»  وتاری هەفتە
لە خەونی دەوڵەتەوە بۆ هەڵواسینی هیوا لەسەر تەنافی داعش
بورهان حاجی سلێمان



جموجووڵەكانی ئەم دواییەی داعش لە خوارووی كەركوك، جگە لە گەیاندنی زیان بە هێزە عێراقییەكان و شپرزەبوونیان، دەرگای شەپۆلێكی نوێی جەنگی دەروونی و پڕوپاگەندەو تۆقاندنی خەڵكی كەركوكی لێكەوتووەتەوە.
رەنگە ئەجێندا سیاسییەكان بە تەنها فاكتەری گەورەكردنەوەی ئەو پرسە نەبن، بەڵكو لای زۆرێك پرسێكی سۆزداری دەرهاویشتەی پرۆسە پێچەوانەكەی كارو كاردانەوەیەو وەكو هیواو فریادڕەسێك لێی بڕوانن بۆ چارەسەركردنی دۆخی كەركوك و لەدەستدانی پێگەو پایەكانی بەڕێوەبردن و پێشێلكردنی مافە دەستوورییەكانی خەڵكەكەی بە گشتی و كورد وەكو زۆرینەی پێكهاتەكەی شارەكە بەتایبەتی، چونكە، تا ئەنجامدانی ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلوولی پارساڵ و پێش لەشكركێشیەكەی 16ی ئۆكتۆبەری هێزەكانی عێراق بۆ ناوچە دابڕێندراوەكان لە شەنگالەوە تا جەلەولا، كوردو هێزی پێشمەرگە یاریكەرێكی سەرزەوی ئەو ناوچانەبوون و جێی بایەخی جیهان بوو، بەڵام لە ئێستاو لەگەڵ ئەوەی بەپێی دەستوور مافی بوونی لەو ناوچانە هەیە، چ وەك بەشێك لە سیستمی بەرگری عێراق و چ ناوچەكەش وەكو ناوچەیەكی كێشە لەسەرە لە نێوان هەرێم و ناوەند، بەڵام ئێستا ئەو مافەو چەندین مافی دیكەی كورد لەو ناوچانە پێشێلكراوە، هۆكارەكەش دەگەڕێتەوە بۆ پەرتەوازەیی كوردو پشتكردنی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێی، كە ناوەندی تووشی حاڵەتی لەخۆباییبوون كردووە.
ئاماژەكانی هەڵچنینی هیوا لەسەر هێزێكی بێ ئامانی وەكو داعش، بۆ گۆڕینی واقعی تاڵی هەرێمی كوردستان بە گشتی كەركوك و شاری كەركوك بە تایبەتی ئەوەندەی هەڵچنینی هیوایە لەسەر پرەنسیپی (دوژمنی دوژمنەكەم دۆستمە) سەد ئەوەندە ئاماژەی بێئومێدبوونە لەسەركردایەتی كورد تاكو جارێكی دیكە بتوانێت گەمەیەكی سیاسی تەندروست بكات و باری كورد راست بكاتەوەو پێگەی لە ناوچەكە بەهێزبێتەوە، چونكە پێش كەمتر لە چوار ساڵ لەمەوبەر بینیمان گرەوكردن لەسەر داعش چ كارەساتێكی لە شەنگال و ناوچەكانی دیكە خوڵقاندو تەنانەت پایتەختی هەرێمی خستینە مەترسییەوە... داعشێكی بونیادنراو لەسەر پیرۆزركردنی فكری عروبی و سوننەگەرایی، دیوەكەی دیكەی هەمان دراوی بونیاندراو لەسەر فكری عروبی و شیعەگەراییە كە ئێستا حاكمی رەهای عێراقە، ئیدی چۆن چاوەڕێی ئەوەی لێدەكرێت بەر بە شاڵاوی نوێی تەعریب بگرێت؟!
سەركردایەتی كورد و حیزبە سیاسییەكان لە بری جوانكردنی رووی داعش، پێویستە رووی خۆیان لای خەڵكی ئەو ناوچانەو تەواوی هاوڵاتیانی هەرێم جوان بكەنەوە، دەبێت كورد رێگەچارەیەك بدۆزێتەوە بۆ گەڕانەوەی هێز و هەژموون و بەشداریكردنی لە ئیدارەدانی مەدەنی و سەربازی ئەو ناوچانە، مەسەلەكەش پێویستی دروستكردنی سیناریۆیەكی رێكخراوو جوڵەیەكی ژیرانە هەیە كە پێویستی بە پشتگیری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، ئەوەش بە گێڕانەوەی متمانەیان  دەكرێت، چونكە بەهۆی حیساب نەكردن بۆ ئامۆژگاری دۆستەكانمان، لە مەحفەلی نێودەوڵەتیدا لایەنگرێكی زۆرمان لەدەستداوەو ئەزموونیش ئەوەی سەلماندووە كە لەدەستدانی متمانەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چ گورزێكی گەورەیە بۆ هەر دۆزێك و لەوەش قورستر گێڕانەوەی ئەو متمانەیەیە.
‌ 509 جار بینراوه‌
2/24/2018 6:40:29 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved