»  وتاری هەفتە
ئایا چاڵدێرانێكی دیكە بەڕێوەیە؟
بورهان حاجی سلێمان



جموجۆڵەكانی تورك لە عەفرینەوە بۆ شەنگال و لەوێوە تاكو قەندیل، رۆژ بە رۆژ مەبەستەكانی ئەو دەوڵەتە فراوانخوازو پاوانخوازە لە باشورو رۆژئاوای كوردستان روونتر دەكاتەوە كە دەیەوێت ئەوەی لە چوارچێوەی چارەسەركردنی كێشەی ویلایەتی موسڵ لە ساڵی 1926 لەدەستی داوە، یان ئەوەی لە پرسی یەكلاییكردنەوەی كێشەی لیوای ئەسكەندرۆنە لە ساڵی 1939 نەیتوانی بەدەستی بێنێت، ئێستا بە سوودوەرگرتن لە هەلومەرجەكەو لاوازی حكومەتە عەرەبییەكان، بەدەستی بێنێت.
ئەم پەلهاویشتنانەی ئەنقەرە، ئەگەر سنووری بۆ دانەنرێت، جەنگێكی هەرێمایەتی یان تەنانەت جیهانی لێدەكەوێتە، كە خاكی كوردستان گۆڕەپانەكەی و تاكی كورد سوتەمەنییەكەی دەبێت و دەرگا لەبەردەم دووبارەبوونەوەی جەنگی چاڵدێرانی 23ی ئابی 1514ی نێوان عوسمانی و سەفەوییەكان واڵادەكات، كوردستانیش دوچاری دابەشبوونێكی دیكە دەكاتەوە، چونكە ئێستا هەمان فاكتەرەكانی هەڵگیرساندنی جەنگ كە خۆی لە ململانێی مەزهەبی و جیوپۆلیتیكی و پاوانخوازییەكانی توركیاو ئیـَران لە سەدەی شانزەهەم دەبینێتەوە، بوونیان هەیەو وەكو دوو یاریكەری سەرەكی و زلهێزی هەرێمایەتی، لە كێبڕكێی چنینەوەی میراتییەكانی بەهاری عەرەبیدان.
ئێران تاكو ئێستا راستەخۆ بەریەككەوتنی لەگەڵ توركیا نەكردووە، بەڵام لەرێگەی قوڵایی مەزهەبییەوە چ لە ناو حكومەتە عەرەبییەكان بێت و چ لە ناو گەلانی عەرەبی بێت شەڕی بەرژەوەندی گروپەكانی سەر بە توركیای كردووە، ئەو لە رێگەی حكومەتەكانی بەغداو دیمەشق و میلیشیاكانی حەشدو حیزبوڵاو حوسییەكانەوە شەڕی مەزهەبی دوور لە سنوورەكانی خۆی دەكات، بەڵام هاتنە قووڵایی ناوچەكانەوە لە لایەن توركیاوە، دەرفەتی پێكدادان و بەریكەوتن لە نێوان هەردوو جەمسەرەكە زیاد دەكات و ئەگەری كرانەوەی دەرگای دۆزەخ لە ناوچەكە بەهێزتر دەكات.
ئێستا عەرەب بەتەواوی خۆیان بەسەر هەردوو بەرەكەی توركیاو ئێران ساغ كردووەتەوە، زۆرینەی شیعەكان پاشگری تاران و زۆربەی سوننەكانیش پاشكەوتەی ئەنقەرەن، ئەوەشی دەمێنێتە لە ناو عەرەبەكانی ناوچەكە كەمینەیەكن كە میسرو سعودیە رابەرایەتی دەكەن. لەم نێوەندەدا كورد وەكو پەیوەندیداری یەكەم بە هەڕەشەو دەرهاویشتەكانی جەنگی چاڵدێرانی سەدەی بیست و یەك، ستراتیژێكی روونی نییەو رەنگە نەتوانێت بەتەواوی خۆی لە ململانێكە بێلایەن بگرێت، بەڵكو هەموو رووداوەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن لە باشور و رۆژئاوا چەند لایەنێكیش بە هاوشێوەی ئیدریس خانی بەتلیسی لەبەرانبەر پەیمانی درۆی تورك بە مانەوە لە دەسەڵاتی ناوخۆیی، بەیعەت بە نەفیر عامی ئەمجارەی عوسمانییەكان بدەن و هەندێكیش رەنگە بەلای ئێراندا بابدەنەوە.
ئەمریكاش كەوتووتە دۆخێكی سەختەوە، دەیەوێت لەو نێوەندەدا بەرەی سێیەم بەهێز بكات و كوردو بەغداش بێنێتە ریزی ئەو بەرەیەوە، هەر بۆیە جموجۆڵەكانی ئەم داوییەی واشنتۆن بە ئاراستەی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچە جێناكۆكەكان و رێكخستنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ یەپەگە لە درك كردنیەتی بە مەترسییەكانی توركیاو ئێران بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی لە باشورو رۆژئاوای كوردستان، هەرچەندە ئەمریكاش هەمیشە بەرژەوەندییەكانی لە گۆڕانكاری دان، بەڵام كورد لە ئێستادا لەم بژاردەیە باشتری لەبەردەست نییە.










‌ 1255 جار بینراوه‌
3/31/2018 7:38:08 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved