»  راپۆرت
لە شەواندا خۆیان رۆڵی هێزە ئەمنییەكان دەبینن




دزەكان خەڵكی كەركوك ناچار بە گەڕانەوە بۆ سروشت دەكەن



دوای زیادبوونی دیاردەی دزی لە شاری كەركوك و هەڵكوتانە سەرماڵان لە ئێستادا لە بەشێك لە گەڕەكەكانی كەركوك شەوانە هاوڵاتیان خۆیان بە نۆرە پاسەوانی گەڕەك دەكەن و چاودێری ماڵەكانی خۆیان و دراوسێكانیان دەكەن، هاوكات لەگەڵ ئەم كارەش دیاردەی راگرتنی سەگ سەریهەڵداوەتەوە و بۆ هەمان مەبەست خەڵكی سەگ بەخێو دەكەن تا لە حاڵەتێكی وەكو دزی كردن ئاگاداریان بكاتەوە، ئەم پاسەوانی كردنە شەوانە لە گەڕەكی رەحیماوای شاری كەركوك بەدی دەكرێت دوای ئەوەی زۆرێك لە دزیەكان لەو گەڕەكە ئەنجامدران، لەسەر ئەم بابەتەش پۆلیس و لایەنە ئەمنیەكان ئەو هەوڵەی هاوڵاتیان بە گرنگ دەزانن.

یەكێك لەو كەسانەی شەوان و بە نۆرە لەگەڵ پیاوانی گەڕەكەكەی پاسەوانی دەكەن، هەژار ئەحمەدە كە هاوڵاتیەكی دانیشتوی گەڕەكی رەحیماوای شاری كەركوك و بۆ (هەواڵ) وتی: "بە راستی كەس ناتوانێت شەوانە بە ئارامی بخەوێت، چونكە شەوانە هەڵكوتانە سەرماڵان و ئۆتۆمبێل دزین و گیرفان بڕین روودەدەن ، بۆیە ئێمە بڕیارماندا لە كۆڵانی خۆمان و هەر شەوێك یەكێك یان دووانمان ئێشك بگرین و پاسەوانی بكەین"، وتیشی: "مەبەست لە پاسەوانیكردنی ئێمە بە تایبەت لەشەوان بۆ ئەوەیە كە سەروماڵ و منداڵی خۆمان بپارێزین لەو نەفس نزمانەی هەلەكە دەقۆزنەوەو دەدەن بەسەر ماڵاندا، چونكە بە راستی دزیكردن زۆر زۆر بووە و شەوانە روودەدەن".

كرێ پاسەوانیش زیادی كرد
هەرچەندە لە ئێستادا بە هۆی قەیرانی داراییەوە قورسایی و فشارێكی ماددی زۆر لەسەر هاوڵاتیانە، بەڵام هەژار دەڵێت: "پاسەوانیكردنمان بەباشزانی و چەكمان پێیەو شەوانە دەمێنینەوە بۆ ئەو مەبەستەش هەر ماڵەو 10 هەزار دینارمان لێوەرگرتوە تا مانگێك و ئەوەش بۆ ئەوەی كارەكە بەردەوام بێت و خەرجی دابینبكەین و چاودێری گەڕەك بكەین".

گەڕانەوە بۆ سروشت .. پەنابردن بۆ دۆستە بەوەفاكەی مرۆڤ
داستان كاكۆ هاوڵاتییەكی دیكەیەو دەڵێت ئێمە سەگی دڕمان راگرتووە بۆ پاسەوانی و پارێزگاریكردن لە خۆمان
داستان بۆ هەواڵ وتی: " دوو سەگی زۆر دڕمان راگرتووە تا شەوان پارێزگاریمان لێ بكەن و بە ئارامی بنووین".
وتیشی "بەشێكی زۆر لە هاوڵاتیان سەگیان كڕیوە بۆ پاسەوانی و چاودێری ماڵەكانیان و ئەمە جگە لەوەی ماڵەكان كامێرای چاودێریش دەبەستن، هێشتا خەڵك لە ماڵی خۆی دڵنیا نییە".

پۆلیس دەستخۆشی لە پلانی هاوڵاتیان دەكات!
عەقید نەوزاد ستار شەریف بەڕێوبەری بنكەی پۆلیسی رەحیماوا لەسەر هەمان پرس بۆ (هەواڵ) وتی: "ئەو هەوڵەی هاوڵاتیان زۆر بە باش دەزانم كە ئەركی پاسەوانی گەڕەكی خۆیان دەگرنە ئەستۆ، چونكە لە راستیدا ئێمە ژمارەمان زۆر كەمەو سنورەكەمان زۆر گەورەیەو فریای رووماڵی هەمووی ناكەوین".

تەنها دزیەكی ئاسایی نییە
نوسەرو روناكبیر سەباح ئیسماعیل سەبارەت بە پەرەسەندنی دیاردەی دزی دەڵێت" لە غیابی ئاسایشی و بوونی فەراغی ئەمنی چەندین شەو هەواڵی دزیكردن لە گەڕەكەكەمان دراوە، بەڵام بە هۆكاری جیاواز سەریان نەگرتووە، بۆیە ئێستا خەڵكی گەڕەك بڕیاریان داوە خۆیان پاسەوانی ماڵ و موڵكی خۆیان بكەن".
ئەو نووسەرە وتیشی "ئەمە تەنها دزی ئاسایی نییە، بەڵكو لە پاڵیەوە دەیانەوێت ترس و دڵەڕاوێ لە گەڕەكە كوردییەكان دروست بكەن و بەتاڵیان بكەنەوە لە واتای راستەقینەی ژیان".

كارەبا هاوكاری دزەكانە
بەڕێوبەری بنكەی پۆلیسی رەحیماوا وتیشی: "ئەو دزیانەی دەكرێن زیاتر لە دوای كاتژمێر 12ی شەوەوە ئەنجام دەدرێن، ئەوەش بەهۆی خامۆشی شار و بچڕانی تەزووی كارەباوە ئەو هەلە دەقۆزنەوە، هەر بۆیە ئێمە لە كاتژمێر 11ی شەوەوە تاوەكو كاتژمێر 4ی بەیانی مەفرەزەو دەوریاتمان لە سنوری خۆمان دەسورێتەوە و چاوكراوەن".
هەروەها وتی: "لەگەڵ هەوڵی ئێمە خەڵكیش هاوكارمانن و ژمارە تەلەفۆنەكانی ئێمەیان وەرگرتوە و هی سەرجەم ئەفسەرەكانی خۆمان پێداون و تەنانەت هی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانیش تا ئەوانیش بەردەوام هۆشیاربن و ئەوەندەی بۆمان كراوە هەوڵمانداوە لەدەستگیركردن و راوەدونانی لەیاسا دەرچوانداو بەردەوامیشین".
عەقید نەوزاد ستار لەسەر رۆڵی هاوڵاتی لەگرتنی دزدا وتی: "تا ئێستا خەڵكی سنوری ئێمە كەسیان نەگرتووە، بەڵام دزیان ئاشكرا كردووە و لە هەندێ جێگەش تەقەیان لێكردوون و راویان ناون تا تیمەكانی پۆلیس گەیشتونەتە شوێنی روداوەكە".

غیابی روڵی كورد هۆكاری پەرەسەندنی دیاردەكەیە
سەرۆكی لیژنەی ئەمنی ئەنجومەنی پارێزگا پێیوایە زیادبوونی روداوەكانی دزی و بڕین بۆ ئاڵٍۆزی دۆخی شارەكەو غیابی كورد دەگەڕێتەوە لەرووی سیاسی و ئەمنییەوە.
ئازاد جەباری سەرۆكی لیژنەی ئەمنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ (هەواڵ) رایگەیاند: "غیابی سیاسی و ئەمنی كوردو دووركەوتنەوەی هێزی ئەمنی كوردیی لەشارەكە كاریگەری بەرچاوی هەیە لە ئاڵۆزبوونی دۆخەكەو سەرهەڵدانی لەڕێ دەرچوون و دزی و كاری نایاسایی".
هەروەها وتی: "دزی لە هەموو جێیەكی دونیادا هەبووە و لە هەمو شارێك هەیە، بەڵام زیادبوون و بوون بەدیاردەیی بۆ هەبوونی كەلێن دەگەڕێتەوە، ئاشكراشە كەلێن لەشاری كەركوك دوورخستنەوەو پەراوێزخستنی كوردی شارەكەیە، چونكە هیچ نەبێت دەزگائەمنی و هێزەكانی خۆمان شارەزایی شارەكە بوون".
سەرۆكی لیژنەی ئەمنی ئەنجومەنی پارێزگا ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "چارەسەر بۆ ئەم دۆخە دانانی پارێزگار و گەڕانەوەی رۆڵی سیاسی و ئەمنی كوردە بۆ شارەكە و پێكهێنانی ژووری هاوبەشە بە سەرپەرشتی هێزەكانی ئەمریكا و هێزە بیانیەكان تا هەمو بتوانن بەشداربن لە بەڕێوەبردنی شاردا و دژی هەموو نایاساییەك بوەستنەوە".

‌ 179 جار بینراوه‌
2/10/2018 9:43:36 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved