»  راپۆرت
پابەندنەبوونی موەلیدە ئەهلییەكان بەخشتەی نوێوە ناڕەزایی لێدەكەوێتەوە
ئا / هاوار ستار

بەبڕیارێك ئەو ناوچانەی بازرگانین و پرۆژەی بەتایبەتكردنی كارەبای تێدا ئەنجامدراوە دەبێت موەلیدە ئەهلییەكان لە كاتژمێر شەشی بەیانییەوە تا دوانزەی شەو كارەبا بدەن بە جۆرێك هەركات كارەبای نیشتیمانی بڕا ئەوان پڕی بكەنەوە، بەڵام وەك هەندێك هاوڵاتی ئەو ناوچانە دەڵێن خاوەن موەلیدەكان ئەو بڕیارە جێبەجێ ناكەن و پابەند نین پێوەی، لیژنەی موەلیدەكانیش رایدەگەیەنن هەر كەسێك ئەو حاڵەتەی بەدی كرد دەتوانێت پەیوەندی بە پۆلیسەوە بكات.

بەپێی بڕیارێكی ئیداری كە ئیمزای عەلی حەمادی جێگری پارێزگاری كەركوكی بۆ بەشی هونەری پێوەیە بە ژمارە 1845 ی بەرواری 28/2/2018 هاتوە كە دەبێت موەلیدە ئەهلییەكان بەپێی خشتەیەكی سێ بەشی كاربكەن بەجۆرێك ئەو ناوچانەی دەكەونە باشوری رۆژهەڵاتی كەركوكەوە كاتژمێر حەوت بۆ هەشتی بەیانی و هەروەها سێی پاشنیوەڕۆ بۆ دوانزەی شەو كارەبا پڕكەنەوە و 6000 هەزاریان بۆ هەر ئەمپێرێك لێ وەردەگیرێت و ئەو گەڕەكانەشی دەكەونە  شوێنەكانی ترەوە بەهەمان خشتە 5000 هەزاریان بۆ هەر ئەمپێرێك لێ وەردەگیرێت، بەڵام هەندێك ناوچە كە پرۆژەی بەتایبەت مەندكردنی كارەبای نیشتیمانی بۆ دیاری كراوە دەبێت كارەبای مۆلیدە لە شەشی بەیانییەوە تەرخانی بكات تا دوانزەی شەو هەركات كارەبای نیشتیمانی بڕا بۆ هەر ئەمپێرێكیش بڕی 4000 دینار وەربگرێت و لە نوسراوەكە ناوی چەند گەڕەكێك دیاری كراوە كە دەبێت بەو سیستەمە كار بكەن و لەوانەش ناوی گەرەكی ئیسكان و ئازادی و ئیمام قاسم هاتوە.
چەند هاوڵاتیەك بۆ (هەواڵ) گلەیی ئەوە دەكەن ئەگەرچی ئەو خشتەیە دیاریكراوە بەڵام موەلیدەی گەڕەكەكانیان جێبەجێی ناكەن.
ئەحمەد حەسیب هاوڵاتیەكی دانیشتووی گەڕەكی ئیسكانە و بۆ (هەواڵ) وتی: "وەك ئاگادارین دەبێت كارەبای موەلیدە لە گەڕەكەكانی ئێمە لە شەشی بەیانیەوە تا دوانزەی شەو كارەبا تەرخان بكات، هەركات كارەبای نیشتیمانی بڕا پڕی بكاتەوە بەڵام ئەوە ناكات".
ئەو هاوڵاتییە وتیشی: "چەند جارێك بەخۆشی لەگەڵ خاوەنی موەلیدەكە قسەمان كردووە، بەڵام ئەو بێئاگایی خۆی لەو نوسراوە دەربڕیوە و بیانووی جۆراوجۆر دەهێنێتەوە وەك نەبوونی گازو زۆر بڕانی كارەبای نیشتیمانی لە كاتێكدا كارەبای نیشتیمانی لای ئێمە ژمێررەری بۆ دانراوە و ماوەی پێدانی زیادكراوە".
هەروەها وتی: "بۆیە پەنامان بردوەتە بەر راگەیاندنەكەی ئێوە تا بتوانین كێشەكەمان بگەیەنین و بۆ رای گشتی روونی بكەنەوە كە خشتەی پێدانی كارەبای موەلیدە ئەهلییەكان لە كەركوكدا لە ناوچەیەك بۆ ناوچەیەكی دی شارەكە دەگۆڕێت و بەشێوەی جیا دیاری كراوە".
عەدنان ئەنوەر بەرپرسی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەكانی كەركوك بۆ (هەواڵ) رونیكردەوە: " بە پێی خشتەی تایبەت كارەبای موەلیدە ئەهلییەكان دیاریكراوە و ئەو ناوچانەی شوێنی گشتی و بازاڕ و پرۆژەی تایبەتكردنی كارەبای نیشتیمانی بۆ كراوە دەبێت بە خشتەیەك بێت لە شەشی بەیانیەوە بۆ دوانزەی شەو هەركات كارەبای نیشتیمانی بڕا پڕیبكاتەوە و بۆ هەر ئەمپێرێك چوارهەزار دینار وەربگرێت و گازەكەشی كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتیەكان لقی بەغدا تەرخانی دەكات".
هەروەها بەرپرسی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەكان وتی: "قایمقامیەت و پۆلیس و موختاری گەڕەكەكان چاودێری كارپێكردنی موەلیدە ئەهلییەكان دەكەن و ئەوان لێپرسراو دەبن لە لێكۆلینەوەو كەمتەرخەمی هەر خاوەن موەلیدەیەك".
هەروەها باسی لەوەشكرد: "هەر هاوڵاتیەك یان چەند كەسێك ئەوەیان بەدی كردووە كە موەلیدەكانی سنورەكەیان كەمتەرخەمن و بە پێی خشتەی دیاری كراو وەكو پێویست كار ناكات ئەوا دەتوانن لە رێگەی موختاری گەڕەكەوە بچنە پۆلیس و قایمقامیەت و سكاڵا لەسەر خاوەن موەلیدەكە تۆمار بكەن و ئەو نوسراوەی دیاریكراوە بۆ خشتەی كار بە هەموو بنكەكانی پۆلیس دراوە".
لەبڕیارەكەدا هاتووە، ئەو گەرەكانەی كە پرۆژەی خزمەت و تایبەتمەندی كارەبایان هەیە گەڕەكەكانی (ئەڵماس، ساحە تەیەران، شاترلو، شەقامی كۆماری، بەرانبەر نەخۆشخانەی گشتی كەركوك، قۆریە، نەخۆشخانەی منداڵان، رێگەی بەغدا راست و چەپ "لەنێوان شەقامی تسعینی كۆنەوە بۆ شەقامی كۆڕنیش" تا گۆڕەپانی ئاهەنگەكان، ئەمەل ستی، یەكی ئازار، ئیسكان، ئازادی، ئیمام قاسم) بۆ هەر ئەمپێرێك بڕی چوار هەزاریان لێوەردەگیرێت و دەبێت كارەبا لە شەشی بەیانیەوە تا دوانزەی شەو لەم ناوچانە پڕبكرێتەوە.
لەنوسراوەكە دیاریكردنی كات و نرخی موەلیدە ئەهلییەكاندا هاتوە كە ئەو نوسراوە لە مانگی ئاداردا كاری پێدەكرێت و تێیدا ناوچەكانی باشوری رۆژهەڵاتی كەركوك دیاریكراوە كە گەڕەكەكانی (پەنجا عەلی، رزگاری، شۆریجە، راپەڕینی یەك، راپەڕینی دوو، حەی نەسر، عروبە، روناكی، حەی عەسكەری، حەی شوهەدا و شەریكە تارق) دەبێت كارەبا لە سێی پاشنیوەڕۆوە بۆ دوانزەی شەو تەرخان بكەن و شەش هەزار دیناری عێراقییان بۆ هەر ئەمپێرێك لێ وەردەگیرێت.
ئەو ناوچانەشی دەمێنێتەوە بڕی پێنج هەزاریان بۆ هەر ئەمپێرێك لێوەردەگیرێت وەك ئاماژەمان بۆكرد.
بۆ رونكردنەوە و زانیاری زیاتر (هەواڵ) چەند جارێك پەیوەندیكرد بە عەلی حەمادی جێگری پارێزگار بۆ كاروباری هونەری و عەقید ئەفراسیاو بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی كەركوكەوە، بەڵام پەیوەندی هیچ كامیان بەردەست نەبوون..









‌ 389 جار بینراوه‌
3/10/2018 10:12:35 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
?? ?????????? ??????? ???? ?? ??? ???? ??????

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved