»  پەڕەموچ
ئەبستراكتی خەیاڵ
عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)



لە درزی پیتەكانی نەهامەتییەوە
پینە و پەڕۆكردنی ژیان و 
قەداغكردنی بێجامەی نەهامەتی و
دوورینەوەی گیرفانە دڕاوەكانی وەهم دەبینم
پەنجە ناسكەكانی وشە دەبینم،
لە گیرفانە كون كونەكەی (ڕامان)ەوە
ڕژدانە بەشوێن ئەو (٢٥٠) یەدا دەگەڕێ
تا بیكاتە دوا سەفەری شیرینی سەرزاری شیعر
ڕۆژانە بە باسی غەم و كەمدەرامەتییەوە 
شەقامە و شەقام شاری ئومێد دەگەڕێم و 
ئەدرێسی تۆ نادۆزمەوە،
لە شوفێر و دەستفرۆش و عەرەبانچی و 
منداڵانی سەر فلكەكان دەپرسم
تا دەمنێرنە لای كتێبێكی 
لەپاڵ دیواری ژێر سێبەرێك هەڵتروشكاو
مانیفێست و كۆخەو سینگی پڕ لەئاخی دەمهەژێنێ،
لێی دەپرسم هەتاو لە كوێ و 
خەم بەرەو كوێ و
ئومێد لە كوێ و 
ژیان لەچی حەشارداوە؟!
كە دەمبێنێ بە دیارییەوە راوەستاوم
وەك گەنجێكی پڕ لە وزە و جۆش و باوەڕ
دەستم دەگرێ و دەمبا بۆ لای دەرگاكانی خۆشەویستی
دەڵێ زاری هیج پێشبینی و 
ڕوخساری هیچ گومانێكی لەڕولاواز و لەرزۆك
دیمەنی هیچ چیرۆكێكی كارەساتبار
قەت پێكەنین بە خۆیانەوە نابینن هەتاكو
لە درزی شەق و ستەمدا 
نەڕواننە باغەكانی پڕ لە گوڵی جوانیی و ئومێد
هەتا لووتكە و پێدەشت و یاڵ و دەوەنی 
نیشتمانە غەمگینە ناوی هەسارەی زەوییە،
هەتا شارە پڕ لە ژاوەژاوەكان و
كۆڵانە پڕ لە تەنیایی و بێدەنگەكان
نەبنە هاوار ...
هەتا ئینسان هەوری سوور و 
بارانی سوور و 
ئومێدی سوور و گوڵی سوور و 
شییعری سووریان بە سەر سەردا نەیەتە خوار
نە ئازادی لە دەرگای ژیان دەدات و
 نە زنجیرەكانیش دەمرن
نە ئاسۆ روون دەچێتەوە و 
نە مناڵانی هەژاریش
فرمێسكەكانی غەریبی و ئاوارەیی خۆیان دەسڕن.

‌ 799 جار بینراوه‌
3/10/2018 10:30:06 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved