەنگ بۆ كورد لە كەركوك كۆبكەینەوە، هەروەها لە رێگای ئەندام پەرلەمانەكانەوە لە بەغدا هەوڵبدەین، بۆ ئەوەی ئەو شێوازەی كە ئێستا لە كەركوك هەیە لە رووی هێزی عەسكەرییەوە، بتوانین هێزێكی هاوبەش دروست بكرێت یاخود هەرنا هیچ رێگرییەك لە هاوڵاتیان نەكرێت بۆ هەڵبژاردنەكان”.
باسی لەوەشكرد:” ئێمە هیچ كات كەركوك جێناهێڵین، باوەڕمان بە كوردستانیبونی ئەم شارە هەیە، كاریش لەسەر ئەوە دەكەین و پشتگیریش لە هەموو شێوزاێكی ئاشتیخوازانەی هەڵبژاردن دەكەین”. 
ئەوەشیخستەڕوو:” لە ئێسشتادا كار لەسەر ئەوە دەكەین دەنگی كورد لەم شارە كەم نەكات، ئەم شارە بەلای ئێمە پرسێكی نەتەوەی و نیشتیمانییە، ئێستا ئەركی سەرشانی هەموو لایەكە بە ئەركی خۆیان هەستن و هەروەها داوا لەو كوردانەی دەرەوەی وڵاتیش دەكەم، خۆیان لە سیستمی بایۆمیتری تۆمار بكەن و بەشداری لە هەڵبژاردنەكە بكەن، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو لایەنە سیاسییە كوردییەكان كار لەسەر ئەوە بكەین دەنگی كورد لەم شارە كەم نەكات”.
 چاودێرێكی سیاسی: لە ژێر هەر پاساوێك پاشەكشەكردن لە هەڵبژاردن خیانەتێكی نەتەوەییە

چاودێرێكی سیاسی سەربەخۆش پێی وایە لە ژێر هەر پاساوێك پاشەكشەكردن لە هەڵبژاردن لە كەركوك خیانەتێكی نەتەوەیی و مێژووییەو بەكەمبوونەوەی دەنگی كورد لە كەركوك رووبەڕووی تەعریب دەبینەوە، پێشیوایە حیزبی كوردی لە ئەلیفیانەوە تا یا لەوپەڕی چەپیانەوە تا ئەوپەڕی راستیان، فێری یەكتر شكانەوە بوونە.
لەسەر هەمان پرس، رابەر رەشید چاودێری سیاسی و شۆڕشگێڕی دێرین، بۆ (هەواڵ) وتی:” لە ژێر هەر پاساوێك پاشەكشەكردن لە هەڵبژاردن لە كەركوك خیانەتێكی نەتەوەیی و مێژووییە، ئەو لایەنەنانەی تائێستا لە كەركوك ماونەتەوە پێویستە بە هەموو توانایانەوە هەوڵبدەن دەنگێكی زیاتر بۆ كورد كۆبكەنەوەو واز لە ململانێی حیزبایەتی بهێنن”.
رابەر رەشید ئاماژەی بەوەشكرد:” من دەڵێم بە هەموومانەوە ئەوەی لە كەركوك ماوینەتەوە، هەوڵبدەین دەنگی زیاتر بۆ كورد كۆبكەینەوەو كۆدەنگی زیاتر دروست بكەین، دەكرێ ئەو لیستانە جارێكی تر هاوپەیمانییەك دروست بكەن و خەڵكەكەیان بە جۆرێك لە جۆرەكان هانبدەنەوە بۆ ئەوەی دەنگی زیاتر كۆبكرێتەوە”.
وتیشی:” بە داخەوە حیزبی كوردی لە ئەلیفیانەوە تا یا لەوپەڕی چەپیانەوە تا ئەوپەڕی راستیان، فێری یەكتر شكانەوە بوونە، بۆ ئەوەی دەنگی زیاتر بهێنم دێم بەرامبەرەكەم دەشكێنمەوە، ئێرە ئەوروپاو ئەمریكا نییە ئەوانەی بۆ سەرۆكایەتی خۆیان هەڵدەبژێرن چی خراپە بە یەكتری دەڵێن، دواتر دەست دەخەنەوە نێو دەستی یەك، ئێرە لە كەركوك و باشوری كوردستان و تەنانەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، من یەك قسە بەرانبەر بە تۆ بكەم هەتا هەتایی ئەو قسەیەت لە بیر ناچێتەوە، جا ئەوە كارەساتە”.
باسی لەوەشكرد:” سەرەڕای ئەو پەرشو بڵاویەی حیزبە كوردییەكان هەوڵی زیاتر بدەن بۆ ئەوەی دەنگی زیاتر كۆبكەنەوە، چونكە عەرەب و توركمان بە لیستێك دادەبەزن، كورد دەبێ بە هەموو شێوەیەك تەركیز بخاتە سەر لایەنە نەتەوەییەكەو دەنگی زیاتر كۆبكاتەوە”.
مەترسی خۆشی نەشاردەوەو وتی:” لەبەر ئەوەی دۆخی كەركوك زۆر ئاڵۆزە، هیچ دوور دوور نییە سبەی لەپێناو بەرژەوەندی حیزبی هەندێ لایەنی تریش بایكۆتی هەڵبژاردن بكەن، كێشەكە لەوەدایە بەكەمبوونەوەی دەنگی كورد لە كەركوك زیاتر رووبەڕووی تەعریب دەبینەوە”.

‌ 140 جار بینراوه‌
1/27/2018 8:42:34 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved