»  شۆک
گەنجانی كەركوك بەشداریكردن لە پرۆسەی دەنگدان بە گرنگ دەزانن
ئا/هاوار ستار

لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، گەنجانی كەركوك بەشداریكردن لەو پرۆسەیە بە گرنگ دەزانن.

فەرمان عوسمان وەكو گەنجێكی كەركوكی بۆ (هەواڵ) وتی: "هەر وڵات و نەتەوەیەك كە هەڵبژاردن دێننە پێش ئەنجامێكی یەكلاییكەرەوەو دادپەروەرانەیەو رووی كۆمەڵگە بەرەو داهاتویەك دەبا لە خراپەوە بۆ باش لە باشەوە بۆ باشترین، چونكە تاك بە بڕواو هەڵویستی خۆی باشترین هەڵدەبژێرێت".
سەبارەت بەهەڵبژاردنی كەركوكیش وتی: "لە شاری كەركوك هەڵبەتە ئەو دۆخەی ئێستای كەركوكی تێیكەوتووە ئەنجامێكی نەرێنی دەبێ بۆ نەتەوەی كورد، دوای ئەوەی لەلای زۆربەی كەركوكییەكان بەتایبەت كورد متمانە كردن بە زۆرێك لە كاربەدەستە كوردەكان، نەك نەما، بەڵكو پێچەوانە بووەوە بۆ رق لێبوونەوەو لە دەستدانی ئەو متمانەو جۆش و خرۆشەی كە لە هەڵبژاردندا بۆیان دەكرا".
فەرمان وتیشی: "هەر تاكێكی كۆمەڵگە دەچێتە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە بۆ ئەوەیە داهاتوویەكی گەشتر و ژیانێكی باشتر و دەرگا داخراوەكانی بە روودا بكرێتەوە، پێویستە هەر هاوڵاتیەك دەنگ بدا تا رێگری لەوە بكرێت بە ساختەی دەنگی بدرێتێ و هەروەها ویژدانیشی ئاسودە بكات و بتوانێت دەنگ بەو پەرلەمانتارە بدا كە متمانەی لەلای بەدەستهێناوە".
سەبارەت بەرۆڵی گەنجیش لە پرۆسەكە دەڵێت: " ئاشكرایە گەنج بڕبڕەی پشتی كۆمەڵگەیە لەهەر بوارێكدا وەك كار، پاراستن، هۆشیاری كۆمەڵگە، خوێندن و خوێندەواری و ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم و گەندەڵی و.. هتد بۆیە گەنج رۆڵێكی سەرەكی دەبینێ لە هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگاو بەڕێوەچوونی ئەو پرۆسەیە بە شێوەیەكی دروست".
بەهزاد ئەحمەد وەكو گەنجێكی كەركوكی نیشتەجێی ئەوروپایە ، بۆ (هەواڵ) وتی: "هەڵبژاردن لە كەركوك گرنگی خۆی هەیە بۆ كورد، بەحوكمی ئەوەی سەرژمێرییەكی دروست نییە، بۆیە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن دەكرێن بە پێوەر بۆ دابەشكردنی پۆستە ئیدارییەكانی شارەكە، هەروەها بۆ تێپەڕاندنی یاسا و رێنمایی و بڕیارەكان بە زۆرینەو كەمینە، ئەمە زێتر لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا بەدەردەكەوێت".
بەهزاد ئاماژەی بەوەشدا: "بەش بەحاڵی خۆم بەحوكمی ئەوەی لەدەرەوەی وڵات دەژیم دەتوانم لەرێی سایت و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە كاربكەم بۆ هاندانی گەنجی كورد و تاكی كورد تا بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بكەن، چونكە پرۆسەیەكی چارەنوسسازە".
وتیشی: "پێویستە هەمووان و تایبەتتر گەنج درك بە مەترسییەكانی بەشداری نەكردن بكەن، بۆیە دەبێت هەوڵەكان بۆ سەرخستنی لیستە كوردییەكان چڕبكرێنەوە لە داهاتوودا".
سەفا عادل بە بۆچونی جیاوازەوە بۆ (هەواڵ) دەڵێت: "هەڵبژاردن مافێكی سادەی دیموكراسیە كە هەموو تاكێكی پێگەیشتوو دەتوانێت بڕیاری خۆی بدات لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەسستەمی پەرلەمانی، لەڕووی نەتەوەییەوە پێموایە ئەم دۆخەی ئێستا بە هەموو جۆرێك لە بەرژەوەندی كورد نییە و من وەك خۆم پشتگیری لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن ناكەم لەم كاتەدا و لەم ساڵدا،و گەنجیش كاریگەریەكی ئەوتۆی نابێت، لەكاتێكدا هەموو داموودەزگا ئەمنی و ئیدارییەكان لە دەستی لایەنێكی دیاریكراوە و هەموو جومگەكانی دەسەڵات قۆرخ كراوە، بە دڵنیاییەوە ساختەكاری ئەنجام دەدرێت".
رێبین محەمەد لێپرسراوی سەنتەری كەركوكی رێكخراوی ئازادی لاوان بۆ (هەواڵ) وتی: "لە ئێستای ئەم دۆخەی كوردی تێدایەو بەتایبەتی دۆخی كەركوك زۆر گرنگە هاوڵاتیان بە دەم پرۆسەكەوە بڕۆن، ئەویش لەبەر ئەوەی ئەو رێژە كورسیانەی هەیە لە كەركوكدا رێژەكە دانەبەزێن، لەوەش گرنگتر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگایە لە كەركوك كە ئەویش هەڵبژاردنی بۆ بكرێت، چونكە هەموو بڕیارەكان لە پارێزگاوە دەردەچێت".
وتییش: داواكارم لە گەنجان بە دەم پرۆسەكە بڕۆن و هەوڵبدەن بەشداری سەرەكی بن لەو پرۆسەیە، چونكە وەكو خۆم وەكو نەتەوەیی و هەم حزبیش وەكو لاوان رۆڵی خۆمان دەبێت لە زانكۆ و لەشوێنە گشتی و تایبەتەكان تا بە گرنگیەوە باوەڕ بە پرۆسەكە بكەین و هەوڵ بدەین هانی لاوان و سەرجەم چین و توێژەكان بدەین بەشداری پرۆسەكە بكەن".
سەبارەت بە رۆڵی گەنجان رێبین محەمەد ئەوەی خستەڕوو:" پێویستە گەنج ئینتیمای هەبێت بۆ نەتەوەكەی، چراستە گەنج هەیە دڵی شكاوە، بەڵام پرسی نەتەوەیی گرنگترە لەوەی لایەنی سیاسی دڵی تۆی شكاندبێ، هەربۆیە لەسەر گەنجە دەنگ بە نەتەوەكەی بدات، ئیتر چی لایەنێكی سیاسی هەڵدەبژێرێت گرنگ بەشداری پرۆسەكە بكات ".

‌ 661 جار بینراوه‌
2/24/2018 7:41:34 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved