»  شەکری تاڵ
 یاسا كاریكاتێرییه‌كانی هه‌رێم!




دواجارو دوای مشتومڕو چاوه‌ڕوانییه‌كی زۆر، په‌رله‌مانی كوردستان یاسای چاكسازیی موچه‌و خانه‌نشینی په‌سه‌ندكرد.
به‌درێژایی ته‌مه‌نم كه‌ نزیكه‌ی (54) ساڵه‌، هه‌رگیز به‌ ده‌رچوواندن و په‌سه‌ندكردنی هیچ یاسایه‌ك كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك بوو بێت، دڵشادو ئاسووده‌ نه‌بوومه‌، چونكه‌ دڵنیا بوومه‌، كه‌ مه‌به‌ستێكی شاراوه‌ی له‌ پشته‌و هه‌رگیز ناسه‌پێندرێت و جێبه‌جێ‌ ناكرێت، به‌ڵام له‌ ساده‌ترین بڕیارو یاسا كه‌ دژی به‌رژه‌وه‌ندی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵك بو بێت، نیگه‌ران و ترس دایگرتووم، چونكه‌ باشم زانیووه‌، كه‌ وشه‌ به‌ وشه‌ی و هه‌ندێك زیاترش و زۆر به‌په‌له‌ ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.
(بێرتا بۆهله‌ر) پارێزه‌ره‌كه‌ی رێبه‌رو سه‌ركرده‌ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان ده‌ڵێت: “كورده‌كان زۆر متمانه‌ به‌ دادگاو قه‌زاكان ناكه‌ن...   ؛ كوردان ده‌ڵێن: یاساكان هه‌میشه‌ دژی ئێمه‌ بوون”.
ئه‌م بڕواو بۆچوونه‌ی كورد سه‌باره‌ت به‌ یاساو ده‌ستوور و دادگاكانی رژێم و ده‌سه‌ڵاتداره‌ داگیركه‌ره‌كانی كوردستان، سه‌دا سه‌د راسته‌و پێموابێت، هیچ كه‌س نییه‌، نكوڵی لێبكات یان ره‌تیبكاته‌وه‌، چونكه‌ به‌ درێژایی مێژووی داگیركردنی كوردستان و داگیركه‌ره‌كانی، هه‌ر یاسایه‌كیان په‌سه‌ند كردبێت، ئه‌گه‌ر كه‌مێك ئه‌و مادده‌و بڕگانه‌ی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كورددا بوبێت، چاویان لێپۆشیوه‌و ته‌نانه‌ت دژیشی به‌كاریانهێناوه‌.
به‌ درێژایی ته‌مه‌نی ده‌سه‌ڵاتداریی و حكومه‌تی كوردستانیش، به‌ هه‌مان شێوازو پرانسیپ، له‌مه‌ڕ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی چین و توێژه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ سته‌ملێكراو نه‌هامه‌تباره‌كان، مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ یاساكاندا كراوه‌، ره‌نگه‌ كه‌سانێك هه‌بن ئه‌م بۆچونه‌م به‌ نا واقعیی و نادادپه‌روه‌رانه‌و بێ‌ ئینسافی بزانن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ وردی و به‌جددی ئاوڕێك له‌و مێژووه‌ بده‌ینه‌وه‌، ره‌نگه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ راو بۆچونی خۆیان بگۆڕن.
كاتێك په‌رله‌مان یاسای نه‌زاهه‌و چاودێریی دارایی و سندوقی داهاتی نه‌وت-ی په‌سه‌ندكرد، خه‌ڵكێكی زۆر زۆر پێی دڵخۆش بون، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك به‌ باشترین یاسایان له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دا، كه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ په‌سه‌ند كرابێت، ئه‌و خه‌ڵكه‌ ناهه‌قیان نه‌بو، به‌ڵام من زۆر یه‌قین بووم كه‌ جێبه‌جێ‌ ناكرێت، به‌ڵكو ژماره‌یه‌ك خه‌ڵكی بێ‌ پشت و په‌ناو (مه‌حسوب نه‌كراو) ده‌كرێنه‌ قوربانی و چاوبه‌ستێكی كۆمه‌ڵگه‌ی پێده‌كرێت، هه‌روا بوو، سندوقه‌كه‌ نه‌ك هه‌ر دروست نه‌كرا، به‌ڵكو بودجه‌و موچه‌ش نه‌ما، گه‌نده‌ڵیش نه‌ك هه‌ر كه‌می نه‌كرد، به‌ڵكو كوردستان سه‌دان ئه‌وه‌نده‌ی تر نغرۆی گه‌نده‌ڵیی بوو.
له‌ ئێستاشدا مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی له‌ یاسای چاكسازیی موچه‌و خانه‌نشینی، وه‌ك په‌رله‌مانتارێك وتی: “زیادكردنی داهات و كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم و ده‌ربازكردنییه‌تی له‌ قه‌یران؛ ئه‌و كاره‌سات و نه‌هامه‌تییه‌ی خۆیان ناویان ناوه‌( قه‌یران) كه‌ من هه‌رگیز بڕوام به‌ بوونی قه‌یرانی دارایی له‌ كوردستاندا نییه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی هه‌یه‌، قه‌یرانی ده‌ستی پاك و عه‌قڵی سه‌لیمه‌.
بێگومانم بڕگه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ش، ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندی به‌ به‌رژه‌وه‌ندی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌، دانه‌ دانه‌ی زۆر به‌ جوانی ده‌سه‌پێندرێت، ئه‌وه‌نده‌شی په‌یوه‌سته‌ به‌ به‌رژه‌وه‌ندی و باشكردنی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵكی نه‌هامه‌تدارو گیرفان به‌تاڵ و ماڵ ساردو سڕ، یه‌ك خاڵی بۆ سوێندش جێبه‌جێ‌ ناكرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و خاڵه‌ جێبه‌جێش كرا، هه‌ر بۆ ماوه‌یه‌كه‌و به‌س.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ چۆن یاساكانی دیكه‌ له‌ فه‌رمانگه‌و وه‌زاره‌ت و دادگاكان تۆزی له‌سه‌ر نشتون، ئه‌م یاسایه‌ش هه‌مان چاره‌نوسی ده‌بێت...  ئینشه‌لڵا من هه‌ڵه‌م!
  
 ئیمزا
ئومێد موحمود


‌ 433 جار بینراوه‌
3/3/2018 10:19:00 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved