»  شۆک
 بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو گەنج داوای مافی خۆی دەكات
ئا / هاوار ستار


داوادەكرێت گەنجان بهێنرێنە پێشەوە بۆ ئەو هەڵبژاردنەی لەماوەی چەند مانگی داهاتودا بەڕێوەدەچێت، وەك ئاشكرایە حكومەتی عێراقی وادەی هەڵبژاردنەكانی دیاری كردوەو چەند مانگێكی تر دەچینە بوارێكی سیاسی نوێوە، بۆ ئەو مەبەستەش گەنجانی كەركوكی لە كایەجیاكاندا پێیانوایە دەبێت لە رێی گەنجی نوێ و كەسانی نوێوە دەنگدەر ئاشت بكرێتەوەو سیستمەكە كەسانێك بەڕێوەی بەرن توانایەكی نوێ و كرداریان هەبێت.

لەو بارەیەوە، هەكار عەزیز وەكو گەنجێكی شاری كەركوك بۆ (هەواڵ) وتی: "پێموایە سەرجەم حزبە كوردستانیەكان بەتایبەت لە كەركوك ئەو دەموچاوانەی پێشتر لە حزبەكانیان هەبوون ئێكسپایەر و كۆنبوون و هەوڵ بدەن دووریانكەنەوە، لەبری ئەوان دەموچاوی تازەو تەمەنی تازە و وزەی تازەی نوێ تاقیبكەنەوە".
هەروەها وتی: "پێویستە حزبەكان گرنگی بە سەربازە ونەكان بدەن و ئەو گەنجانەی لە بواری تردا كاریان كردووە و خۆشەویستی خەڵكن ئەوانە بهێننە پێشەوە".
ئەو گەنجە وتیشی: "بەهیوام حزبەكان واز لە هوتافی شۆڕشگێڕی و سەردەمی شاخ بهێنن و بە بیری نوێوە بێنە پێشەوە لەسەر بناغەی توانا و یاسایی و دەستوری هەوڵبدەن لەرێی گەنجەوە خۆیان بەرنەوە نێو كۆمەڵگە".
هەكار عەزیز باسی لەوەشكرد: "ئەو گەنجانەی دێنە پێشەوەش دەبێت خۆیان لەو بیرە تەسكە حزبییە كۆنانەی پێشوو دەربكەن و كۆمەڵێك بیرۆكە بدەن و كاربكەن لەنێو خەڵكدا كە ئەمان وەكو ئەوانیتر نەبن و نابن تا بتوانن كۆمەڵ بەخۆیان ئاشتبكەنەوە لەروی نەتەوەییەوە".
ئاماژەی بەوەشدا: "ئەو گەنجانە دەبێت كارێك بكەن كە بەپێی كارو توانایان سەیر بكرێن و لەسەر هەر لیست و قەوارەیەك بن خەڵك دەنگیان پێبدات، چونكە دەبێت وابكەن خەڵك لەبەر ئەو دەنگ بەحزبەكەی بدات نەوەك لە بەر حیزب و بوونی لەو فراكسیۆنە دەنگ بەو گەنجە بدات".
شكۆ عومەر راگەیاندنكار لە كەركوك یەكێكی ترە لە گەنجانی كەركوك و لەسەر پرسی هێنانە پێشەوەی گەنج بۆ (هەواڵ) وتی: "گۆمانی تێدانییە هەڵبژاردنی ئەم جارەی عێراق بە گشتی پڕە لە ململانێ بە پلەی یەكیش بۆ كورد و دواتر سوننەكان هاوكێشەیەكی زۆر زۆر قورسە، چونكە لەگەڵ ئەوەی ململانێكانیان قورس بووەتەوە لە ماڵی خۆشیاندا لە ململانێن".
باسی لەوەشكرد: "دۆخی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان كە بەنەخوازراوی تێیدان دەگەڕێتەوە بۆ مامەڵەی ناتەندروستی چەند ساڵەی حزبی كوردی لەگەڵ هاوڵاتیان و لەگەڵ روداوەكانی هاتونەتە پێشەوە، لەبەرئەوە زۆر سەختە حزبە كوردیەكان ئەم جارەش بیانەوێ پشت بەو كارەكتەكرانە ببەستن كە چەندین جار لەدیمەنە سیاسیەكانی گۆڕەپانی سیاسیدا دەركەوتوون".
شكۆ عومەر جەختیكردەوە: "بەبڕوای من دەبێت كار بكرێت لەسەر توانا و وزەی شاراوەی نێو كۆمەڵگە جا هەر حزبێك ئەوە دەكات كێشە نییە، ئەوەش لە پێناو ئەو دەنگە ناڕازی و توڕانەی لە نێو دەنگدەری كوردیی هەیە بە فیڕۆ نەڕوا".
وتیشی: "هێنانی توانا و وزەی شاراوە كە گەنجانن لە پێناو ئەوەیە خەڵكی توڕە لەحزب كە ئەڵێ دەنگنادەم و روداوەكانی ئەم دواییە لە ئەستۆی حزب دەگرن دەنگەكانیان نەسوتێت و بەفیرۆنەچێت".
هەروەها ئەو راگەیاندنكارە وتی: "بۆیە پێویستە حزبەكان كەسانی خواری خوارەوە بێنن و سەریان بخەن بەمەرجی توانا و لێهاتوویی و كاركردنیان، چونكە ئەمجارە ئەوەندەی خەڵك بڕوای بەوەیە كەس هەڵبژێرێت ئەوەندە بڕوای بەحزب نییە هەڵیبژێرێت".
ئاماژەی بەوەشدا: "لەپێناو بردنەوە ئەمجارە هەرچەندە بردنەوە ئەستەمە، دەكرێت بڵێین لەنێو هەمو دۆڕاوەكان ئەمجارە ئەوەی بە كەمترین زیان لێی دەردەچێت ئەو لایەنەیە كەسێك هەڵدەبژێرێت خۆشەویستی نێو كۆمەڵگە بێت یان لایەنی كەم كەسێكی واقعیەتی نێو كۆمەڵگەبێت".
وتیشی: "گۆمانی تێدا نییە سپاردنی ئەم قۆناغەی داهاتو وەكو واجیهە بە گەنجان و بە دەموچاوی نوێ یەكێكە لە كلیلەكانی هەنگاونان بەرەو سەركەوتن".
هەر لەسەر بەشداری كردنی گەنجان لەم هەنگاوە نوێیەی سیاسەتدا، رێبین محەمەد لێپرسراوی سەنتەری كەركوكی رێكخراوی ئازادی لاوان بۆ (هەواڵ) وتی: "لەدوای ئەو دۆخەی بەسەر كوردستان و كەركوكدا هات بە تایبەتی و لەنێو حزبەكەی خۆمەوە شتەكانن ببینم، پێمان باشە فشارێكی گەورە دروست بكەین لەسەر حزب و چەند گروپێكیشمان بۆ ئەو مەبەستە پێكهێناوە و لەگەڵ مەڵبەند هەوڵمانداوە بۆ ئەوەی كەسی نوێ و دەموچاوی نوێ بهێنینە پێشەوە".
هەروەها وتی: "ئەوەی بەسەر كەركوك و ناوچەكانیتر و كوردستاندا هات بەگشتی دیارە بەهۆی ئەنجامدانی هەڵەی سیاسی و ئەنجامی ئەوەی چەند ساڵە لەم شارە مامەڵەیەكی خراپ لە سیاسیەتدا جێبەجێكراوە".
باسی لەوەشكرد: "هەربۆیە لە پێناو هەوڵدانێك بۆ باشبوون پێویستە نەك هەر یەكێتی، سەرجەم حزبەكان بیر لە دەموچاوی تازە و بەتوانا بكەنەوە و خەڵكی نوێی نێو كۆمەڵگە بهێننە پێشەوە، چونكە لە راستیدا خەڵك بڕوای بەهەندێ كەس و سەركردەی پێشوو نەماوە كە بەرپرسیارێتی ئەم دۆخە هەڵگرێت".
رێبین محەمەد وتیشی: "لەپێناو هەوڵدانێك بۆ پاراستنی ماڵی كورد پێویستە سەرجەم ئۆرگانەكان و حزبەكان لەرێگەی خۆیانەوە گەنجی بەتوانا و ئیشكەر بهێننە پێشەوە و پێویست بەوە ناكا بیر لەكەسێك بكرێتەوە پێشوتر پلەو پۆستی هەبووبێت".
هەروەها رێبین رونیكردەوە: "وەكو یەكێتی ئەگەری هەیە پێش هەڵبژاردن كۆنگرە ببەستێت و بۆ ئەوەش هەوڵی زۆر دەدرێت گەنج بهێنرێتە پێشەوە بەمەبەستی نوێ بوونەوەی حزبەكە و هەوڵدان بۆ گۆڕانكاری نوێ".





‌ 1108 جار بینراوه‌
1/27/2018 9:11:03 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
?? ?????????? ??????? ???? ?? ??? ???? ??????

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved