»  کوردستان
لە ناوشوان 2000 دۆنم زەوی كورد رووبەڕووی تەعریب دەبێتەوە
 رەوان تاڵیب


لە رێگای نوسراوێكەوە ژمارەیەك عەرەبی هاوردە جارێكی تر دەیانەوێت دەست بەسەر زیاتر لە 2000 دۆنم زەوی كشتوكاڵی جوتیارانی كورد لە ناحیەی شواندا بگرن. 
سەباح سدیق، لێپرسراوی بەشی كشتوكاڵی ناحیەی شوانی باكوری شاری كەركوك ، لە لێدوانێكیدا بۆ (هەواڵ)، رایگەیاند:” وەڵامی ئەو نوسراوەی عەرەبە هاوردەكانمان بە چوار خاڵ داوەتەوە كە ئەو یاسایانەی لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەرچووە”، ئەوەشیخستەِروو:”ئەو عەرەبانە بە بیانوی ئەوەی كاتی خۆیی قەرزیان كردووە لە حكومەت و ئێستا داوای قەرزەكەیان لێدەكرێتەوە جارێكی تر دەیانەوێت ناوچەكە تەعریب بكەنەوە”.
بەوتەی لێپرسراوی بەشی كشتوكاڵی ناحیەی شوان، حكومەتی عێراق و وەزیری كشتوكاڵ و پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت پاڵپشتیانن بۆ گەڕانەوەی ئەو عەرەبانە، هاوكات باسی لەوەشكرد:”ئەو خاڵانەی ئیمە وەڵاممان داوتەوە گەڕانەوەی ئەو عەرەبە هاوردانە بەهەموو شێوەیەك رەتدەكەینەوە”.
سەباح سدیق، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:”ئەم هەنگاوەش لەلایەن حكومەتی عێراقەوەیە، كە هەموو نەیارانی كورد یەكیانگرتووە بۆ دووبارە تەعریبكردنەوەی ناوچەكانی شوان و پردێ”.
لای خۆشیەوە لێرسراوی كۆمیتەی شوانی یەكێتی نیشیتمانی كوردستان، ئاماژە بۆ ئەوەدەكات، وەكو یەكێتی ئەو هەنگاوانە بۆ تەعریبكردنی ناوچەكەمان رەتدەكەینەوە. 
ناسر عەزیز، لێرسراوی كۆمیتەی شوانی یەكێتی نیشیتمانی كوردستان، رایگەیاند:”بەشێك لەو عەرەبانەی كە لەسەردەمی بەعس هاوردەی گوندەكانی حەساری بچوك و حەساری وەلی پاشایی و بیراڵك كرابوون، ئێستا داوای زەوی و زاری جوتیارانی كورد دەكەن”، ئەوەشیختسەڕوو:”تەنها لە گوندی حەساری بچوك داوای (1350 ) دۆنم زەوی دەكەن و لە حەساری وەلی پاشایی داوای (600 ) دۆنم و لەگوندی بیراڵكیش داوای (120) دۆنم زەوی جوتیارانی كورد دەكەن كە دەكاتە (2070) دۆنم زەوی “.
بەوتەی لێپرسراوی كۆمیتەی شوانی یەكێتی نیشیتمانی كوردستان، ئەو كەسانەی هاتوون سەرجەم عەرەبەكان نین كە لەسەردەمی بەعس هاوردەی سنورەكە كرابوون، بەڵكو چەند كەسێكن، باسی لەوەشكرد:”ئێمە دەمانەوێت بەپێی یاسا و لە رێگای دادگاوە رێكارەكان بگرینەبەر بۆ ئەوەی جارێكی دیكە نەیەنەوە ئەم ناوچەیە “.
بەپێی زانیاریەكانیش لەلایەن لێپرسراوی بەشی كشتوكاڵی ناحیەی پردێوە كە 4 نوسراوی ئاراستە كراوە بۆ پێدانی زەویەكانی جوتیارانی كورد بە عەرەبە هاوردەكان، بەڵام ئەو نوسراوانە رەتكراوەتەوە كاریان پێ نەكراوە.

‌ 951 جار بینراوه‌
1/27/2018 8:54:41 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved