»  کوردستان
توركیا چاوی لە ویلایەتی موسڵی كۆنە


 هەڕەشەكانی توركیا بۆ سەر شەنگال زیاد دەكات و بەرپرسێكی یەكێتیش دەڵێت:” ئەنقەرە چاوی لە ویلایەتی  موسڵی كۆنە”.
غیاس سورچی، لێپرسراوی راگەیاندنی مەڵبەندی موسڵی یەكێتی نشتیمانی كوردستان، لەلێدواێكیدا بۆ (هەواڵ)، رایگەیاند:”تاوەكو ئێستا هیچ جموجۆڵێكی سەربازی توركیا بۆ سەر شەنگال نییە”، ئەوەشیخستەڕوو:”چوارشەممەی رابردوو دوا كاروانی هێزەكانی پەكەكە شەنگالیان چۆڵكردو ئێستا هیچ گەریلایەك لە شەنگال بوونی نەماوە “.
بەوتەی لێپرسراوی راگەیاندنی مەڵبەندی موسڵی یەكێتی نشتیمانی كوردستان، ئەو هەڕەشانەی توركیا دەیانكات تەنها بیانووگرتنە، ئەگینا هیچی دیكە نییەو دەیەوێت لەسەر حیسابی وڵاتانی دراوسێ دەسەڵاتی فراوان بكات، باسی لەوەشكرد:”ئەردۆغانیش باسی لەوە كردووە كە هێزێك لە شەنگال هەیە كە مەبەستی یەپەژەیە كە سەرجەمیان عێراقین و میلاكیان لەسەر حكومەتی عێراقە”.
غیاس سورچی، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:”هەڕەشەكانی توركیا جددین و لەسەر ئەوە ماوە كە تا چەند ئەو هەڕەشانەی بۆ دەچێتەسەر”. وتیشی:”عێراق لەو كارانە ناڕازییەو هێزی هێناوەتە شوێنەكانی پەكەكە”. 
لێپرسراوی راگەیاندنی مەڵبەندی موسڵی یەكێتی نشتیمانی كوردستان، راشیگەیاند:”پێویستە ئەنجومەنی ئاسایش و رێكخراوەكانی نەتەوە یەكگرتوەكان و سنورێك بۆ توركیا دابنێت”، روونشیكردەوە:”توركیا نەك تەنها چاوی لە  شەنگال و قەندیلە،  بەڵكو چاوی لەسەرجەم ویلایەتی  موسڵی كۆنە كە بریتییە لە هەریەكە لە موسڵ و دهۆك و هەولێر و كەركوك”. 
 

 

‌ 222 جار بینراوه‌
3/31/2018 7:45:16 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved