»  راپۆرت
داعش گورزی گەورە لە هێزە عێراقییەكان دەدات



“لە حاڵەتی هەر مەترسییەك بۆ سەر كەركوك لەلایەن داعشەوە پێشمەرگە بە چارەگە سەعاتێ دەگاتە نێو شارەكە”


داعش دەستی بەجموجۆڵ لە باشوری كەركوك كردووە، بەتایبەتی لە هێرشەكانی ئەم دواییانەی بۆ سەر هێزەكانی عێراق و كوشتنی نزیكەی 30 ئەندامی هەواڵگری حەشد لە دەوروبەری حەویجە، ئەو جموجۆڵەش  بە مەترسی بۆ دزەكردنی داعش بۆ نێو كەركوك دەزانرێت و هۆكارەكەشی بۆ نەبوونی پێشمەرگەو ئاسایش لە سنورەكە دەگەڕێنرێتەوە، بەرپرسێكی یەكێتییش دەڵێت:”لە حاڵەتی هەر مەترسییەك بۆ سەر كەركوك لەلایەن داعشەوە پێشمەرگە بە چارەگە سەعاتێ دەگاتە نێو شارەكە”.

پێشمەرگە دوور نییە لە كەركوك

یاسین عەزەدین جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی رێكخستنی (ی.ن.ك) لە كەركوك بۆ (هەواڵ) وتی:”راستە جموجۆڵی داعش  ماوەیەكە  لە حەوزی حەویجە زیادیكردووە، چەند رۆژێكە پەلاماری هێزەكانی عێراق دەدەن، بەڵام  هیچ مەترسییەكی بۆسەر كەركوك نییە، لەبەر ئەوەی دەوروپشتی كەركوك هێزی پێشمەرگەی لێیە، لەحاڵەتێكدا ئەگەر مەترسییەك بۆسەر كەركوك هەبێت پێشمەرگە دەتوانێت ئەوكات كەركوك بپارێزێت”، ئاماژەی بەوەشكرد:”جموجۆڵی داعشەكان دوورن لە كەركوكەوە، ئەوان تەنها لە حەوزی حەویجەن، داعش لەو ناوچەیە لەناو نەچووە، بۆیە ئەوان هەركاتێك بیانەوێت دەتوانن لەو ناوچانە دەست لە هێزەكانی عێراق بوەشێنن”.
یاسین عزەدین وتیشی:”رۆژ بە رۆژ جموجۆڵی داعش لە دەوروبەری حەویجە روو لە زیادبوون دەكات و هێزەكانی عێراقیش مامەڵەیەكی خراپ لەگەڵ خەڵكی حەویجە دەكەن، دیارە ئەو لایەنیش هەیە پاڵپشتییان دەكەن هەروەكو جاران، بەڵام پێگەیان لە كەركوك نییە”.

حكومەتی هەرێم ساردە لە پرسی هێزی هاوبەش

جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوك باسی لەوەشكرد:” داعش دەتوانێت لێرەو لەوێ كاری تیرۆریستی ئەنجام بدات، بەڵام وەكو ئەوەی بێنە نێو شارەوەو داگیری بكەن، ئەوە زۆر ئەستەمە، چونكە پێشمەرگە لە دەوروبەری كەركوكەو كەیوان و مەعەسكەر خالدیش  سوپای عێراقی لێیە، جا لەبەر ئەوە كەس ناتوانێ داڵدەیان بدات، بەڵام لە لادێكانی حەویجە دەتوانن بژین، چونكە پێشتریش حەشارگەیان بۆ خۆیان دروستكردووە، بەرۆژ لەوێ بن و شەوانیش دەربچن”.
لە بارەی دروستكردنی هێزی هاوبەشەوە، یاسین عەزەدین رایگەیاند:”هەوڵێك هەیە بۆ دروستكردنی هێزی هاوبەش، حەیدەر عەبادیش پێی باشبووە، بەڵام تائێستا پێموابێ كەمتەرخەمی لە حكومەتی هەرێمەوە هەیە، چونكە پێداگری لەسەر ئەو بابەتە نەكردووە”.
یاسین عەزەدین وتیشی:” لە حاڵەتی روودانی هەر مەترسییەك بۆسەر كەركوك لەلایەن داعشەوە، هێزی پێشمەرگە بە چارەگە سەعاتێ دەگاتە نێو شارەكە”.
عەبادی پەلەی كرد لە بارەی كۆتایی داعشەوە

بە وتەی ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگا جموجۆڵی داعش لە سنورەكانی كەركوك مەترسی بۆ سەر شارەكە هەیە و هێشتا داعش لە رووی فیكرەوە بە تەواوەتی لەناونەچووە.
ئەڵماس فازڵ ئەندامی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك  بۆ (هەواڵ) رایگەیاند:”هێشتا داعش بە تەواوی لەناو قەزای حەویجە پاك نەكراوەتەوە”، ئاماژەی بەوەشكرد:”حكومەتەكەی حەیدەر عەبادی زۆر بە پەلە سەركەوتنی بەسەر داعش راگەیاند، وەك ئەوەی كە داعشی بە تەواوی بەزاندووە”.
ئەڵماس فازڵ وتیشی:” تائێستاش داعش لە رووی فیكرەوە زۆری ماوە، هێشتا خەڵكانێك بە فیكری داعشەوە لەو سنورانە ماونەتەوە، ماوەیەك لەمەوبەریش  ئاڵا سپییەكان و كۆمەڵێك دەستەو تاقمی تر جموجۆڵیان هەبوو، هەروەها كۆمەڵێك بەرپرسی ئەمنییش كوژران، واتە ئەو ناوچانە بە تەواوی لە داعش پاك نەكراونەتەوە “.

داعش هێشتا مەترسیە بۆ سەر كەركوك

ئەندامەكەی لیستی برایەتی ئەو مەترسیانە ناشارێتەوەو دەڵێت:” بێگومان ئەو جموجۆڵەی داعش مەترسییان بۆسەر كەركوك و دەوروبەری هەیە، لەبەر ئەوەی دەتوانن دزە بكەنە ئەو شوێنانەی كە مەبەستیانە، ئەویش بەناوی ئاوارەوە یاخود بەهەر شێوازێكی تر، بۆ ئەوەش خەڵكانێك هەن چاوساغییان بۆ دەكەن”.
ئەڵماس فازڵ، نەبوونی پێشمەرگەو ئاسایش لە كەركوك بە رێگەرە خۆشكەر بۆ دزەی داعش دەزانێت و باس لەوەدەكات:” پێشتر هێزی پێشمەرگە قەڵغانی خەڵكی كەركوك بوون، هێزەكانی ئاسایش لە نێو شار هۆكاری ئارامی دۆخەكە بوون، ئێستا دۆخی شاری كەركوك ئارام نییە، تەنانەت دیاردەی دزی و رفاندیش هەیە”.

چارەسەر هێزی هاوبەشە

ئەڵماس فازڵ پێشیوابوو، ئەگەر هێزێكی هاوبەش هەبێ و هێزە ئەمنییە كوردییەكان بگەڕێنەوە، دۆخی كەركوك زۆر لە ئێستا باشتر دەبێت، لەو بارەیەوە وتی:”چاوەڕوانین رێككەوتن بكرێت لەسەر دروستكردنی هێزێكی هاوبەش، لەبەر ئەوەی ئەو هێزە هاوبەشە كۆتایی بە زۆر كێشەیە دێنێت و ئارامییەكی زۆریش بۆ شارەكە دەگەڕێنێتەوە”.
ئەوەشی نەشاردەوە:”لەئێستادا كەركوك بە عەسكەرتاری كراوە، هاوڵاتیانی شارەكە بەچاوێكی نامۆوە لەو  بەهێزە دەڕوانن، هێزێك نییە هاوڵاتیانی كەركوك متمانەیان پێی بێت، هەست ناكەن هێزێكی نیشتیمانییە، هەرچەندە بەناوی  چەسپاندنی یاساوە هاتوون، بەڵام  پیشێلی یاسا دەكەن، ئێمەش رۆژانە بەرەنگاری دەبینەوە، چونكە دەستوەردانی  ئیداریی و  سیاسی و سەربازی هەیە، ئەمەش لای ئێمە مایەی قبوڵ نییە”.

هێزە عێراقییەكان نەچوونەتە قوڵایی شوێنەكانەوە
فەرماندەیەكی باڵای هێزەكانی پێشمەرگەش پێیوایە داعش لەهەر شوێنێك جوڵەی هەبێ بە تەئكید مەترسی بۆسەر ناوچەكە دروست دەكات.
لیوا هیوا عەبدوڵڵا فەرماندە لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ (هەواڵ) رایگەیاند:” لە دوای كشانەوەی هێزی پێشمەرگە لە سنورەكانی كەركوك، بەهۆی ئەو دۆخەی كە لە كەركوك دروستبوو، هێزەكانی عێراق بەشێوەیەك هاتن وەك ئەوەی ئیتر تەواو، سەركەوتنیان راگەیاند، بەڵام ئەوە ئێستا دەركەوت هیچ سەركەوتنێكیان بەدەستنەهێناوە، لە زۆربەی شوێنەكان تەنها جادە سەرەكییەكانیان گرتووە”، ئاماژەی بەوەشكرد:” داعشەكانی ئەو ناوچانەش بەهیچ شێوەیەك بەرەنگارییان نەكردو ئێستا بڵاوبوونەتەوە وەك جاران كە دەستیان رۆیشتووە، بەتەئكید هەمووكات مەترسین بۆسەر ناوچەكە”.
لەبارەی نەهاتنەوەی هێزی پیشمەرگەش بۆ كەركوك، لیوا هیوا وتی:”لە دوای ئەو دۆخەی كە لە كەركوك روویدا، پێویستە  بەپێی دەستور مامەڵە بكرێت، پێویستە هێزی پێشمەرگە بەشێك بێت لە دابینكردنی ئەمن و ئاسایش لەناوچە دابڕاوەكان”.
لە بارەی دروستكردنی هێزی هاوبەشەوە، ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە وتی:” پێویستە حكومەتی هەرێم و بەغدا بەپێی دەستور چارەسەری كێشەكان بكەن، هەركاتێكیش كێشەكان چارەسەركران، ئەو بابەتەش دەبێتە یەكێك لە خاڵەكان، چونكە پێش شەڕی داعش لە زۆر شوێن هێزی هاوبەش هەبوون”.

ئاسایشی كەركوك بە بێ بوونی پێشمەرگە ناكرێت
چاودێرێكی سیاسیش پێیوایە ئێستا بۆشاییەكی ئەمنی زۆر لە سنورەكانی كەركوك بەدی دەكرێت و هۆكارەكەشی بۆ نەبوونی هێزی پێشمەرگە دەگەڕێنێتەوە.
رابەر رەشید چاودێری سیاسی بۆ (هەواڵ) رایگەیاند:” بۆشایی ئەمنی لەسنوری شاری كەركوك هەیە، بەتایبەتی ئەو شوێنانەی كە پێشتر هێزەكانی پێشمەرگەی لێبوون”، ئاماژەی بەوەشكرد:” ئێستا بە حیساب ئەو سنورانە لەلایەن هێزە عێراقییەكانەوە ئازادكراون، بەڵام بەراستی ئازاد كردن وانابێت تائێستا شەڕێكمان نەبینیوە لەنێوان هێزە ئەمنییە عێراقییەكان و حەشدی شەعبی و داعش، چونكە داعش خۆیان چۆڵیان كرد”.
رابەر رەشید وتیشی:” ئێستا دەبینین داعش جموجۆڵێكی فراوانی لە سنوری كەركوك هەیە، دەنگۆی ئەوەش هەیە كە داعش پیلان دژی كەركوك بگێڕێتەوە”.
ئەوەشیخستەڕوو:” ئەو هێزە عێراقیەی ئێستا لە دەوروبەری كەركوكە، ئەو هێزە نین كە توانای پاراستنی سەرجەم سنورەكانیان هەبێت ، پێش چەند رۆژێكیش بینیمان ژمارەیەكی زۆر لە چەكدارانی حەشدی شەعبی لەلایەن داعشەوە كوژران”.
ئەو چاودێرە سیاسییە هۆكاری سەرەكی ئەو بۆشاییە ئەمنییە  دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی كاتی خۆی لە 2014 بە دواوە، هێزەكانی پێشمەرگە سنورەكەیان بەتەواوی كۆنترۆڵ كردبوو، تەنها دووجار داعش دزەی كردە نێو كەركوك، دواتر كەركوكیان لێبووە گۆڕستان”.
رابەر رەشید نەشیشاردەوە:” ئەو دۆخە ئەمنییەی ئێستا لە كەركوك هەیە، بەوشێوەیە درێژە بكێشێ رۆژ لە دوای رۆژ دۆخەكە بەرەو خراپتر دەچێت، چونكە ئەو هێزەی عێراق ناتوانێ بەرگەی جموجۆڵەكانی داعش بگرێت”.
رابەر رەشید هەبوونی هێزی پێشمەرگەو ئاسایش لە كەركوك بە گرنگ دەزانێ و دەڵێت:”بوونی هێزی پێشمەرگەو ئاسایش لە كەركوك بۆ پاراستنی ناوشارو سنورەكە  زۆر پێویستن، چونكە ئێستا پاشا گەردانی دروست بووە”.




‌ 1056 جار بینراوه‌
2/24/2018 7:07:26 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved