»  راپۆرت
چالاكییه‌ سیاسی مه‌ده‌نییه‌كان له‌ كه‌ركوك له‌ دۆخی متبووندایه‌
ئا/ هه‌واڵ

چالاكیه‌ سیاسی مه‌ده‌نیه‌كان و گردبونه‌وه‌و فشاره‌ مه‌ده‌نیه‌كان له‌ كه‌ركوك له‌ دوای رووداوه‌كانی ریفراندۆم و هاتنی سوپای عێراق بۆ شاره‌كه‌، به‌ به‌راورد به‌ ساڵانی رابردوو روویان له‌ كه‌میكردوه‌ و به‌وته‌ی نوسه‌ر و چالاكوانانیش له‌ ئێستادا ئه‌و كه‌شه‌ی له‌ شاره‌كه‌دا هه‌یه‌ بۆ چالاكی مه‌ده‌نی و گربونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری ناگونجێت ، به‌رپرسێكی حیزبیش پێی وایه‌ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كان چاره‌سه‌ری ئه‌و چه‌قبه‌ستوویه‌ ده‌كات.

خه‌ڵكی ترساوه‌، حزبه‌كانیش وه‌كو جاران جۆش و خرۆشیان نه‌ماوه‌

یه‌كێتی پێیوایه‌ له‌گه‌ڵ نزیكببونه‌وه‌ی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن و بۆنه‌و یاده‌ نیشتیمانییه‌كان، چالاكییه‌ مه‌ده‌نییه‌كان ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه‌.
جه‌مال شكور، جێگری لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی رێكخستنی (ی.ن.ك) له‌ كه‌ركوك بۆ (هه‌واڵ) رایگه‌یاند:” كه‌مبوونه‌وه‌ی چالاكییه‌ مه‌ده‌نییه‌كان له‌ كه‌ركوك بۆ زۆر هۆكار ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، بۆ نموونه‌ رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی په‌رت و بڵاوبوونه‌ته‌وه‌، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌و دۆخه‌ی كه‌ له‌ كه‌ركوك روویدا، ئه‌وه‌ش پێویستی به‌وه‌یه‌ خه‌ڵك و رێكخراوه‌كان خۆیان ده‌گرنه‌وه‌و خۆیان رێكده‌خه‌نه‌وه‌”.
وتیشی:” ئێستا بارودۆخی كه‌ركوك وه‌كو پێشتر نییه‌، پارێزگاری ئێستا عه‌ره‌به‌و له‌ كێشه‌ ده‌ترسێ و مۆڵه‌ت كه‌مده‌دات بۆ چالاكی مه‌ده‌نی، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا چالاكی مه‌ده‌نی له‌ شاره‌كه‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌ نییه‌ بڵێین هه‌ر هیچ نییه‌، به‌ڵام وه‌كو ساڵانی رابردوو نییه‌”.
جێگری لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی رێكخستنی(ی.ن.ك) له‌ كه‌ركوك، باسی له‌وه‌شكرد:” له‌ئێستادا خه‌ڵكی ترساوه‌، حزبه‌كانیش له‌ كه‌ركوك وه‌كو جاران جۆش و خرۆشیان نه‌ماوه‌و له‌نێو كه‌ركوكدا یه‌كده‌نگ و یه‌كهه‌ڵوێست نین، ئه‌گه‌ر یه‌كده‌نگ و یه‌كهه‌ڵوێست بوونایه‌ بێگومان ئه‌وه‌ش كاریكه‌ری و گرنگی خۆی ده‌بوو، به‌تایبه‌تی له‌ ئێستادا پرۆسه‌یه‌كی گرنگی وه‌ك هه‌ڵبژاردن له‌به‌رده‌مماندایه‌و ده‌بینین كورد به‌ چه‌ند لیستێك به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردن ده‌كات، ئه‌گه‌ر بمانتوانیبایه‌ یه‌كلیست بین ئه‌وكات ده‌نگ و سه‌نگمان زیاتر ده‌بوو، ئه‌وكات رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیش متمانه‌ی زیاتریان ده‌بوو، هه‌م ده‌مانتوانی ده‌نگی زیاتریش بۆ هه‌ڵبژاردن و چالاكییه‌ مه‌ده‌نییه‌كان كۆبكه‌ینه‌وه‌”.

هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كان چاره‌سه‌ره‌

جه‌مال شكور، پێشیوابوو:” له‌گه‌ڵ نزیكببوونه‌وه‌ی هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن و یاده‌كانی راپه‌ڕین و كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌و نه‌ورۆزو رزگاركردنی كه‌ركوك، چالاكییه‌ مه‌ده‌نییه‌كان له‌ كه‌ركوك ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر هاوڵاتیانی كه‌ركوك متمانه‌یان به‌ هه‌ندێ حزبی كوردی نه‌مابێت، به‌ڵام ئه‌و پرسه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیانه‌یان لا گرنگه‌ كه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ چاره‌نووسی میلله‌ته‌كه‌مانه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ پێموایه‌ تا له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان نزیك بینه‌وه‌، چالاكییه‌ مه‌ده‌نییه‌كان زیاد ده‌بن و هاوڵاتیانی كوردیش له‌ كه‌ركوك به‌ جۆش و خرۆشتر ده‌بن”. 
حزبی شیوعی له‌ كه‌ركوك رایده‌گه‌یه‌نن له‌ دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر گۆڕانكاری روویداوه‌ و شاره‌كه‌ توشی حاڵه‌تێكی پاشه‌كشه‌ بووه‌ له‌ رووی ده‌سه‌ڵات و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و رۆشنبیرییه‌وه‌.

كورد له‌ ئێستادا به‌نج بووه‌

 شێخ سدیق، لێپرسراوی كۆمیته‌ی پارێزگای كه‌ركوكی حزبی شیوعی كوردستان بۆ (هه‌واڵ) رایگه‌یاند:”له‌ دوای رووداوه‌كه‌ی 16ی ئۆكتۆبه‌ر گۆڕانكاری له‌ كه‌ركوك روویداوه‌، كورد له‌ شاره‌كه‌ توشی حاڵه‌تێكی پاشه‌كشه‌ بووه‌ له‌ رووی ده‌سه‌ڵات و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و رۆشنبیرییه‌وه‌، هێشتا ئه‌و حاڵه‌ته‌ به‌ری نه‌داوه‌، ئێستا ورده‌ ورده‌ خه‌ریكه‌ ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی چۆن جوڵه‌ی جه‌ماوه‌ری دروست بكاته‌وه‌، هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌یه‌ شاره‌كه‌ داگیركراوه‌، دۆخه‌كه‌ دۆخی جاران نییه‌، هێزێكی تر حوكمی شاره‌كه‌ ده‌كات، ئیداره‌یه‌كی تر هه‌یه‌و  كوردیش ده‌سه‌ڵاتی نییه‌”.
شێخ سدیق وتیشی:” پێویسته‌ ئێمه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر چالاكی مه‌ده‌نی، به‌ڵام هه‌موو جارێكیش چالاكی مه‌ده‌نی ناتوانێ هه‌موو شتێكمان بۆ به‌ده‌ستبهێنێت”، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد:” ئه‌مه‌ش به‌ پله‌ی یه‌كه‌م په‌یوه‌ندی به‌ نێوان حزبه‌ سیاسییه‌ كوردستانییه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ كه‌ركوك، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حزبه‌كان نێو ماڵیان یه‌ك نییه‌، ئه‌گه‌ر نێوماڵیان یه‌ك بێت ئه‌وه‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا كۆده‌بێته‌وه‌، ئه‌وكاته‌ پارێزگارێكی كورد هه‌ڵبده‌ژێرن، پێش هه‌موو شتێك پێویستمان به‌ یه‌كخستنه‌وه‌ی ماڵی كوردی هه‌یه‌ له‌ رووی سیاسییه‌وه‌، ئه‌مه‌ بوونی نییه‌ كه‌ی ئه‌وه‌ بوو، ئه‌وكات جوڵه‌ی جه‌ماوه‌ریش ده‌بێت”. 
باسی له‌وه‌شكرد:” چالاكی جه‌ماوه‌ری و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی رۆڵی گرنگیان  هه‌یه‌، ده‌بێ فشار دروست بكه‌ین، كورد له‌ ئێستادا به‌نج بووه‌ هێشتا به‌ری نه‌داوه‌، توشی شۆك بووه‌ نازانێ چۆن مامه‌ڵه‌ بكات، ته‌نانه‌ت ئه‌مه‌ حزب و رێكخراوو  تاكی  كوردیشی گرتۆته‌وه‌، له‌ به‌رانبه‌ردا ئه‌گه‌ر ته‌ماشا بكه‌یت جوڵه‌ی  رۆشنبیری عه‌ره‌بی و توركمانی زیادیكردووه‌و  كورد پاشه‌كشه‌ی كردووه‌، ئه‌مانه‌ هه‌مووی كاریگه‌ری ئه‌و حاڵه‌ته‌ن، هێشتا خه‌ڵك ده‌ترسێ، هێشتا به‌شێكی خه‌ڵك ئاواره‌یه‌و نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌مانه‌ كاریگه‌رییان دروستكردووه‌، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ جوڵه‌ی  جه‌ماوه‌ری چۆن بكرێت”.
جه‌ختیشیكرده‌وه‌:” چالاكی جه‌ماوه‌ری  كاریكه‌ری دروست ده‌كات له‌سه‌ر داوكارییه‌كانت  بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، له‌به‌رانبه‌ردا ئێستا عه‌ره‌بیش جوڵه‌ی جه‌ماوه‌ری هه‌یه‌ به‌رانبه‌ر به‌ كۆمه‌ڵێك شت و ئه‌وانیش  داواكاری خۆیان هه‌یه‌، كه‌واته‌ هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌ هه‌یه‌، ئێمه‌ له‌ دۆخێكداین، مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیدا تا ئاستێك ئاڵۆزه‌”.
ئاشكراشیكرد:” چالاكی مه‌ده‌نی زۆر گرنگه‌، ده‌بێ هه‌بێ و كورد ده‌ست پێبكات، پێویسته‌ رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی رۆڵیان هه‌بێت له‌سه‌ر پێشخستنی، خۆ هه‌ر پێداویستی خه‌ڵك نییه‌،  له‌ ئێستادا كۆمه‌ڵێك بڕیار له‌ به‌غداوه‌ ده‌رده‌چن كه‌س ده‌نگ ناكات،  له‌سه‌ر باری كه‌سێتی یاخود به‌شودانی پێش ته‌مه‌نی یاسایی كچان و ئه‌مانه‌ هه‌مووی پێویستیان  به‌ چالاكی مه‌ده‌نی هه‌یه‌”.
لێپرسراوی كۆمیته‌ی پارێزگای كه‌ركوكی حزبی شیوعی كوردستان پێشیوابوو:” له‌و ناوچانه‌ی كه‌ پێشتر ده‌سه‌ڵاتی كوردی هه‌بوون پێشمه‌رگه‌ی تێدا بوون و ئێستا حكومه‌تی عێراقی تێدایه‌، خه‌ڵك ده‌ترسێ له‌وه‌ی چالاكی مه‌ده‌نی و جه‌ماوه‌ری بكات، ترس هه‌یه‌ لایه‌نێكی تر هه‌یه‌ زۆر به‌ ئاسانی ده‌توانێ بتگرێت،  ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی ئێستا هه‌یه‌، ده‌سه‌ڵاتێكی سه‌ربازییه‌  بێگه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دادگا ده‌توانێ بتگرێت، كه‌واته‌ ئه‌مه‌ مه‌ترسییه‌ بۆسه‌ر خه‌ڵك و رێكخراوه‌كان  و كاریگه‌ری دروست ده‌كات”.

زۆر ناخایه‌نێت

چالاكوانێكی سیاسیش ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، ئه‌م دۆخه‌ چه‌قبه‌ستووه‌ زۆر ناخایه‌نێت و  چالاكییه‌ فه‌رهه‌نگی و مه‌ده‌نییه‌كان له‌ كه‌ركوك ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه‌ .
ستران عه‌بدوڵڵا چاودێری سیاسی بۆ (هه‌واڵ) رایگه‌یاند:” ره‌نگه‌ چالاكی مه‌ده‌نی له‌ كه‌ركوك  كه‌مبووبێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌ ده‌ره‌نجامی ئه‌و باروودۆخه‌ سیاسییه‌یه‌ كه‌ له‌ دوای ریفراندۆمه‌وه‌ توشی كوردستان بووه‌، بارودۆخی سیاسی هه‌رێمی كوردستان له‌ چه‌قبه‌ستندایه‌، پێموابێ ئێستا كۆمه‌ڵێك چالاكی هونه‌ری و رۆشنبیری له‌ هه‌ندێك بواردا له‌ كه‌ركوك  ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌”.
ستران عه‌بدوڵڵا وتیشی:” پێشتر چالاكی مه‌ده‌نی زۆر هه‌بوون،  له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وكات حزبه‌ سیاسییه‌كانیش  له‌ رووی چالاكی مه‌ده‌نی رۆڵی باشیان هه‌بوو، له‌بیرمان نه‌چێت كه‌ركوك بۆ به‌شێك له‌ به‌ڕێوه‌بردنی چالاكیه‌ مه‌ده‌نییه‌كان پشتی به‌دارایی هه‌رێمی كوردستان ده‌به‌ست، ئێستاش  هه‌موو ده‌زانین قه‌یرانێكی دارایی هه‌یه‌”.

به‌هار چاره‌سه‌ری ده‌كات

ستران عه‌بدوڵڵا، پێشیوابوو:” ئه‌م دۆخه‌ چه‌قبه‌ستووه‌ زۆر ناخایه‌نێت و  چالاكییه‌ فه‌رهه‌نگی و مه‌ده‌نییه‌كان له‌ كه‌ركوك ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه‌، چونكه‌ یه‌كێكه‌ له‌ خه‌سڵه‌ته‌كانی شاری كه‌ركوك، به‌تایبه‌تی له‌ وه‌رزی  به‌هاردا”.
باسی له‌وه‌شكرد:”  كۆمه‌ڵگه‌ی كه‌ركوك له‌ دوای ئه‌و بارودۆخه‌ی كه‌  دروست بووه‌ به‌ جۆرێك توشی شۆك بووه‌، به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و چالاكییانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ خزمه‌تگوزاری و داخوازیییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و به‌ گوزه‌رانی خه‌ڵكییه‌وه‌ هه‌یه‌، خه‌ڵك له‌ كه‌ركوك ده‌ترسێت چالاكی بكات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نازانن كێ ژیان و ئه‌منییه‌تیان له‌ كاتی چالاكییه‌كاندا ده‌پارێزێت، تائێستا روون نییه‌ مه‌له‌فی ئیداره‌ی ئه‌منی به‌ده‌ست كێوه‌یه‌، ئێستا له‌ قۆناغێكی  ئینتیقالیداین، چونكه‌ تائێستا  پارێزگارێك بۆ شاره‌كه‌ ده‌ستنیشانكراوه‌”.
ئه‌وه‌شیخسته‌ڕوو:”  ئێستا ناسنامه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی شاره‌كه‌ روون نییه‌ ، كوردو توركمان و عه‌ره‌ب قه‌باره‌ی خۆیان نازانن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌موو له‌ حاڵه‌تی چاوه‌ڕوانیدان،  حكومه‌تی عێراقیش هیچ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی نه‌كردووه‌، تاوه‌كو پێمان پیشاندا ناسنامه‌ی سیاسی و نه‌خشه‌ رێگه‌كه‌ی چۆنه‌ له‌ كاتێكدا كه‌ركوك ده‌كه‌وێته‌ ناوچه‌ی مادده‌ی سه‌دوچلی ده‌ستوری عێراقه‌وه‌، ئه‌م حاڵه‌ته‌ ته‌نها له‌ كه‌ركوك نییه‌، به‌ڵكو له‌ شاره‌كانی تری عێراقیش هه‌یه‌ كه‌ پێشتر له‌ ژێر چنگی داعش بوونه‌، ئێستا دیارنییه‌ حكومه‌تی عێراق ده‌یه‌وێت چۆن ئیداره‌ی ئه‌و شارانه‌ بدات،  عێراق شوێنه‌كان كۆنترۆڵ ده‌كات و نه‌خشه‌یه‌كی بۆ ئیداره‌دانی نییه‌ بۆ ئه‌و ناوچانه‌ نییه‌ به‌ كه‌ركوكیشه‌وه‌”.

ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدارێتییه‌ی ئێستا دیكتاتۆره‌

چالاكوانێكی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیش، هۆكاری كه‌مبونه‌وه‌ی چالاكیه‌كان له‌ كه‌ركوك ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدارێتییه‌ی ئێستا، راشیده‌گه‌یه‌نێت”ئه‌و ده‌سه‌ڵاتداریه‌ی ئێستا ده‌سه‌ڵاتێكی دیكتاتۆره‌، له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراق و عه‌ره‌به‌ شۆڤێنییه‌كانه‌وه‌ پیاده‌ ده‌كرێت، تاماوه‌یه‌ك ئه‌و سڕبوونه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت و دواتریش شێوه‌ی ئاسایی خۆی وه‌رده‌گرێته‌وه‌.
عه‌لی مه‌حمود چالاكوانی مه‌ده‌نی، بۆ (هه‌واڵ) رایگه‌یاند:” سیستی چالاكییه‌ مه‌ده‌نییه‌كان  بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، له‌ دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ كه‌ هێزه‌ .ه‌ عێراقییه‌كان په‌لاماری كه‌ركوكیان داو گه‌له‌كه‌مان توشی شكستێكی سه‌ربازی و به‌دوایدا سیاسی هات، ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدارێتییه‌ی ئێستا ده‌سه‌ڵاتێكی دیكتاتۆره‌، له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراق و عه‌ره‌به‌ شۆڤێنییه‌كانه‌وه‌ پیاده‌ ده‌كرێت، تاماوه‌یه‌ك ئه‌و سڕبوونه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت و دواتریش شێوه‌ی ئاسایی خۆی وه‌رده‌گرێته‌وه‌”.
وتیشی:” خه‌ڵكی توشی شوكێك بوونه‌، له‌و بڕوایه‌دام له‌ داهاتوودا باشتر ده‌بێت، نابێ ئه‌وه‌شمان له‌بیر بچێت داگیركردنی كه‌ركوك خه‌ڵكی توشی نائومێدی كردووه‌، بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی  ئومێدیش كاتی ده‌وێت”.
ئه‌و چالاكوانه‌ باسی له‌وه‌شكرد:”  له‌ كاتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن زیاتر خه‌ڵك جموجۆڵی ده‌بێت و زیاتر تێكه‌ڵاوی شێوازی خه‌باته‌ مه‌ده‌نییه‌كان ده‌بێته‌وه‌، بۆیه‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌بێته‌ ئه‌زمونێك بۆیان و ده‌بێته‌وه‌ قوتابخانه‌یه‌ك وه‌ك بۆ دیسانه‌وه‌ چالاكبوونه‌وه‌ی خه‌باتی مه‌ده‌نی “.








‌ 936 جار بینراوه‌
3/3/2018 10:00:53 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved