»  وتاری هەفتە
كێ باجی ئەم هەموو سازشە دەدات؟!
بورهان حاجی سلێمان



ئەوەی ئێستا لە نێوان هەرێم و بەغدا روودەدات، ئەوەندەی هەرەسی بەردەوامبوونی ئەمری واقعە، نیو ئەوەندە شكستی پرەنسیپی هاوبەشی و پێشێلكردنی مافە دەستوورییەكانی هەرێم  نییە، چونكە ئێمە پێشوەخت لە دەستووردا بە كەمتر لە مافی خۆمان قەناعەتمان هێناوە، بەڵام لە واقعدا دوور لە هەر گرەنتییەكی یاسایی و دەستووری دەستكەوتی زۆرترمان تا لێواری دەوڵەت بوون هەبوو.
تا ئێستا ماف و دەستكەوتەكانمان لەو دەستوورەی كە بە دەنگی هاوڵاتیانی هەرێم ئیقراربوونی یەكلایی كرایەوە،  شتێك بوون و لەسەر زەوی شتێكی دیكەمان هەبوو، ئەمە كرۆكی كێشەی عەقڵیەتی كوردە چ وەكو تاك و چ وەكو گروپ و حیزب و سیستم كە هەردەم سیاسەتی رۆژی پیادەكردووەو خاوەن ستراتیژێكی دوورمەودا نەبووە، ئێستاش بە پشتبەستن بەو هاوكێشە سانایە: ( بەهێزی ناوەند یەكسانە بە بەهێزی هەرێم) رەنگە لە داهاتوویەكی نزیكدا كەمتر لەو دەستكەوتانەی لە دووتوێی دەستووری عێراقدان بۆ بمێنێتەوە، چونكە ئەمجا نۆرەی ئەوانە بە سەپاندنی ئەمری واقع مامەڵە لەگەڵ هەرێمدا بكەن، ئەوەش لە هەڵسوكەوتەكانی حكومەتەكەی عەبادی و سیاسییە عێراقییەكانی دیكەدا بە روونی دیارە، ئەگەر كاریش بەو ریتمە بڕوات پێناسەو ئیمتیازاتەكانی ئۆتۆنۆمییەكەی ساڵی 1974 دەكرێت بە باڵای هەرێم و سیستمە فیدراڵیەكەدا، لەبەری ئەوەی ریتمی ملكەچبوونی حكومەتی هەرێم بۆ بڕیارەكانی عەبادی زۆر لەوە خێراترە كە پێشبینی دەكرا، كردنەوەی بوخچەو باوڵی سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاكانی حكومەتەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تیمە (هونەرییەكانی) حكومەتی ناوەندو رادەستكردنی فڕۆكەخانەكانی (ئەربیل و سلێمانی) و مەرزو دەروازە سنوورییەكان بە دەسەڵاتی بەغداو لە ژێر سایەی ئاڵای عێراقیدا، واقعێكی كاڕگێڕی و سیاسی نوێ دێنێتە كایەوە، چونكە ئەوەی تا ئێستا روویداوە سەرەتایەكە بۆ ژمارەیەك رێوشوێنگرتنەبەری دیكە لە لایەن حكومەتی عێراقەوە وەكو گێڕانەوەی دەسەڵاتدارێتی ئیدارەی ئاوی و فەرمانگەكانی مانەوەو پاسەپۆرت و باری كەسێتی و دەزگا ئەمنی و سەربازییەكان. 
لە دەستدانی دەستكەوتەكانی هەرێم زیانی یەك حیزبی تیادا نییە، بەڵكو مافی هاوڵاتیانی ئێستاو نەوەكانی داهاتووشەو هەموومان وەكوو نەتەوە زیانمەند دەبین، پێویستە رێگە نەدرێت حیزبێك لە پێناو مانەوەی خۆی سازشی ترسناك بە خاك و ئاوەوە بكات، دەبێت هاوكێشە سیاسییەكانی هەرێم گۆڕانكاری بنەڕەتی بەسەردا بێت و چیتر هەمووان باجی هەڵەی كەسێك یان حیزبێكی دیاریكراو نەدەنەوە، چونكە ئەوەی ئێستا دەرهاویشتەی ئەو یاسا ماتماتیكیەیە كە زیرەكانە پارتی بۆ خۆی دایهێناوەو بەپێی یاساكە (هەر قازانجێك هەبێت دەچێتە گیرفانی پارتییەوە، بە پێچەوانەشەوە  هەموو زیان لەدەستدانێكیش لە گیرفانی كوردستان دەردەچێت)، تا ئەم یاسایەش نەگۆڕدرێت هەموو حیزبەكانی كوردستان بەیەكێتیشەوە جگە لە كۆمپارس و باجدەری هەڵەكانی حكومەتی هەرێم هیچی تر نابن.

 

 

‌ 1704 جار بینراوه‌
3/17/2018 8:18:41 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved