»  وتاری هەفتە
كام (یەكڕیزی)یە حیزبەكان داوای دەكەن؟
بورهان حاجی سلێمان



لە ناو هەموو لایەنە كوردییەكاندا دوو كەس نییە، كە یەكڕیزی ماڵی كوردیان نەك بە گرنگ بەڵكو بە پیرۆز نەدەنە قەڵەم، هەموو بەرپرس و بڕیارەبەدەستەكانیش لەبارەی ئەو چەمكەوە قسەی زلیان هەیەو دروشمی پرشنگداریشیان بەرزكردووەتەوە، پێشموایە دەبێتە خامەیەكی باش بۆ كەرەستەی بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی داهاتوو، بەڵام لە راستیدا، تێگەیشتنی عەقڵیەتی سیاسی كوردی بۆ چەمكی یەكڕیزی، زۆر دوورە لە پێناسەی زانستی و لۆژیكییەكەی ئەو زاراوە گرنگەی ناو فەرهەنگی سیاسی.
بەلای حیزبی كوردیەوە یەكڕیزی ئەوەیە ئیرادەو ئەجێندای خۆی بسەپێنێت و ئەوانی دی دوای بكەن، لای ئەوان یەكڕیزی ئەوەیە بەڕێگای چەوتدا بڕواو ئەوانی دی بەدوایدا بڕۆن، هەڵەبكات هەمووان باجەكەی بدەنەوە، كار بۆ بەرژەوەندییە حیزبیە تەسكەكانی خۆی بكات و ئەوانی دی ببنە پردی پەڕینەوە بۆی، لە راستیدا ئەوە پێناسەی چەمكی دیكتاتۆریە نەك یەكڕیزی، لە هەر ناوەندێكی سیاسیشدا ئەو دیاردەیە باو بوو، سیستمی وڵاتەكەش بەرەو دیكتاتۆریەت دەبات و هەموو نیشتمان دەكاتە قوربانی یەك دیدو ئایدیای دیاریكراو.
ئێستا لەم سەروبەندی هەڵبژاردنەدا كورد بەگشتی و لە باشوری كوردستان بەتایبەتی كە بە هۆی هەڵەو و پلانەكانی دژی و پەرتەوازەیی خۆیەوە، عەبادی تووشی بوغرایی بووەو مافە دەستوورییەكانی كوردی خستۆتە مەترسییەوە لە هەمووكات زیاتر پێویستی بە یەكڕیزیە (یەكڕیزی بە پێناسە راستەقینەكەی)، كە پێكهاتووە لە كۆكبوون لەسەر پرسە نەتەوەیی نیشتمانی و كۆی بەرژوەندییە گشتییە باڵاكانی كورد، پرس گەلێك كە زۆرترین كۆدەنگی لەسەر بێت و بە قەناعەتەوە زۆرینە ئامادەبن هەموو كارێك بكەن بۆ سەرخستنی و قوربانیشی لە پێناودا بدەن، تا ئەوەش روونەدات گرەوكردن لەسەر مانۆڕی سیاسی و پشتبەستن بە رەهەندە دەرەكییەكان و هەوڵی تاكلایەنانە بێسوودن، چونكە دانوستان لەگەڵ بەهێزدا سام شكۆی هەیەو بە زۆرترین قازانج و كەمترین زیانەوە لێی دەردەچیت، نەك لەگەڵ حیزب و گروپێك كە نوێنەرایەتی هەموو گەل نەكات.
هەرچەندە لەبارچوونی یەكلیستی لە ناوچە دابڕێنراوەكان گورزێكی گەورە بوو لە چەمكی یەكڕیزی، بەڵام هێشتا دەتوانرێت، قەرەبووی بكرێتەوە بە یەكڕیزی لە هەڵوێست و بەرنامەی هەڵبژاردن و دووركەوتنەوە لە ململانێی ناوخۆیی و گرنگیدان بە ململانێی تەندروست لەگەڵ نەیارەكانی كوردو كارێك نەكەن لەوە زیاتر ئابڕووی كورد بچێت! هەموو لایەكیش دەبێت ئەو راستییە تاڵە بزانێت كە زۆرینەی قاعیدەی جەماوەری حیزبەكان حاڵەتی دەمارگیریان تێنەپەڕاندووە تا ئەو ئاستەی لەسەر هەڵوێست حیزبەكانیان هەڵسەنگێنن و فشار بخەنە سەری، بۆیە پێویستە حیزب و لایەنە كوردییەكان سازش بۆ یەكتری بكەن و لە پرسە نەتەوایەتییەكاندا بەرگی جیاوازی داماڵن و بۆچوونەكانیان لە یەكتری نزیك بكەنەوەو لە نیوەی رێگا بگەن بەیەك، چونكە ئەگەر بەم دۆخەی ئێستا بمێننەوە ئەوە رۆژی خۆشمان ئیستا دەبێت و چوار ساڵی داهاتوو قورسترین قۆناغ و وەرزی پووكانەوەی بەرهەم و دەستكەوتەكانمان دەبێت، بۆیە بەدیل بۆ یەك لیستی یەكڕیزیە.









‌ 1541 جار بینراوه‌
2/17/2018 10:29:32 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved