»  پەڕەموچ
پەیامی پێكەوەژیان لە رۆمانی “ئەڤیندار”ـی عەباس جەعفەری
رانانی: جاویدان حەسەن



و: عەبدوالڕەحیم سەرەڕۆ 

ئەو كەسەی رۆمانی ئەڤینداری عەباس جەعفەری بخوێنێتەوە، درك بەوە دەكات كە نووسەرەكە خۆی شایستەی نازناوی ئەڤیندارە بە هەموو مانایەكەوە، چونكە ئەو نووسەرە لە پەیامەكەیەوە ئاشكرایدەكات كە عاشقە بە خاك و ئازادی و ئاشتی لە رۆژاڤای سوتماك بەرەو بە نیشتمانبوون.
عەباس جەعفەری نووسەری شۆڕشگێرو عاشق بە جوانی و ژیانی ئازادانەو خاوەن بڕوای تەواو بە مەسەلەی كورد لە رێگەی رۆمانی ئەڤیندارەوە زۆر بە وردبینی باس لەو كەیسە دەكات كە زۆربەی نەتەوەكانی دراوسێ لێی بەدوورەپەرێزی وەستاون تەنانەت ئەو خەڵكە غەیرە كوردانەی كە لەناو خاكی كوردستان لە هەرچوار پارچەكەدا دەژین لێی تێناگەن و بەتایبەت مەسەلەی رۆژاڤا كە شۆڕشێكی لەناكاوی دوای خەفەكردنی نیو سەدە لەكوردایەتی و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی ناسنامەی كوردی لەو خاكەوە لەپڕێكدا بەهەموو تینەتاوێكەوە سەری هەڵدایەوەو دەنگی گەیشتە هەموو جیهان و ئەمرۆ وڵاتانی دەوروبەر لە ترسی دامەزراندنی قەبارەیەكی دیموكراسی نوێ لە ناوچەكە هەوڵی لەباربردنی دەبەن چونكە دۆستانمان بەر لە دوژمنان دەزانن كاریگەری زۆری بەسەر پرۆسەی سیاسی ناوچەكەوە دەبێت و ئیرادەی میللەتانی تری ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەرەو پێشكەوتن و سەرهەڵدانەوەی ژیانی نوێ شۆڕشی گەورەتر هەڵدەگیرسێنێت. 
هەر بەو هۆیەوە لە هەموو لایەكەوە نەیارانی كورد هەرچی تواناو هێزیان هەیە بە مەبەستی لەباربردنی ئەو شۆڕشی برایەتییە كەوتوونەتە گەڕو هیچیان بۆ نەماوەتەوە جگە لە دەرهاویشتەی خەیاڵێكی دزێوو بیركردنەوەیەكی بۆگەن دەستیانرد بە دروستكردنی كۆمەڵی تیرۆرستیی داعش بۆ ئەوەی ئەو پڕۆسەی نەبەردییە لەباربەرن و دواتر بە ویستی خۆیان جەستەی نیشتمان بشێوێنن، بەڵام گەلانی ناوچەكە خاوەن هیواو ئاواتی گەورەتربوون لە پیلانەكان و سووربوون لەسەر بەرگری و روبەرووی هەموو پیلانە بۆگەنەكانیان بوونەوەو تا ئێستا سەركەوتن لە چارەنووسیاندایەو ئامانجەكان لە بەردەستەبوونەوە تا دێت نزیكتر دەبنەوە. 
نووسەر لە رۆمانی “ئەڤیندار” باس لە خۆشەویستی نێوان دوو عاشق دەكات لەسەر خاكێكی شێواو بە كولتوورو نەریتی جیاجیا، كە بۆتە هۆی لێكدابڕانی گەورەی تاكەكەكان بەهۆی خودپەرێزی ئایینی و مەزهەبی و نەتەوەیی و ئیتنییەوە، كاراكتەری داستانی خۆشەویستی لەم رۆمانە شەڕڤانێكی قارەمانە بەناوی دەروێشی عەڤدی كە گەنجێكی كوری ئێزدیانەو پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ كچێكی نەشمیلی موسڵماندا بەستووە كە ناوی عەدولەیە، عەڤدی بەرگری دژی هەموو پیلانگێری و هێزە هێرشبەرو داگیركەرەكان دەكات لە پێناوی ئەو خۆشەویستییەی هەرگیز رێگە نادات خامۆش بكرێتەوە، عەڤدی بەدەر لە هەر شەڕڤانێكی تر چەكی شەرەف بۆ دوو مەبەست هەڵدەگرێت یەكەم نیشتمان و دووەم رێگریكردن لەوەی تیرۆرستانی داعش زەفەر بە خۆشەویستەكەی بەرن، هەر لە میانی ئەم چیرۆكی خۆشەویستییەوە نووسەر دێت و لایەنی ئەرێنی شۆڕشی رۆژاڤا دەخاتە بەرباس كە ئامانجی سەرەكی پێكەوەژیانە لە نێوان هەموو لایەن و نەتەوەكان و ئایینە جیاجیاكان بەوەی نەتەوەی دیموكراسیخواز تیشك دەخاتە سەر لایەنی ئاكاری مرۆڤ و هەوڵ بۆ بە مرۆڤبوون دەدات لە رێگەی لێبوردەیی و رێگەدان بەهەموو پێكهاتەكان بۆ ئەوەی هەر ئایین و نەتەوەو ئیتنێك بە ویستی خۆی و لەژێر چەتری برایەتی و پێكەوەژیان سرووتی سەربەخۆی خۆی لە سنووری مرۆڤایەتیدا پیادەبكات.
نووسەر باسی تێكڕای هەموو سیاسەتە رەگەزپەرستییەكانی حكومەتی بەعسی ستەمكارو سەركوتكەر بۆ چەوساندنەوەی كوردی رۆژئاڤا دەكات رەنگە لە هەندێك شوێندا دڵتەزێن بێت و لە هەندێك شوێنی تریش تێكەڵ و پێكەڵیەكی تێدا ببنرێت و لە چێژی خوێندنەوەی رۆمانەكەمان تا رادەیەك دوور بخاتەوە، بەڵام شێوازی نووسین كە نووسەر خۆی چێژی لی دەبینێت بەشێكە لە گرتنەبەری ئەو شێوازی نووسینە، نووسەر بەر لەوەی رۆماننووس بێت توێژەرێكی كۆمەڵایەتی و سیاسیەو دەیەوێت خۆی بخزێنێتە ناو دەروونی تاك بەتاكی خوێنەری عەرەبی و هانیبدات تا بەراوردكاری بكات لەنێوان هەموو ئەو دەردەسەریانەی كە كوردی رۆژاڤا بەدەست رژێمی پێشوو بەسەری هاتووەو بەنیازن خۆیان و گەلان و ناوچەكە بە چ ئاكارێكی نەخوازراودا ببەن، هەر بۆیە لایەنی مرۆیی شۆڕشی رۆژاڤا هەڵدەبژێرێت بۆ ئەوەی عاشقی بێت و ببێتە ئەڤینداری یەكەمی و هەرچی بزووتنەوەو شۆڕش و پرۆژەی تر هەن لەناوچەكە دەكەونە بەر چاوتێبڕینی داگیركاری و پیلانی بۆگەنی هەرێمایەتی.
نووسەر بە مۆركێكی ئاشتیانەی دوور لە دەماگیری و توندڕەوی دەنووسێت كە لێوانلێوە لە هەستی مرۆڤایەتی لە شۆڕشی رۆژئاڤا لەبەر چەندین هۆكار و گرنگترینیان گۆشكردنی كوردانی رۆژئاڤا بە بیروباوەڕی گەریلای شۆڕشڤان كە دوایین شۆڕشگێرانی جیهانن ــ وەك نووسەر باسیان دەكات كە بەهۆی بوونی پارتی كرێكارانی كوردستانەوە لەو پارچە جوگرافییەی سەرزەمین هاوكات سەرۆك عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ ماوەیەكی زۆر لە رۆژئاڤادا ماوەتەوەو بەو هۆیەوە گەریلایەكی زۆر روویان لەو ناوچەیە كردووەو دوای هەڵگیرسانی شۆرشی پەیەدە چەمكی نەتەوەی دیموكرتخواز لە ناوچەكە لەژێر دروشمی ئیدارەی خودی و بەرگری كردن لە ئابووری ئایكۆلۆژی و یەكسانی نێوان هەموو گەلانی ناوچەكە، دووەمیان هۆكاری سروشت و چۆنیەتیەكانی تاكی كوردە بەوەی هەمیشە ئاشتیخواز بووەو لە قورسترینی ئەزموونەكان و سەختترینی بەشمەینەتیەكاندا نەتەوەیەكی لێبووردە بووە. 
هاوكات نووسەر زۆر بە ئاشكرا هەوڵدەدات خاڵی هاوبەش لەنێوان بەشی رۆژاوای كوردستان و لوبناندا بكات كە پێشتر سەربازگەكانی پارتی كرێكارانی كوردستانی لە ئامێزگرت و هاوبار زۆری بەدەست شەڕی ناوخۆو تیرۆرەوە چەشتووە، جگە لە ویسایەی سووری بەسەر خاكەكەیان و بەسەر رۆژاڤادا كە هەمیشە بەرگری لە دژی هێرشی نەیاران دەكەن و روبەرووی تێرۆرستانی هەرێمایەتی دەبنەوە، ئەمەش خاڵی هاوشێویە لە نێوان گرفتی هەردوو میللەت و پاڵ بە خوێنەرەوە دەنێت باوەڕی تەواوی بەوە هەبێت كە تاكە رێگەی رزگاری و ئازادیخوازی گەلانی ناوچەكە گەیشتنە بە كاركردن لەسەر پێكەوەژیان و ئاشتی و تەبایی تا مافی هەموو پێكهاتەكان زامنبكات و مرۆڤ بتوانێت لە سایەی سیستمێكی دیموكراسیدا گوزارشت لە رەوایەتی بوونی خۆی بكات لە كۆمەڵگەیەك كە دادپەروەری و یەكسیانی تێدا بەرقەرابێت و سەروەری یاسا لەسەرووی هەموو پێوەرە خودی و تایبەتیەكانی ترەوە بێت.
ئەڤیندار ئەو رۆمانەی دەبێت هەموو خوێنەرێك و ئەدەبدۆستێك ئێستی زۆری لەسەر بكەن بۆ ئەوەی پەندو رێنماییەكانی بەرەو گەشبینی دوارۆژی تێدا ببینن. 
ئەڤینداری نووسەر ئەزموونی دەگمەنە لە ناوچەكە كە دەیەوێت بگەینە لەنگەرگەی تەبایی و پێكەوەژیانی هاوبەش و دەستەبەركردنی ژیانی ئاشتییانە كە هەر هەموومان لە پێناویا رێگەی سەختمان گرتۆتەبەر.

‌ 822 جار بینراوه‌
2/10/2018 9:54:32 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
?? ?????????? ??????? ???? ?? ??? ???? ??????

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved