»  راپۆرت
رێككەوتنی پێكهاتەكانی كەركوك لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا رای جیاوازی لێدەكەوێتەوە


شوان داودی: ئەو ئەنجومەنەی بۆ ئەم خولە هەڵدەبژێردرێت،
 مافی ئەوەی نابێت، بڕیار لەسەر چارەنوسی كەركوك بدات




دوای 13ساڵ بێبەشكردنی كەركوك لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان هەرجارەو بە بیانوویەك، ئێستا دوای رێككەوتنێك  رۆژی  22/12/2018 بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كەركوك دەستنشانكراوە، گەیشتن بەو رێكەوتنەش كاردانەوەی جیاوازی لە ناو كورددا بەدوای خۆیدا هێناوە و  سەبارەت بەوەی بەشداریكردنی كورد لە كەركوك لەو هەڵبژاردنە قازانج دەكات یاخود زرەرە مەند دەبێت.

شوان داودی ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە  ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ (هەواڵ) رایگەیاند:” كەركوك لە دوو خولی رابردووی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان  بە یاسا بێبەشكراوە، لەم خولەی پەرلەماندا  زۆر هەوڵی ئەوەدرا پێكهاتەكانی كەركوك  بگەینە رێككەوتنێك، بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بكرێت”.
ئاماژەی بەوەشكرد:”  لەپێش ریفراندۆمیش كوردو عەرەب و توركمان، هەرسێ لامان داوای هەڵبژاردنمان دەكرد، بەسەرپەرشتی سەرۆكی پەرلەمان دانوستانێكی دوورو دریژ دەستیپێكرد، زۆر چوینە پێشەوە، چەند جارێك گەیشتینە كەناری رێكەوتن،  بەڵام لەسەر چەند بڕٍگەیەك كە ئێمە وەكو كورد تێبێنیمان لەسەری هەبوو، بەپێچەوانەشەوە لایەنی بەرانبەریش تێبێنییان هەبوو ناگەیشتینە ئەنجامی كۆتایی”.
باسی لەوەشكرد:” لەم رۆژانە كە دانیشتنی  پەرلەمان تەواو بوو، چەند رۆژێك پێش ئەو دانیشتنە، بۆ تەواوكردنی نساب بۆ بودجە، بە سەرپەرشتی رێكخراوێكی هۆڵەندی كە پێشتر كاری لەسەر مەلەفی كەركوك كردووە، چەند كۆبوونەوەیەك رێكخرا، لەگەڵ نوێنەرانی كەركوكدا لە حیزبەكان و ئەنجومەنی پارێزگا، دواتر بە سەرپەرشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كۆبوونەوەیەك لەشاری بەغدا لەگەڵ نوێنەرانی كەركوك، رێكخرا، گەیشتینە شێوازێك  بۆ ئەوەی بتوانین لە كەركوك هەڵبژاردن بكەین”.
داودی نەشیشاردەوە:” لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، هاوكێشەكان گۆڕاون، هەمو لایەكمان ترسمان لە یەكتری هەبوو لەسەر چارەنوسی كەركوك، حكومەتی عێراق بەندێكی ناردبوو بۆ پەرلەمان لە مادەی 37 داوای كردبوو، كە چارەنوسی كەركوك لە ئەنجومەنی نوێنەران یەكلا بكرێتەوە، ئێمە وەكو كورد دژی بووین، لە دواتردا گەیشتینە شێوازێك  بۆ چوار ساڵ ئەو ئەنجومەنەی هەڵدەبژێردرێت، مافی ئەوەی نەبێت، بڕیارێكی ئیداری و یاسایی لەچارەنوسی كەركوك بدات، واتا بڕگەی یەكلاكردنەوەی چارەنوسی كەركوك لە رێی ئەنجومەنی پارێزگاكانەوە سڕكرا بۆ چوار ساڵ  ئەمە لەبەرژەوەندی هەموو پێكهاتەكانە”.
ئاشكراشیكرد:” ئەنجومەنەكە هەڵدەبژێدرێتەوە ئەو ئەنجومەنە ئەركەكانی زیاتر خزمەتگوزاری دەبن نەك سیاسی ، ئەو كێشەو ململانێیانەی كە لەسەر چارەنوسی كەركوك هەیە، بۆ چوار ساڵ سڕدەكرێت و لەو چوار ساڵەدا هەوڵی ئەوە بدرێت متمانە بۆ پێكهاتەكانی كەركوك لەناو یەكدا بگێردرێتەوە و دەرفەتێك بڕەخسێ بۆ گفتوگۆیەكی جدی لەسەر چارەنوسی كەركوك لە نێو پێكهاتەكان دەستپێبكات بۆ ئەوەی ئامادەبین بۆ هەڵبژاردنی ئایندە، خاڵێكیش لەم یاسایە هەیە كە تەنها بۆ یەك خول كاری پێدەكرێت”. 
ئەحمەد عەسكەری ئەندامی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رای جیاوازی هەیەو بۆ (هەواڵ) وتی:” بەهیچ شێوەیەك هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەبەرژەوەندی كورد نییە، هۆكارەكەشی ئەوەیە لە ئێستادا  ماڵی كورد رێك نییەو  پەرتەوازەیە”.
ئەحمەد عەسكەری وتیشی:” ئەگەر لە پێشوودا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا ئەنجامدرایە لەبەرژەوەندی كورد دەبوو، بەڵام  هەتا لەبەرژەوەندی كوردبوو، عەرەب و توركمان ئامادەی هەڵبژاردن نابوون”، ئاماژەی بەوەشكرد:”  13 ساڵە هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگا لە كەركوك ئەنجام نەدراوە، عەرەب و توركمان ئێستا دەزانن هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی ئەوانە بۆیە ئامادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنن”.
بە وتەی ئەندامەكەی لیستی برایەتی، عەرەب و توركمان پێشتر ناڕازی بوون، چونكە  مەترسی ئەوەیان هەبوو دەیانزانی كورد زۆرینە بەدەست دەهێنێت، دوای ئەو پەرتەوازەییەی كە  كەوتۆتە نێو كوردەوە ئەوان دەزانن كورد زۆرینە نایەنێت بۆیە پێیان باشە هەڵبژاردن بكرێت.
نەشیشاردەوە:” بە پلەی یەكەم كورد لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا زەرەرمەند دەبێت، ئەویش بە هۆی پەرتەوازەیی و هەروەها نەچوونی هاوڵاتیان بۆ دەنگدان”. 
ئەحمەد عەسكەری پێشیوابوو:” باشترین چارەسەر بۆ بردنەوەی هەڵبژاردنەكان، پێویستە كورد ماڵی خۆی رێكبخاتەوە، ئەوكات لە  هەموو هەڵبژاردنەكان دەیباتەوە، ئەگەر بە پێچەوانەوە بوو ئەوە زەرەرمەند دەبێت”.
عەسكەری هەڵبژاردنی سەندیكای ئەندازیارانی بە نمونە هێایەوەو وتی “ هیچ كات توركمان هێندەی كورد دەنگی نەهێناوە وەك لەو هەڵبژاردنەدا هێنای”.  
شێرزاد سەمەد، چاودێری سیاسی بۆ (هەواڵ) وتی:” ئەگەر ئامادەكارییەكان و دۆخەكە لەبار بن بۆ هەڵبژاردن،  ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران دەریدەخات  ئێمە تا چەند دەتوانین لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا سەركەوتن بەدەستبهێنین”، ئاماژەی بەوەشكرد:” ئەگەر كەموكوڕیمان هەبوو پێویستە چارەسەریان بكەین”.
وتیشی:” دەبێ كورد بەشداری هەموو هەڵبژاردنێك لە كەركوك بكات، ناكرێ بەشداری نەكات، چونكە هەڵبژاردن پرۆسەیەكەو لەسەر كەس ناوەستێ”.
شێرزاد سەمەد، باسی لەوەشكرد:” عەرەب و توركمان ئێستا پێیانوایە پارسەنگی هێز بەلای ئەوانەیەوە، بەڵام پێشتر  ئەوكاتەی كورد لە كەركوك دەسەڵاتداربوو، لە رووی پێشمەرگەو ئیدارەوە، پێَیانوابوو ناتوانن ئەنجامی هەڵبژاردن بە دڵی خۆیان بێت، ئێستا پێیانوایە بە دڵی خۆیان دەبێت، بۆیە هاتوونەتە پێشەوەو رەزامەندن بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و  بە قازانجی خۆیانی دەزانن، رەنگە بە قازانجی ئەوانیش بێت”. 
ئەوەشیخستەڕوو:” ئەگەر ئامادەكاری و یەكڕیزی باشی كورد هەبێت زۆر باشتر دەبێت، كورد ئەو ژمارە دەنگدەرەی هەیەو  لە شوێنی خۆیەتی، لە رووی جەماوەرییەوە خەڵك وەك خۆی ماوەتەوە، بەشێكی زۆر كەم بە هۆی پڕوپاگەندەو ناتەبایی نێوان لایەنە سیاسییەكان دووركەوتوونەتەوە، بەڵام دەنگدانیان هەر لە كەركوكە، ناویان هەیە ئەگەر هەموو ئەو كێشانە چارەسەر بكرێن باشتر دەبێ، چونكە هەردوو پرۆسەكە پەیوەندی بە یەكڕیزی كوردەوە هەیە.
رزگار حاجی حەمە، ئەندامی كۆمیسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بۆ (هەواڵ) رایگەیاند:” ئێمە ئامادەكاری تەواومان كردووە، لە رێگای نوسراوی رەسمی كۆمسیۆنەوە رۆژی 22/12/2018 بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق دەستنیشانكراوە،   دوای ئەو رێكەوتنەی كراوە، كەركوكیش بەشداری هەڵبژاردنەكان دەبێت”. 
وتیشی:” رەنگە گیروگرفت دروست بێت، چونكە كاتی زیاترمان پێویستە، بۆ پێداچوونەوە بە تۆماری دەنگدەران، دیارە كەركوك شارێكی گەورەیە”.


‌ 894 جار بینراوه‌
3/10/2018 10:28:50 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved