»  پەڕەموچ
ئایا چیرۆك گێڕانەوەیە؟
سەدیق سەعیدڕواندزی

 
لەپەراوێزی ناساندنی كتێبێكی تازە چاپكراویدا كەكۆمەڵە چیرۆِكێكە، نووسەری كتێبەكە لەو ڕۆژانەی ڕابردوودا لە ماڵپەڕێكدا وتبووی:( كتێبەكەم لە دەچیڕۆكی ئازاد پێكهاتووە. هەوڵمداوە مژارەكان بەشێوەیەك بگێڕمەوە كەلەگێڕانەوەی كەسی ترنەچێت و هی خۆم بێت).
سەبارەت بەچیڕۆكی ئازاد، ئێمە هیچ شتێك ناڵێین. چونكە لە بنەڕەتدا شتێك نییە بەناوی چیڕۆكی ئازاد. ئەوەی هەیە چیڕۆكی نوێ و هاوچەرخە، كەتەكنیكی نووسینی جیاوازە لە چیڕۆكی كۆن كەبە تەكنیكی(مۆپاسان)ی ناسراوە. بەڵام دەمانەوێت بپرسین ئایابەڕاست چیڕۆك تەنها گێڕانەوەیە تاكو لە میانەی ئەو گێڕانەوەیەدا  چیڕۆكنووسێك جیاواز بكەوێتەوە لە گەڵ چیڕۆكنووسێكی تر؟ ئەگەر چیڕۆك گێڕانەوەبێت، دەبوو ئێستا داپیرەو باپیرەی ئێمە هەموویان چیڕۆكنووس بوونایە. چونكە كەس ئەوەندەی ئەوان حیكایەت و بابەتی گێڕانەوەیان لانییە.كەهەمیشەش لەیەكێك لەقۆناغە دیاریكراوەكانی ژیانی ئێمەدا كەمنداڵییە،بۆیانیان باسكردووین.بۆیە گێڕانەوەی بابەتێك بەتەنها، هەرگیز نابێتە سیمایەكی جیاكەرەوەی دەقێك لە دەقێكی دیكە. چونكە چیڕۆك بەتەنها لە توخمێك پێكنەهاتووە،بەڵكو بونیادێكی هونەرییە، كە چەندین رەگەزو تەكنیكی نووسینی جیاواز لەخۆدەگرێت. بێگومان گێڕانەوە یەكێكە لەڕەگەزە بنچینەیەكانی چیڕۆك. بەڵام هەموو شتێك نییە. چیرۆك بونیادێكی هونەرییە كەوێرای گێڕانەوە، ئەوا ( پلوت، كات، كارەكتەر ،شوێن، وەسف و دەربڕینە زماوانییەكان، دواتریش گێڕانەوە) پێكهاتەی سەرەكی چیڕۆكن، كەدواجار هەموویان یەكتری تەواو دەكەن و بەنەبوونی یەكێكییان،لەنگییەك دەكەوێتە چیڕۆكەكە.بۆنموونە:چیڕۆكنووس چی دەگێڕێتەوە گەر ڕوواداوێك، یان بابەتێكی سەرنج ڕاكێش نەبێت كەخوێنەركێش بكات. گێڕانەوە بەتەنها ناتوانێ كەسێك بكاتە چیڕۆكنووسێكی جیاوازو داهێنەر لەوانی تر. بەڵكو هونەری نووسینی چیڕۆك بەگشتی لەهەمووڕووەكانەوە دەبنەجێگەی سەرنجی خوێنەر. چیڕۆك گەلێك هەن، بابەتەكانیان ئاساییە وەلێ گێرانەوەكەیان شێوەیەكی هونەریانەی هێندە سەرنج ڕاكێشی هەیە، كە دەبێتە مایەی سەرنجی خوێنەر.بەهەمان شێوەش چیرۆكی تریش هەن، كەگێڕانەوەكانیان لەگێڕانەوەی حیكایەت و داستانێكی فۆلكلۆری دەچێت.وەلێ كارەكتەرەكان، شوێن و دەربڕینەكان،گرێچنەی ڕووداوەكان ئەوەندە هونەرییانە وئستاتیكانەكاری لەسەر كراوە كەئەو توخمانە بەتەنها لەبڕی گێڕانەوە زۆرتردەبنە جێگەی سەرنجی خوێنەر. گەلێگ جار لەمیانەی خوێنەوەی چیڕۆكێكدا بەتەنها وێنەیەكی هونەری، دەربڕینێك، شوێنێك، دەبنە جێگەی هەڵوەستەكردنی خوێنەر. ئەوەی لەهزری خوێنەر دەمێنێتەوە، گێڕانەوەكە نییەبەڵكوپەیامی دەقەكەیە.بەوەی كە ئەو چیڕۆكە یاخود ڕۆمانە، دەیەوێت چی بەخوێنەربڵێت. ئەمەلەلایەك لەلایەكی دیكەوە گێڕانەوە لەچیڕۆك گرنگ نییە،هونەری گێڕانەوەكە گرنگە. كەچیڕۆكنووس چەنددەتوانێت لە ڕێی گەمەی زمانەوانی و تەكنیكی نووسینەوە خوێنەر بباتە نێو قوڵایی چیڕۆكەكەی.چی گێڕانەوە گرنگ نییە،چۆن گێڕانەوە گرنگە. زۆربەی چیڕۆكەكانی ماركیز بەهۆی سیحری گێڕانەوە لە ڕێگەی تەكنیكی ڕیالیزمی جادوویی بوونەتە جێگەی سەرنجی خوێنەران.واتە گێڕانەوەكەنا، تەكنیكی گێڕانەوەكە. شێوازی گێڕانەوەش بەتەنها لەڕێگەی فۆرمی زماندا، نابێتە هۆی جیاوازكەوتنەوە لەگەڵ چیڕۆكنووسێكی تر. بەڵكو وردەكاری و چنینی ڕووداوەكانی نێو گێڕانەوەكەیە، كەدەشێ فۆڕمێكی جیاواز بەدەق بدات. بۆیە هەڵەیە پێمانوابێت كەشتێكمان لەچیڕۆك گێڕایەوە، ئەواجیاوازلەوانی تر دەكەوینەوە. ئەی بابەت؟ ڕووداو؟پلوتی چیڕۆكەكە؟ ئایائەمانەش بە شێك نین لەهونەری چیڕۆكنووسین؟ لەڕاستیدا دەقی چیڕۆك و ڕۆمان لەبیانكردنی ئەوباڵەخانەیە دەچێت كەدەبێ هونەركاریی و ئەندازەكارییەكی وردوو جوانی بۆ بكرێت. وەك چۆن گرنگی بەهەموو سوچێكی باڵەخانەیەك دەدەین، بۆ ئەوەی كەتەواو بوو بیناسازییەكەی ببێتە جێگەی جوانی، لەچیڕۆكیشدا چیڕۆكنووس دەبێ هەمان خەیاڵی هەبێت. ئەگەر لەباڵەخانەكە چەند خشتێك لەدیوارێك لابەرین، ئاخۆ سیماكەی چی لێدێت؟بەتەنها جەخت كردنەوەلە گرنگیدان بەیەك ڕەگەزی دیاریكرا لەدەقدا، هەرگیز دەقێك جیاوازناخاتەوە لەگەڵ دەقێكی دیكە.بەڵكو فەزای دەق بەگشتی، دەبنە جێگەی سەرنجی خوێنەر. ئەمە لەلایەك لەلایەكی ترەوە بەگشتی بۆ خوێنەر مەرج نییە گێڕانەوە لە چیڕۆكدا جێگەی هەڵوەستە بێت. ئێمە زۆرجارلە میانەی خوێندنەوەی چیڕۆكێكدا، ڕەگەزی گێڕانەوە بەلامانەوە گرنگ نەبێت. چونكە ڕەنگەزۆربەمان بتوانین بەهەمان شێواز ئەو ڕووداوە بگێڕینەوە . بەڵكو تیمەی چیڕۆكەكانمان بەلاوە گرنگە. كە ئاخۆ ئەم چیڕۆكە باسی چی دەكات؟ چ پەیامێكی هەیە بۆخوێنەر؟ چیمان پێدەڵێت؟ چونكە نووسین بەگشتی بەرلەوەی چێژوجوانی بێت، بەرلەوەی تەكنیكی نووسین و پێكهاتەی زمانەوانی بێت،بەرلەوەی بابەت و ڕووداو بێت، ۆ من وەك خوێنەرێك پەیامێكی ئینسانییە. لەو چەند ڕۆژەدا كۆمەڵە چیڕۆكی (سەحەر)ی (سەلاحەدیین دەمیرتاش)م خوێندەوە كەبەداخەوە ئێستا لەزیندانە. ئەو كۆمەڵە چیڕۆكە لە ڕووی تەكنیك و زمان، گێڕانەوە و فۆڕم، چیڕۆكی سادەن و هەموو خوێنەرێك تێیان دەگات. بەڵام لە پشت ئەو سادەییەوە، پەیامێكی مرۆییانەی هێندە جوان هەبوو، كەبەڕاستی پێیانەوە سەرسام بووم. چونكە باس لەچەندین پرسی مرۆیی گرنگی وەك( بێكاری - چەوسانەوەی چینایەتی - زیندان و تێكۆشان - ژنكوشتن بەناوی شەرەف - خۆشەویستی) و چەندانی تریش دەكات. واتە رەنگدانەوەی واقیعی ژیانی مرۆڤەكانە لەو وڵاتە. ئەوەی لەو چیڕۆكانەدا لە هزری منی خوێنەرمانەوە ئەو پەیامە بوو، نەك ڕەگەزی گێڕانەوە. بۆیە جیاوازكەتنەوە بەداهێنانی نوێ دەكرێت.بەوە دەكرێت كەدیدێكی تازەونوێمان لەدەقدا هەبێت. نەك چی دەگێڕینەوە. چونكە ئەگەر چیڕۆك گێڕانەوە بێت بەتەنها، ئەوا ئێمەی كورد پێویستیمان هەر بەچیڕۆك نییە. لەبەرئەوەی ئەوەندە سەرگوزشتەو داستانی میللی و حیكایەتی فۆلكلۆریمان هەیە بۆ گێڕانەوە!!..

‌ 871 جار بینراوه‌
3/17/2018 8:33:08 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved