»  باران
یه‌ك ملیۆن كچی عێراقی هاوسه‌رگیری پێشوه‌خته‌یان پێكراوه‌
ئا / هاوار ستار

رێكخراوی یونسێف و ده‌سته‌ی ژنانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان ده‌رباره‌ی كچانی عێراق راپۆرتێكیان بڵاوكردوه‌ته‌وه‌ و تێیدا باسی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كچانی منداڵی عێراق روبه‌روی پێشێلكاری گه‌وره‌ ده‌رباره‌ی مافه‌كانیان ده‌بنه‌وه‌ هه‌ر له‌ روی ده‌ستدرێژی سێكسی و رفاندن و بازرگانی و ئه‌شكه‌نجه‌وه‌ هه‌تاوه‌كو به‌شودانیان به‌ منداڵی.
هه‌ر له‌و راپۆرته‌دا ئه‌وه‌ رونكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ كۆی 3.5 ملیۆن منداڵدا كه‌ له‌ خوێندن دابڕاون زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆریان كچن، ئاماژه‌به‌وه‌شده‌كرێت، نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن كچی كه‌ خوار ته‌مه‌نی 15 ساڵن به‌شودراون.
به‌پێی لێكدانه‌وه‌كان ئه‌م راپۆرته‌ی یونسێف ئاماژه‌یه‌ بۆ ئاینده‌یه‌كی مه‌ترسیدار كه‌ روبه‌روی كچانی عیراق ده‌بێته‌وه‌ و سه‌ره‌تایه‌كی نوێیه‌ بۆ تێكچونی كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی و دواكه‌وتن و پێشێلكردنی مافه‌كانی مێینه‌.
ئێمه‌ گه‌ر بمانه‌وێ‌ و نه‌مانه‌وێ‌ ناكرێت ئه‌مه‌ ئاماری یه‌ك ساڵ بێت كه‌ یه‌ك ملیۆن منداڵ له‌ عێراقدا به‌ شودرابن له‌ كاتێكدا ده‌بێت منداڵان سه‌رقاڵی خوێندن و یاری و دونیای منداڵی خۆیان بن.
گه‌ر بیهێنیته‌ پێش چاوی خۆت كچێك له‌ ته‌مه‌نی 12 و 13 ساڵیدا به‌شوبدرێت و دوای یه‌ك دوو ساڵ ببێت به‌ دایك كه‌ خۆی منداڵه‌ و سه‌ره‌تای پێگه‌یشتنێتی واتا منداڵێك ده‌بێته‌ خاوه‌نی منداڵ كه‌ نازانێت سه‌ره‌تایترین مافی خۆی چییه‌ ئه‌مه‌ تێكدانی به‌ها مرۆیی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان نه‌بێت چییه‌؟ كه‌ له‌م وڵاته‌ زیاد ده‌كات و كه‌می نه‌كردووه‌، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌و كه‌سه‌ كه‌ ده‌گاته‌ ته‌مه‌نێك و بیر له‌خۆی ده‌كاته‌وه‌ ده‌زانێت چی ده‌رهه‌ق كراوه‌ و چی له‌ ده‌ستداوه‌ كاتێك ئه‌و له‌ته‌مه‌نێكدا دراوه‌ به‌شو نه‌یزانیوه‌ كار و ماڵ و منداڵ چییه‌، هه‌ر ئه‌م زوو به‌شودانه‌ش به‌رده‌وام كێشه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه‌ و ئاكامه‌كه‌ی یان جیابوونه‌وه‌یه‌ یان خۆكوشتن و خۆ سوتاندن و تا ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی خیانه‌تیش روبدات و ئه‌وكاتیش كۆمه‌ڵ جارێكی تر تاوان ده‌رهه‌ق به‌و مێینه‌یه‌ ده‌كاته‌وه‌ به‌ تاوانباركردن و ناوزراندنی.
ئه‌گه‌رچی له‌ماوه‌كانی رابردوودا هه‌وڵدرا له‌رێگه‌ی په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌مواری یاسای باری كه‌سێتی ساڵی 1959 بكرێت و به‌وه‌ش كۆمه‌ڵێك به‌ند رێگه‌ی به‌ هاوسه‌رگیری منداڵ و خوار ته‌مه‌ن 18 ده‌دا و ته‌نانه‌ت له‌ یاسای جه‌عفه‌ریدا رێگه‌ به‌ به‌شودانی منداڵی ته‌مه‌ن 9 ساڵانیش ده‌درێت كه‌ ئه‌مه‌ خۆی له‌ خۆیدا پێشێلكردنی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و مافی منداڵانه‌.
له‌ چاره‌سه‌ری ئه‌م دیارده‌یه‌دا وه‌كو ده‌وڵه‌ت و یاسا ئه‌ركی حكومه‌ته‌ له‌ رێگه‌ی ناوه‌نده‌كانی خوێندن و دامه‌زراوه‌ و مینبه‌ره‌كانییه‌وه‌ كچان و كۆمه‌ڵ هۆشیار بكاته‌وه‌ ده‌رباره‌ی كاریگه‌ری خراپی هاوسه‌رگیری پێشوه‌خت و هاوسه‌رگیری منداڵ چونكه‌ هۆشیاری په‌روه‌رده‌یی و رۆشنبیری ده‌بێت بكرێته‌ كاری سه‌ره‌كی و رۆڵی به‌رچاویشی هه‌یه‌ له‌ به‌ره‌و پێشبردنی تاك و كه‌مكردنه‌وه‌ی دیارده‌كان و سزای سایایی توندیش بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ دابنرێت كه‌ هاوسه‌رگیری به‌منداڵ ده‌كه‌ن و له‌ مه‌ترسیه‌كانی ئه‌و هاوسه‌رگیرییه‌ كۆمه‌ڵ ئاگادار و هۆشیار بكرێنه‌وه‌.
هاوكات رێكخراوه‌كانی ژنان و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و پاراستنی مافه‌كانی منداڵیش پێویسته‌ ئه‌ركی خۆیان به‌رامبه‌ر به‌ مافه‌كانی منداڵ و به‌تایبه‌تی كچان ببینن و هۆشیاری له‌سه‌ر كاریگه‌رییه‌ خراپه‌كانی هاوسه‌رگیری كچانی منداڵ و توندوتیژی به‌رانبه‌ر به‌كچان بده‌ن ئه‌ویش له‌رێگه‌ی كۆر و كۆبونه‌وه‌ و شاشه‌ و میدیاكانه‌وه‌ ده‌بێت و پێویسته‌ باسی مه‌ترسیه‌كانی كچانی قوربانی بكرێت و كاری جدی له‌ پێناو مافه‌كانی كچاندا ئه‌نجام بدرێت.

‌ 814 جار بینراوه‌
3/3/2018 10:17:21 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved