»  راپۆرت
لایەنە كوردییەكانی كەركوك لەسەر دووركەوتنەوە لەزمانی زبر هاوڕان



حیزب و لایەنە كوردییەكانی شاری كەركوك كۆكن لەسەر ئەوەی  لەسەر بە كارهێنانی زمانی زبر لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكاندا زیان بە دۆزە نەتەواییەتییەكە دەگەیەنێت و دووركەوتنەوەش لەگرژی و ناوزڕاندن و یەكتر تۆمەتباركردن بە گرنك ناودەبەن 


یەكێتی : باشتروایە لە كەركوك ململانێ نەبێت
رەوەند مەلا مەحمود، جێگری یەكەمی لێپرسراوی مەڵبەندی رێكخستنی (ی.ن.ك) لە كەركوك بۆ (هەواڵ) رایگەیاند:” ئێمە لە دوا كۆبوونەوەمان لە 11ی مانگ، لەگەڵ لایەنە كوردستانییەكان هەمومان رێككەوتین لەسەر ئەوەی ئەگەر بە یەك لیستیش بەشداری لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نەكەین، هەوڵبدەین لەكەركوكدا بەلایەنی كەمەوە بەهیچ جۆرێك تانەو تەشەر لە یەكتری نەدەین و  هیچ كوردێك سارد نەكەینەوە لەبەشداریكردن لە پرۆسەی هەڵبژاردن”.
ئەو لێپرسراوەی یەكێتی وتیشی:” لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا لێرەو لەوێ چەند شتێك هەردەبێ، بەڵام بە ئومێدین كە ئەوەش نەبێ، هەموو هەوڵێكیش دەدەین بۆ ئەوەی دوور بین لەو ململانێیانە، بەڵام باشتر ئەوەیە لەكەركوك هیچ ململانێیەك نەبێت”.
رەوەند مەلا مەحمود ئاماژەی بەوەشكرد:”ئێمە كە نەمانتوانی یەك لیست بین لە كەركوك، زۆر گرنگە بەهەموومانەوە یەكهەڵوێست بین بۆ ئەوەی تانە لە یەكتری نەدەین، تا زۆرترین هاوڵاتی كورد بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان”.  

گۆڕان: پێویستمان بە وتارێكی سیاسی و ئیعلامی هاوسەنگ و ژیرانە هەیە
محەمەد نەسرەدین، سكرتێری مەكۆی بزوتنەوەی گۆڕان لەكەركوكیش بۆ (هەواڵ) رایگەیاند:” لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی كۆتایی پێشكەشكردنی ناوی كاندیدەكان، ئەو دەرفەتە لەدەستدەدەین كە  بە یەك لیست بەشداربین، لەدوای ئەوەی كە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەستیپێكرد،  ئەوەی لەكاتی دروستكردنی یەك لیستی نەكرا، پێویستە هەنگاوێكی تر هەیە بگیرێتەبەر، ئەویش زۆر گرنگە هەموو لایەنە سیاسییەكان وتارێكی سیاسی و ئیعلامی هاوسەنگ و ژیرانەیان هەبێت، ناكرێت ئەم بارودۆخە تایبەتەی كەركوك بەتایبەتی لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر لەبەرچاو نەگیرێت، نابێ لایەنە سیاسییەكان وتارێكی گرژیان هەبێت، وتارێك كە زیاتر پەرتەوازەیی نێو ماڵی كوردی لێبكەوێتەوە”.
سكرتێری مەكۆی بزوتنەوەی گۆڕان لەكەركوك وتیشی:” خەڵكی كەركوك ئەمڕۆ خۆی بە بریندار دەزانێت، دەبێ هەموو لایەنە سیاسییەكان هەست بە بەرپرسیارێتی بكەن، ناكرێت وتارێكی ئیعلامیی و سیاسییان بۆ دەنگدەری كورد بەشێوەیەك بێت كە یەكتر شكانەوەی تێدا بەدیبكرێت و ببێتە هۆكاری ساردكردنەوەی خەڵكی كورد لە كەركوك “.
باسی لەوەشكرد:” ئەگەر لەهەڵبژاردنەكانی پێشوودا، ململانێكانی هەرێم گوازرابێتنەوە بۆ كەركوك كە كاتێك كورد خۆی خاوەن دەسەڵات و هێز بوو لە كەركوك ئەوەشتێك بوو، ئێستا لەم بارودۆخە تایبەتە كەركوك بەرگەی ئەوە ناگرێت ململانێكان بگوازرێنەوە بۆ ناوشاری كەركوك”.
ئەوەشیخستەڕوو:” ئەگەر وتارێكی گرژ بەرانبەر بە یەكتر هەبێت و جیاوازییە سیاسییەكان و كێشەكانی رابردوو دووبارە بكرێنەوە، دەبێتە هۆكاری ئەوەی دەنگدەری كورد هەست بە بێئومێدی بكات و برینی كورد بكولێتەوەو ساردییەكیش لەلای دەنگدەر دروست دەبێت”.


تەڤگەری ئازادی: ئەگەر یەك لیستیش نەبین دەتوانین پشتیوانی یەكتر بین
نەوزاد بەكر، هاوسەرۆكی هەرێمی كەركوكی تەڤگەری ئازادییش بۆ (هەواڵ) وتی:”  یەك لیستی پێش هەموو  شتێك بوو، بەڵام دیارە لایەنەكان نەگەیشتنە ئەو ئەنجامە، لەحاڵەتێكدا ئەگەر چەند لیستێكیش بێت، دەبێ هاوكاری یەكتر بن، چونكە تۆ ئەگەر لێرە بانگەشەی ناشرین بەرانبەر بەیەكتر بكرێت، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو خاڵە كە خزمەت بە نەیارانی كورد دەكات، ئەو كات دەچێتە بەرژەوەندی ئەوانەوە”.
هاوسەرۆكی هەرێمی كەركوكی  تەڤگەری ئازادی وتیشی:” ئێمە وەكو تەڤگەر ستراتیژی خۆمان روونە، بۆ مەسەلەی هەر بابەتێك و پرسێك بێت، لەحاڵەتی هەڵبژاردنیش لە رابردوودا چۆن كارو خەباتمان كردووە، بۆ هەر بابەتێك سەرنج و پەیاممان چۆن بووە، ئەوە گۆڕانكاری بەسەردا نایەت، ئەو لایەنەی كاری وەهاش بكات، كارێك دەكات دژی بەرژەوەندی كورد دەبێت”.
نەوزاد بەكر باسی لەوەشكرد:” ئەگەر لەیەك لیستێكیشدا نەبووین دەتوانین پشتیوانی یەكتر بین، چونكە ئێمە یەك كێشەمان هەیە، دەبێ هەموومان پێداگری لەسەر بكەین”.
ئاشكراشیكرد:” ئەو لایەنەی كە بانگەشە دەكات و دەیەوێ خۆی جوان بكات لەبەرانبەر خەڵك، نابێ هەندێ بابەت هەیە بیان وروژێنێ”.

بزتنەوەی ئیسلامی: پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن نەكرێتە هۆی ناوزڕاندنی یەكتر
حەسەن شێخانی بەرپرسی مەڵبەندی بزوتنەوەی ئیسلامی لە كەركوكیش بۆ (هەواڵ) وتی:” واباشترە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن نەبێتە هۆی ناوزڕاندنی یەكتر، لەبەر ئەوەی كێشەكەمان كێشەیەكی نەتەوایەتییە، بەتایبەتی لە ناوچە كێشە لەسەرەكان، نەگاتە ئەوەی تەشهیر بە یەكتری بكەین”.
بەرپرسی مەڵبەندی بزتنەوەی ئیسلامی وتیشی:” ئەو شێوازە پڕوپاگەندەیەی كە لە كاتی هەڵبژاردنەكان دەكرێت لەهەموو  دابونەریتێك دەرچووە، چەندین كەناڵ بەناوی كەناڵی سەربەخۆ كراوەتەوە هەموو سنورەكانیان بەزاندووە”.
ئاشكراشیكرد:” پێویستە لایەنە كوردییەكان دوور بكەونەوە لەو تەخوینكردنەی یەكترو با لەناو ئێمەدا نەمێنێت، تاكەی لاپەڕەكانی مێژوو بە رووی یەكدا هەڵبدەینەوە”.
ئەوەشیخستەڕوو:” دەبێ تەركیزمان لەسەر پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكان بێت، كە لەئێستادا دوژمنەكانمان هەموو لە سەنگەرێكدان بەرانبەرمان و ئێمەش سەنگەرەكانمان كەلێنی تێكەوتووە، هەوڵبدەین یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بین”.

چاودێرێكی سیاسی: دەبێ حیزبی كورد خۆی لە توندوتیژی بەتاڵ بكاتەوە

لەتیف فاتح فەرەج چاوێری سیاسی، وتی:” بزوتنەوەی سیاسی كوردی لەبەر ئەوەی زۆر بە گرژیەوە مامەڵە لەگەڵ یەكتر دەكەن، لەبەر ئەوەی بزەتنەوەیەكە بەشێكی زۆری لە هەناوی شاخ و لەگەڵ رژێمەكاندا لەدایكبووە، بەردەوام جۆرێك لەتوندوتیژی و كاردانەوەی تێدایە، ئەگەر ئەوە نەهێڵێت و ئەو توندوتیژیە بەتاڵ بكاتەوە بەرانبەر بە یەكتر، بەتایبەتی لەكاتی هەڵبژاردندا ئەوە كارێكی باش دەبێ بەتایبەتی لەناوچە دابڕێنراوەكان”.
وتیشی:” ئەگەر حزب و لایەنە سیاسییەكان بەرپرسیارێتیان هەبێ بەرانبەر بەچارەنوسی خەڵكی ئەو ناوچانە ئەوە ململانێكانیان بەو شێوەیە چڕ ناكەنەوە، بەو جۆرەی كە ئەو بارودۆخەی كە لەكوردستاندا هەیە لێرەش رەنگ بداتەوە، راستە لەكوردستاندا هەندێ حیزبی سیاسی ئازاری زۆری هاوڵاتیان و حیزبەكانی تریان داوە،  لەگەڵ ئەوەشدا لەناوچە دابڕێنراوەكان لەبەر ئەوەی ململانێیەكی تر هەیە لەنێوان نەتەوەكاندا، لەبەر ئەوە ئەو كێشانەی كوردستان بۆ دژایەتی یەكتر لە كەركوك كارێكی خراپە”.
وتیشی:” پێكەوەژیانی ئاشتیانەی پێكهاتەجیاوازەكان، یەكتر قبوڵكردن، پێكەوەژیانی سیاسی ، دووركەوتنەوە لەزەبرو زەنگ و سیاسەتی ناسیوتالیسی كوێرانە، كاریگەری باشیان لەهەڵبژاردنەكان دەبێت”.


‌ 634 جار بینراوه‌
2/17/2018 10:40:56 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved