»  شۆک
سەرەڕای دۆخی كەركوك ..گەنجان چالاكیەكانیان دەستپێدەكەنەوە
ئا / هاوار ستار




گەنجانی كەركوك بێ گوێدانە بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابوری لە شارەكە لە كار و چالاكی بەردەوامن و ڤیستیڤاڵ و كۆڕ و كۆنسێرت و چالاكییە ئەدەبی و هونەری و وەرزشیەكان شاهیدی ئەوە دەدەن كە گەنج لە هەر دۆخێكدا بێت ژیان بەردەوامە، گەنجێك خۆشەویستی خۆی بۆ كارەكەی و بوونی هیوا ئەگەرێنێتەوە بۆ بەردەوامی لەكاری هونەری و توێژەرێكیش پێی وایە گەنجەكان لە ئێستادا هەست بە خۆبوون دەكەن و فەوزای سانسۆری حزبی و سیاسی لەسەریان كەمبووەتەوە هەربۆیە چالاكیەكان بەردەوامن و زۆربوون.

هونەر دیلۆن گەنجێكی چالاكی كەركوكە لە بواری هونەریی میدیای بینراودا، بۆ هەواڵ وتی: “گەنجانی هونەر دۆستی ئەم شارە بەگشتی و خۆم بە تایبەتی سەڕەرای بوونی ناخۆشی و نەهامەتییەكان بەڵام بە هۆی هیوا و ئارەزووم بۆ هونەر وای كردووە گوێ نەدەمە نەهامەتییەكانی ئەم باروودۆخە سەختەی ئێستا كە بە شارەكەماندا تێدەپەڕێ چ لە ڕووی سیاسی و چ ئابووری”.
هەروەها ئەو گەنجە وتی: “سەرەڕای ئەوانە ئەم دۆخەی لە ئێستادا ئێمە پێیدا تێپەڕدەبین ئەگەری هەیە لە كارە هونەرییەكانمان بمانوەستێنێت ئەگەر بێت و حكومەت چارەسەرێكی بەپەلە بۆ ئەم دۆخەی ئێستا نەدۆزێتەوە، چونكە هەر شارێك یان هەر وڵاتێك بەبوونی هونەرەكەی و زیندوكردنەوەی كلتورەكەی ناوی شار یان وڵاتی لێ ئەنرێت”.
وتیشی: “لە كاتێكدا هەر شار و وڵاتێك هونەر و كلتورەكەی نەپارێزرا ئەوا لە مانای شار و وڵات دەردەچێت، ژیان لەو شوێنەشدا ٥٠% دەوەستێت چونكە هونەر و كلتور نیوەی ژیانە".
هەوار فارس كچە گەنجی هونەرمەند و راگەیاندنكار بۆ هەواڵ وتی: “هەر كەسێك یاخود هەر گەنجێك لەهەر بوارێك كاربكات ئەگەر بواری هونەری بێت یا وەرزشی یاخود هەربوارێكی تر، هیچ كات نابێ بیر لەوە بكاتەوە كە قەیرانە یا شەڕە یان بارودۆخ ئاڵۆزە، نابێت كاریگەری هەر یەكێك لەمانە ببێتە هۆی وەستان لە كارەكەی،بەڵكو پێچەوانەكەی ڕاستە”.
ئاماژەی بەوەشدا: “لەهەر بارودۆخێكدابێت پێویستە كار و چالاكییەكانت زیاتر بكەیت بۆ ئەوەی كۆمەڵگە و تاكی كۆمەڵ ڕزگار بكەیت لەو گرژی و ئاڵۆزیانەی پێیدا تێپەڕ ئەبن، چونكە هونەر بە تایبەت شانۆ كارێكی كاتی و دیاریكراو نییە لە كاتێكدا باردۆخ خۆش و هێمن بوو تۆ چالاكیت هەبێ شانۆ لە هەموو كات و دۆخێكدا پێویستە خزمەت بە خەڵك بگەیەنێت”.
هەروەها وتی: “خاڵی سەرەكی شانۆ یان هونەر بەگشتی بونیادنان و دروستكردن و چێژ بەخشینە
ئەگەر ئەزموونی وڵاتانی ئەوروپی وەربگرین ئەبینین دوایی گەورەترین جەنگی جیهانی كە جەنگی جیهانی دووەمە هەر هونەرمەندان و ڕۆشنبیران بوون كە ئەو وڵاتە پێشكەوتوەی لێدەرچووە بونیادیان نا بەكاری هونەری”. 
وتیشی: “بۆیە ئەگەڕێینەوە سەر بابەتی سەرەكیمان نە قەیران نە شەڕ و ئاڵۆزی نە هونەر ئەوەستێنێ نە شانۆ و نە هەر بوارێكی تر...”.
چێنەر سیروان توێژەری كۆمەڵایەتی بۆ هەواڵ وتی: “هەست كردن بە خۆبوون لە نێو گەنجەكانی كەركوكدا هۆكاری بەردەوامیدانییانە بە چالاكی هونەر و ئەدەبی و وەرزشی و هەر بوارێكی دی چونكە پێشتر راستیەك هەبوو زۆربەی كار و چالاكیەكان كۆنتڕۆڵ كرابوون لە لایەن حزبەكانەوە خاوەنداری هەر پرۆژەیەك دەكرا و ئێستا ئەوان لەو بوارەوە غیابن”.
هەروەها وتی: “لە روی دەرونییەوە گەنجەكان جۆرێك لە خۆ سەلماندنیان و هەست كردن و درك كردنیان بە خود لایە پەیدا بووە و هەر بۆیە كاتێك ئیشێك دەكا سەد لە سەد هەست دەكا ئیشێكی سەربەخۆی خۆیەتی و خۆڕسكانە لە خۆیەوە دەردەچێت و پێشكەش بە چواردەورەكەی لە شارەكەی خۆی دەكات”.
ئەو توێژەرە باسی لەوەش كرد: “پێشتر هەر چالاكیەكی هونەری و ئەدەبی و رۆژنامەوانی و وەرزشی و هەر بوارێك بوایە ئەبوایە گەنجەكان چاوەڕێبن حزبێك سەرپەرشتیان بكات یان هاوكاریان بكا یان هەر چیەك لەو بابەتە بەڵام ئێستا خۆیان ئەوە دەكەن و ئەشبینیت رۆژانە جم و جۆڵی باش هەیە و هەست كردن بە سەربەخوودبوون دەكەن و ئەم جار پشت بە خۆیان دەبەستن”.

‌ 445 جار بینراوه‌
3/17/2018 8:38:28 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved