»  پەڕەموچ
خوێندنەوەیەك بۆ رۆمانی ... (دواهـەمـین شــەوی ســەرۆك)
سەدیق سەعید رواندزی


تەمەنی دیكتاتۆر‌و ستەمكارەكان، هەرچەند درێژبێت، هەرچەند بخایەنێت، رۆژگارێك دێت لەبەردەم رق ‌و تووڕەیی جەماوەر خۆیان ناگرن‌وكۆتاییان پێدێت‌ودەچنە زبڵدانی مێژوو.سەردەمانێك عێراقییەكان، خەونیان بەڕووخانی بەعس‌و سەددامەوە دەبینی. سەرەنجام ئەو خەونە هاتەدی‌و چارەنووسی سەدداممان بینی چۆن بوو؟ لە كوێ خۆی حەشاردابوو؟ لەكاتێكدا خۆی بە قارەمان‌و بەرگریكاری دەروازەی رۆژهەڵاتی عەرەب دەزانی. لافی ئەوەی لێدەدا، كە كۆڵان بە كۆڵان، شەڕی دوژمنەكانی دەكات.
یەكێك لە سیفەتە هاوبەشەكانی دیكتاتۆر‌و ستەمكارەكان ئەوەیە، كەبەرانبەر گەلەكەیان جەلادێكی گەورەن‌و كاتێكیش رووبەڕووی هێڕشێكی دەرەو دەبنەوە، هێندە بودەڵەو ترسنۆك‌ولاواز‌و بێ دەسەڵاتن،  مرۆڤ گومان دەكات لەوەی ئەوانە هەمان ئەو سەركردانە بن كە رۆژگارێك بە ئاگر‌و ئاسن، گەلەكەیان دەكوشت‌و مرۆڤییان بەجۆرەها شێوەی هۆڤییانە ئازار دەدا. قەزافی خۆی بە پێشڕەوی گەلانی ئەفریقی دەزانی.گاڵتەی بە سەرۆك‌وڵاتان دەكرد. لە نێو باڵەخانەی نەتەوەیەكگرتووەكان، وتاری دەداو هەڕەشەی دەكردوو كاغەزی وتارەكانی دەدڕی‌و فڕێیدەدا، كەچی بینیمان لە تونێڵێكی ئاووئاوەڕۆ، وەك جورج خۆی حەشاردابوو. كاتێ دەستگیركرا، مێردمنداڵانی لیبیا گاڵتەیان پێدەكرد. ئەگەرچی بۆ مێژوو بە ویژدانەوە دەبێ دان بەو راستییە دابنێین، كە قەزافی وەك سەددام نەبوو. ئەو تەنها لە رووی سیاسییەوە نەیارانی دەكوشت‌ودژ بە بیروباوەڕیان دەوەستایەوە. بەڵام لە رووی كارگێڕی ئابوورییەوە، خزمەتێكی زۆری لیبییەكانی كرد لە هەموو رووێكەوە.بەدرێژایی هەزاروچوارسەد كیلۆمەتر، ئاوی لە دەریای ناوەڕاست بۆ بیابانە وشك‌وگەرمەكانی دوورترین ناوچەی باشووری لیبیا هێنابوو. بۆ ئەوەی لە رووی كشتوكاڵی‌و گەشتوگوزاری، هاووڵاتییان سوودی لێ ببینن.تاڕادەیەكی زۆری گرفتی بێ كاری‌و نەبوونی شوێنی نیشتە جێبوونی چارە سەركردبوو. بەڵام ئەوەی لەوانە هەمووی بەهادارترە ئازادییە. مرۆڤ با هەموو شتێكیشی هەبێت، كە ئازاد نەبوو بایەخی چییە. قەزافی، كە بۆ ماوەی چل‌ودووساڵ(1-9-1969تاكو20-10-2011)، فەرمانڕەوایی لیبیای كرد، خەسڵەتی كەسیەتی‌و كۆمەڵایەتییانەی سەیری هەبوو. بۆنموونە: ئەو جل‌و بەرگانەی لە بەری دەكرد، هەمووی بەنەخشەی كیشوەری ئەفریقیا نەخشێنرابوون.پاسەوانەكانی هەموویان ژن بوون.بەدرێژایی ماوەی دەسەڵاتی رازی نەبوو پێی بوترێت سەرۆك.بەڵكو هەمو گەلی لیبیا‌و دامودەزگاكانی وڵات، بە دەستەواژەی(برای سەركردەی شۆڕش بانگییان دەكرد). ئەو لەپایتەختی لیبیا لە ژێر چادرێك دەمایەوەو دیدارەكانی رێكدەخست. سەیر لەودابوو بۆ هەروڵاتێك سەفەری بكردایە، دەبوو ئەو چادرەی پێ بوایە بۆ دانیشتن. ئەمانەو زۆر خاسیەتی دیكەی سەیری هەبوون. بەداخەوە دوای قەزافی بارودۆخی لیبیا نەك هەر نەگۆڕا، بگرە ئێستا وێرانەیەك ‌و گە رەلاوژێیەك لەو وڵاتە هەیە، كەس بە كەس نییە. رۆِمانی (دواهەمین شەوی سەرۆك) كە لەنووسینی نووسەری جەزائیری(یاسەمین خەزرایە) باسی شۆڕشەكەی لیبیاو دوا ساتەكانی تەمەنی قەزافی دەكات. كاتێ هاووڵاتیانی لیبیادەستییان بەڕاپەڕین كرد. ئەم رۆمانە كەلە دەمی كەسی یەكەمی تاكەوە رووداوەكان دەگێڕێتەوە پاڵەوانەكەی هەرخودی قەزافی خۆیەتی.ئەو كاتانەی لە گەڵ بەشێك لە كەسە نزیكەكانی كە پێشترلە گەڵی لەدەسەڵات بوون، لە قوتابخانەیەك، لە ترسی شۆڕشگێڕەكان‌و بۆردوومانەكانی هاوپەیمانان خۆیان حەشارداوە. تەنانەت نووسەری رۆمانەكە ناوی هەمان ئەو كەسانەی لە كارەكتەرەكانی رۆمانەكەی ناوە، كە بە شێك بوون لە دارودەستەی قەزافی. وەك:(ئەبوبەكریونس جابر، كە وەزیری بەرگری بوو، موعتەسم‌ومەنسوور كە كوڕەكانی خۆی بوون، هەروەها ژنە پاسەوانەكانیش، موقەدەم تورید)‌و گەلێك كارەكتەری تر. قەزافی كە پێشتر ئەو هەموو دەسەڵاتەی هەبووە، ئیدی ئێستا سەرۆكێكە لە هەموو كەسەكانی دەوروبەری بەگومانە. ئەو خەیاڵ دەكات‌و دەگەڕێتەوە ئەو ساتانەی مولازمی یەكەم بووەو دواتریش كودەتایەكی سەربازی لە دژی شائیدریس سەنووسی بەرپا دەكات‌و دەبێتە سەركردەی شۆڕشی لیبیا. قەزافی لە رێی تەكنیكی فلاشباكەوە ئەو ساتانە دێنێتە بەرچاوی خۆی، كە تیایدا سەركردەی لیبییەكان بووەوبە دیدی خۆی هەمیشە لە نێو دڵ‌ودەروونی لیبییەكان دابووە. بۆیە ناتوانێ باوەر بەوە بهێنێ كە ئێستا لە چ بارودۆخێكدایە.چۆن لە ترس یاخی بووان خۆی حەشارداوە. رەنگە ئەو گەڕانەوەییەی پاڵەوانی رۆمانەكە بۆ رابردوو، هەوڵێك بێت بۆ لەیادكردنی ئێستا.ئێستایەك كە وێنەیەكی دیكەی جیاواز لە رابردووی هەیە. بەدەربڕینێكی تر، قەزافی بۆیە دەگەِرێتەوە رابردوو، تا ئەو واقیعە لە یاد بكات كە ئێستا تیایدا دەژیت. ئەو چونكە بۆ ماوەی چل‌و دوو ساڵ بەبەردەوامی لە روانگەی خۆی برای سەركردەی شۆڕش بوو، چۆن دەبێ ئێستابە ترسێكی زۆرەوە لە ژیانی خۆی لە قوتابخانەیەك خۆی حەشاربدات.قەزافی دەڵێت:( لیبیا بە بێ من نەگبەتیەكی بێ ناوو ئاییندەییە). دیكتاتۆرەكان چونكەنیشتمان‌و گەلەكەیان بچووك دەكەنەوە لە كەسیەتی خۆیان، ئیدی واهەست دەكەن، بەنەمانی ئەوان نیشتمانیش نامێنێت، چارەنووسی گەلیش نادیار دەبێت. بۆیە بەردەوام هەوڵدەدەن، ئەودیگایە لە مێشكی هاووڵاتییانی وڵاتەكەیان بچەسپێنن. ترسێك دروست دەكەن، كەهەر كاتێ ئەوان نەمان نیشتمانیش نامێنێ. لە كاتێكدا بەهۆی ئەوانەوە ساڵانێكی زۆرە شكۆی نیشتمان نەماوە. لەو روانگەیەوە یەكێ لە نزیكەكانی قەزافی دەڵێت:( هەرچەند دەكەم ناتوانم لیبیایەك بهێنمە بەرچاوی خۆم تۆی تێیدا سەرۆك نەبیت) یاخود دەڵێت:(من لە ژیانی سیاسیم هەرچیم كردووە بۆتۆبوو نەك بۆ نیشتمان)ئەو شوناسە بۆ تاك، بەشێكی گەورەی شوناسی مرۆڤەكانەلە وڵاتە ستەمكارەكاندا. شوناسێك كەهەمیشە خۆی بە بچووك‌و زەلیل دەبینێت لە بەرامبەر دەسەڵات‌و هەیمەنەی سەرۆكدا. ئەوەش دەرەنجامی هەموو ئەوترس‌و سامەیە، كە لە دڵ‌و دەروونی تاكەكان، لەكاردانەوەی ستەمكردنیان دروست دەبێت. ترس لە جەلادو ستەمكاریش كۆتایی نایەت ئەگەر وەك (جوبران خەلیل ) لە كتێبی (پەیامبەر)دا دەڵێت: (سەرەتا دەبێ ترسی ناخمان بشكێنین، یاخود گەر بمانەوێ تەختی سەرۆكێكی ستەمكار بڕووخێنین، دەبێ سەرەتا دیوارەكانی ناخمان بڕوخێنین). پاوڵۆ فرێریش لەپەرتووكی( پێداگۆگی ستەملێكراوان)دەڵێت:( تراژیدیترین دۆخی ستەمكاری ئەوەیە، كە ستەملێكراوان لە ستەمكاریەكەیان رادێن‌و خەیاڵی ئەوە دەكەن ئەوان هەر لە ئەزەلەوە بەو شێوەیە ژیاون).ئیدی كە مرۆڤ لەگەڵ جەلادەكەی راهات، ئەوا دەبێتە قوربانییەكی هەمیشەیی. كە ئەمەش دوا ترۆپكی دۆخی ستەمكارییە. بەڵام دەبێ ئەوەبزانین سەرەنجام ستەمكارەكان لە ناو دەچن. یەكێكی دیكە لە خەسڵەتی ستەمكار نەرجسیەتە. واتە خۆخۆشویستن‌وخودگەرایی تا رادەی خوایی بوون. ئەوان واهەست دەكەن، هێزێكی نادیار‌و ئەزەلی بۆ هەتایە، ئەو دەسەڵاتەی پێداون. یاخوود بوونی ئەوان نیعمەتێكی خودایە بۆ گەلەكەیان.بۆیە هەندێ كات خودگەراییان دەگاتە ئاستێك كەخۆیان لە سەرووی مرۆڤەكان دەبیننەوە. قەزافی لەو رۆمانەدا دەڵێ:(من موسابووم لە شاخەكان هاتمە خوارەوە بەڵام لە بڕی لەوحی شەریعەتەكان، كتێبی سەوزم پێ بوو!) یەكێك لەو تایبەتمەندییانەی پەیامبەرانی پێ دەناسرێنەوە لە روانگەی بڕوادارانەوە، پەرچووە.كەجیایان دەكاتەوە لە مرۆڤی ئاسایی. قەزافیش خۆی بە موسا دەچوێنێت‌و رەنگە گەلەكەشی بەشوێن كەوتووانی فیرعەون زانیبێت. بەڵام قەزافی نەیتوانی وەك موسا فیرعەونەكان لەناوبەرێت. بەڵكو ئەو كۆمارەی بە خەیاڵی خۆی بۆ گەلەكەی دامەزراندبوو، هەروەهادوای هەموو ئەو دەسكەوتانە بە تێگەیشتنی خۆی، ئێستا چی دەبینێت؟ خیانەتی گەلەكەی. هەڵگەڕانەوەی نزیكەكانی. بێگومان قەزافی ئەوكاتەی رێبەری لیبیاش بوو، بەردەوام خۆی وەك رزگاركەری ئەفریقییەكان‌و عەرەب دەبینی. ئەمە تێگەیشتنی بە شێكی زۆری سەركردە‌و دیكتاتۆرەكانی عەرەب بوو. كاتێكیش كەوتنە بەر رق‌وتووڕەیی گەلەكەیان، ئیدی لە پەنهاترین‌وقێزەوەنترین شوێن خۆیان حەشاردەدەا. هەموومان بینیمان سەددام‌و قەزافی لە كوێ دۆزرانەوە.ئەو رۆمانە كە پاڵەوانەكەی هەرخودی قەزافی خۆیەتی، دوایین ساتەكانی ژیانی قەزافی باسدەكات كاتێ لەترسی یاخی بووان خۆی حەشارداوە. تاكو دواتر لەوشوێنە دەردەچن‌و لە كۆتاییشدا لەتونێڵێكی تاریك‌و لاچەپ دەیدۆزنەوەو سەرەنجام بە شێوەیەكی زۆر كۆمیدیانە دەیكوژن. بە بڕوای من پەیامی ئەو رۆمانە هەرتەنها بۆ خوێنەر نییە، بەڵكو بۆ هەموو ئەوسەرۆكە ستەمكارانەیەكە هەرگیزكورسی فەرمانرەوایی جێ ناهێڵن‌و گەلەكەیان دەچەوسێننەوە.كاتێكیش رووبەڕووی دوژمنێكی دەرەكی دەبنەوە، هێندە ترسنۆك‌وبودەڵەن، شوێن نامێنێ خۆیانی لێ حەشار نەدەن. لە كۆتاییدا دەمەوێ پەیڤێك لە بارەی وەرگێڕانی كتێبەكەوەبڵێم. ئەوكتێبە بەزمانێكی كوردییانەی یەكجار رەوان‌و پاراو وەرگێڕدراوە.وەڕگێڕانێك كەیارمەتی خوێنەردەدات بێ گرێ‌و گۆڵ لەناوەڕۆكی رۆمانەكە بگات. دیارە ئەمەش بەهۆی وەرگێڕی كتێبەكەیە كە یەكێكە لە وەرگێڕە بەتوانا و لێهاتووەكانی دنیای وەرگێڕانی ئێمە و تائێستاچەندین كتێبی بۆزمانی كوردی وەرگێڕاون.

پەراوێز/
دواهەمین شەوی سەرۆك/ نووسینی یاسەمینە خەزرا/ وەرگێڕانی ئازاد بەرزنجی/ بڵاوكراوەی ئەندێشە 2017.
*لەمیانەی خوێنەوەی پێشەكی رۆمانەكە، هەستم بەوەكرد كە ساڵی لەدایكبوونی نووسەرەكە كە 1995نووسراوە، هەڵەبێت. چونكە لەگەڵ بەروارەكانی دیكە یەك ناگرێتەوە..

‌ 822 جار بینراوه‌
1/27/2018 8:57:18 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved