»  وتاری هەفتە
كورد له‌ كه‌ركوك به‌رگه‌ی گورزێكی دیكه‌ ده‌گرێت؟
بورهان حاجی سلێمان


رۆژ به‌ رۆژ ره‌وشی كه‌ركوك چ له‌ رێگه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی پڕوپاگه‌نده‌ی بێ بنه‌ماوو چ له‌ رووی رووداوو و بوونی هه‌ڕه‌شه‌ی راسته‌قینه‌وه‌ بێت، ئاڵۆزتر ده‌بێت، به‌شێكی زۆری ئه‌و دۆخه‌ش په‌یوه‌ندی راسته‌خۆی به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئایاری داهاتووه‌وه‌ هه‌یه‌.
ئه‌وه‌ی له‌ كه‌ركوك ده‌گوزه‌رێت ده‌رهاویشته‌ی به‌ریه‌ككه‌وتنی ژماره‌یه‌ك ئه‌جێندای نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمایه‌تی و ناوخۆییه‌، له‌ ئاستی ناوخۆ عه‌ره‌ب به‌ شیعه‌و سوننه‌وه‌، توركمان به‌ شیعه‌و سوننه‌وه‌، كوردیش به‌ لایه‌نه‌ په‌رته‌وازه‌كانیه‌وه‌، هه‌موو به‌شدارن یان به‌رپرسن یان رۆڵیان هه‌یه‌ له‌وه‌ی له‌ كه‌ركوك ده‌گوزه‌رێت، تاكه‌ زه‌ره‌رمه‌ندیش خه‌ڵكی شاره‌كه‌یه‌، به‌تایبه‌تی كورد كه‌ نه‌ك ته‌نها له‌ رووی ده‌رونییه‌وه‌، به‌ڵكو به‌رده‌وامی و خراپتربوونی دۆخه‌كه‌ كاریگه‌ری نه‌رێنی ترسناكی له‌سه‌ر رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی ده‌بێت له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوودا.
ئێستا له‌ كه‌ركوك چه‌ندین ئه‌نجێندای په‌یوه‌ست به‌ پرسی هه‌ژموونگیری و وه‌گه‌ڕخراو بۆ پرسی هه‌ڵبژاردن له‌ ئارادایه‌، زۆربه‌ی ئه‌و ئه‌جێندایانه‌ش به‌ ئاراسته‌ی تێكدانی ره‌وشی ئه‌منی و باری ده‌روونی خه‌ڵكی شاره‌كه‌ كارده‌كه‌ن:

عه‌ره‌ب 
حكومه‌تی عێراق كه‌ شیعه‌ی عه‌ره‌ب ده‌كات، ئێستا فه‌رمانڕه‌وای ره‌های شاره‌كه‌یه‌، ئه‌مان ده‌توانن چ له‌ رێگه‌ی یاساییه‌وه‌ بێـت و چ له‌ رێگه‌ی ترس تۆقاندنه‌وه‌ كه‌ركوك له‌ كورد به‌تاڵ بكه‌نه‌وه‌و ئه‌وه‌شی ده‌مێنێته‌وه‌ كه‌مترینی بچێته‌ سه‌ر سنوقی ده‌نگدان، به‌ خشكه‌ییش كار بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و پلانه‌یان ده‌كه‌ن، عه‌ره‌بی سوننه‌ش له‌ ئێستادا خۆی هه‌ڵواسیوه‌ به‌ حكومه‌ته‌ شیعه‌كه‌وه‌و ده‌یه‌وێت ئه‌م بۆشاییه‌ بقۆزیته‌وه‌و پرۆسه‌ی ته‌عریب ببوژێنێته‌وه‌، كه‌ تۆقاندنی كوردو جێهێشنی شاره‌كه‌ به‌شێكی گرنگه‌ له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌و پرۆسه‌یه‌، تاكو له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانیش نزیكتر ده‌بینه‌وه‌ ئه‌م سیاسه‌ته‌ شۆڤێنییانه‌ له‌ ره‌فتاری هه‌ردوو دیوی دراوه‌ عروبییه‌كه‌ تۆختر ده‌بێته‌وه‌.

توركمان
ئه‌م پێكهاته‌یه‌ش به‌ هه‌ردوو مه‌زهه‌به‌كه‌وه‌ پلانێكی هاوبه‌شیان هه‌یه‌، ئه‌ویش خۆیان وه‌كو قوربانی و سته‌ملێكراوی شاره‌كه‌ نیشانبده‌ن و بۆ ئه‌وه‌ش ناوبه‌ناو سیناریۆی هێرشكردنه‌سه‌ر باره‌گاكانیان نمایش ده‌كه‌ن كه‌ په‌رجووئاسا هیچ جارێك زیانی گیانی لێناكه‌وێته‌وه‌!! ده‌ستوبردیش به‌یاننامه‌ پێشوه‌خته‌ ئاماده‌كراوه‌كه‌یان بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ تیایدا كورد تۆمه‌تبارو داوای هاتنی هێزی عێراقی زیاترده‌كه‌ن، تا زیاتریش له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان نزیكتر ده‌بینه‌وه‌، ئه‌م دیارده‌یه‌ به‌ ریتمێكی خێراتر چه‌ندباره‌ ده‌كرێته‌وه‌.

پارتی 
ستراتیژی پارتی ئه‌گه‌ر تا ئێستا سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان روون نییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ زۆر ئاشكرایه‌، كه‌ ئه‌و حیزبه‌ له‌ مێژا دروشمی (ئه‌گه‌ر شۆڕشمان پێ نه‌كرێت پێمان تێكده‌درێت)ـیان هه‌ڵگرتووه‌و له‌ چه‌ندین قۆناغیشدا جێبه‌جێیان كردووه‌، بۆیه‌ تاكو شكستیه‌كانی كورد له‌ كه‌ركوك بخاته‌ ئه‌ستۆی یه‌كێتی، هه‌موو رێگایه‌ك ده‌گرێته‌به‌ر، جه‌نگه‌ ده‌روونییه‌كه‌شیان به‌به‌رانبه‌ر به‌ خه‌ڵكی كه‌ركوك و راوه‌شاندنی شمشێره‌كه‌ی داعش باشترین ئاماژه‌ن.

یه‌كێتی
یه‌كێتی له‌ كه‌ركوك له‌ ئێستادا به‌ره‌و ئه‌و بێسه‌روبه‌ره‌ییه‌ ده‌ڕوات كه‌ له‌ناوچه‌كانی دیكه‌ تووشی بووه‌، ره‌شنووسی لیستێكی كاندیده‌كان له‌ نێوان دوو سێ كه‌سدا دزه‌ ده‌كات و گه‌وره‌ترین هه‌ڵاده‌نێته‌وه‌، هێشتا هیچ نه‌بووه‌ یه‌كترشكاندنه‌وه‌ی كاندیدو جه‌مسه‌ره‌كان ده‌ستیپێكردووه‌، نازانێت له‌ كه‌ركوك ئۆپۆزسیۆنه‌ یان ده‌سه‌ڵات، هیچ ستراتیژێكی روونی نییه‌، خاوه‌ن قاعیده‌یه‌كی نیگه‌ران و تێكشكاوه‌، سومبولێكی دیاری نییه‌ پارچه‌كانی كۆبكاته‌وه‌، له‌ هه‌موویشی ترسناكتر له‌ دوا هه‌ڵمه‌تی تۆقاندنی كه‌ركوكییه‌كاندا جێی په‌نجه‌ی هه‌ندێ لێپرسراوو كادری ئه‌و حیزبه‌ دیاره‌.

حیزبه‌ كوردییه‌كانی دیكه‌
هه‌رچه‌نده‌ به‌لای منه‌وه‌ كێشه‌ نییه‌ كورد چه‌ند كورسی و كێ ده‌یبات؟ ئه‌وه‌ی گرنگه‌ كورد وه‌كو زۆرینه‌ی ئه‌مشاره‌ ده‌بێت به‌ ژماره‌ زیاتر له‌ نیوه‌ی ده‌نگه‌كانی كه‌ركوك به‌ده‌ست بێنێت، چونكه‌ كه‌متر له‌وه‌ هه‌موو ژماره‌یه‌ك ده‌بێته‌ چه‌كی ده‌ستی نه‌یاره‌كانی كورد، ئه‌وه‌ش له‌ ئێستا به‌هۆی هۆكاره‌ خودی و ده‌ره‌كییه‌كانه‌وه‌ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌سته‌مه‌، به‌ڵام به‌ گشتی حیزبه‌ كوردستانییه‌كانی دیكه‌ له‌ كه‌ركوك به‌ هۆی فره‌ لیستییه‌وه‌ پرۆژه‌یه‌ك ده‌بن بۆ سووتاندنی ده‌نگی كورد له‌م شاره‌، نه‌ك هۆكارێك بۆ به‌هێزكردنی پێگه‌ی كورد، چونكه‌ جگه‌ له‌ لیستی نیشمان كه‌ ئه‌وه‌یش ره‌نگه‌ ژماره‌یه‌ك ده‌نگ بستووتێنێت، هیچ كام له‌و لیستانه‌ توانای به‌ده‌ستهێنانی كورسییان نییه‌.
من ئه‌م نیگه‌رانییانه‌م له‌ زۆر بۆنه‌و كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌دا باس كردووه‌و گه‌یاندوومه‌ته‌ ناوه‌نده‌كانی بڕیار، بۆچوونه‌كانیشم سه‌رله‌قێنه‌ری زۆره‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ گوێگری راسته‌قینه‌ی نییه‌، بۆیه‌ به‌گشتی ئه‌گه‌ر رووداوێكی راچڵه‌كێنه‌ر هاوكێشه‌كه‌ی كه‌ركوك نه‌گۆڕێت، یان گره‌نتییه‌كی راسته‌قینه‌ نه‌درێت به‌ كورد، كه‌ له‌ هه‌مووی گرنگتر ئیداره‌دانی هاوبه‌شی مه‌له‌فی ئه‌منیی و عه‌سكه‌رییه‌، یان ده‌بێت به‌ ده‌سته‌جه‌معی بایكۆتی پرۆسه‌كه‌ بكات و شه‌رعیه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ بخاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، یان با چاوه‌ڕێی گورزێكی دیكه‌ بكات، پرسیاره‌ گرنگه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌ : ئایا كورد له‌ كه‌ركوك به‌رگه‌ی گورزێكی دیكه‌ ده‌گرێت؟! 

‌ 1334 جار بینراوه‌
3/3/2018 9:55:25 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved