»  وتاری هەفتە
گورزی یاسایی وەكو سێیەمین شكستی كورد
بورهان حاجی سلێمان


دوای 14ساڵ لە نەمانی بەعس ، جارێكی دیكە تەعریب دەبێتەوە هەڕەشەیەكی مەترسیدار بۆ سەر شوناسی كوردستانی شاری كەركوك، ئەمجارەشیان دوو فاكتەری گرنگ بۆ سەرخستنی پرۆسەكە بەدەست هێزە عروبییەكانەوەیە، فاكتەری هێزی دەسەڵات، كە لەدوای رووداوەكانی ریفراندۆم و لەشكركێشیەكەی 16ی ئۆكتۆبەرەوە كەوتە دەست نەیارانی كورد، فاكتەری دووەمیش هێزی قانونە كە ئەمەیان بەئەندازەی هەڵە سیاسییەكان، بە پلە یەك دەگەڕێـتەوە بۆ كەمتەرخەمی كورد چ وەك حكومەت و حیزب و چ وەكو تاك.
رەنگە هیچ شارێك ئەوەندەی كەركوك دەرچووی كۆلێژی یاسای نەبێت، تەنانەت زۆربەی ئەو بەرپرسانەی بە تاقیكردنەوەی دەرەكی گەیشتنە قۆناغی زانكۆ، بەشی قانونیان هەڵبژارد، یەكەمین پارێزگاری كوردی شارەكەشمان لە دوای رووخانی رژێمی تەعریبی بەعس پارێزەر بوو، بەو پێوەرە بێت دەبوایە كەركوك لەچەند ساڵی رابردوودا نمونەی جێبەجێكاری یاسا بووایەو زۆربەی كێشەكانی پەیوەست بە تەعریبیشەوە لەڕێگای ئەو سوپا قانونیەوە چارەسەر بكردایە! 
كێشەی زەوییە كشتوكاڵییەكان و گوندەكان گەورەترین ئەو كێشانەن كە لە چەند ساڵی رابردوودا داوای یەكلاییكردنەوەی یاساییمان بۆ دەكرد، بەڵام چی لە سیستمێك چاوەڕوان دەكرێت، كە بە 14 ساڵ نەیتوانی بێت تەنانەت دروشمەكانی پەیوەست بە عەعریب و تەبعیس لەسەر دیوارەكان بسڕێتەوە؟! 
دوای پرۆسەی ئازادی كورد گەڕایەوە سەر زێدی خۆی، پێیوابوو تەنها كەڵاشینكۆفەكەی دەستی گرەنتی پاراستنی ئەو زەوییانەیە.. دەستەی ململانێی موڵكداری بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشەی زەوی و زار دامەزرێنرا، بەڵام جوتیارانی كورد گرنگییان پێنەدا، حكومەتی هەرێم و حیزبەكانیش نە هانی خەڵكیان داو نە خۆشیان بەدواداچوونیان بۆ كرد، لەبەغداش نەیانتوانی بە یاسا ئەو بڕیارانەی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش و مەرسومە كۆمارییەكانی هەردوو سەرۆكی پێشووتری عێراق سەدام حسێن و ئەحمەد حەسەن بەكری پەیوەست بە پرۆسەی تەعریب هەڵبوەشێننەوە، یان هێزی جێبەجێكردن بدەن بەو ماددە دەستوری و یاساییانەی لەبەرژەوەندی كوردن، لەبەرئەوەی عەقڵیەتی كورد عەقڵێكی ئاسۆ تەسكەو توانای بینینی دوورمەودای نییەو سیاسەتی رۆژو ئەمری واقع پەیڕەو دەكات، چونكە باگراوندێكی دژە یاسایی قوڵی هەیە، بە بەڵگەی ئەوەی ماددەیەكی گرنگی وەكو ماددەی 140 لە ساڵی 2016 لەسەر زاری سەرۆكی ئەوكاتی هەرێم مەرگی راگەیەنرا.
ئێستا هەڕەشەی تەعریب چواردەوری كەركوكی گەمارۆداوە، بەڵام تائێستا كاردانەوەكان وەكو پێویست نین، دەبێت چاوەڕێ بكەین ئەو هەڕەشانە مەزرەعەی بەرپرسەكانیش بگرێتەوە تا حیزبەكان خەمێكی جدی لێ بخۆن، ئێمە سوپایەك لەگەنجی دەستبەتاڵی دەرچووی كۆلێژەكانی قانونمان هەیە، ئەم سوپایە پێویستی بە عەقڵێكە رێكیبخاتەوەو سازیبدات بۆ شەڕێكی یاسایی و هەڵمەتێكی هۆشیاركردنەوەو راوێژ و رێنمایی جوتیاران تا بەدواداچوونی یاسایی بۆ پرسی یەكلاییكردنەوەی زەوییەكانیان بكەن، ئێستا لەدوای شكستی سیاسی و سەربازی، چەكی دەستمان شەڕی یاسایی و فشاری جەماوەریی و شكانی بەستەڵەكی سیاسییە.. دەرچوونیش بە كەمترین زیان لە هەڵبژاردنەكان و دەنگدان بە كەسانی دڵسۆزو بوێر، فاكتەری سەرخستنی ئەو شەڕە یاساییە كە ئەگەر پاڵپشت نەكرێت بە یەكڕیزی هێزە كوردییەكان و چالاكی سیاسی بوێرانەو فشاری راستەقینەی جەماوەری، گرەنتی بۆ سەركەوتنی نییە. 





‌ 1555 جار بینراوه‌
1/27/2018 8:43:18 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved