»  راپۆرت
كورد وردە وردە پۆستەكانی شاری كەركوك لە دەستدەدات
ئا / هاوار ستار

كورد لە پۆستە باڵاكانی ئیدارەدانی كەركوك لادەبرێن و یان دەڕۆن و شوێنەكانیان بە عەرەب و توركمان پڕدەكرێتەوە، ئەم گۆڕانكارییانەش وەكو دەرهاویشتەی ئەنجامدانی ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی ساڵی رابرددوو و روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر بە زەقی بەدی دەكرێت.

بەپێی زانیاریەكانی هەواڵ تاوەكو ئێستا كورد لەكەركوك 18 پۆستی گرنگی ئەمنی و حكومی و ئیداری لەدەستداوە، لە كاتێكدا ئەو پۆستانە  بەپێی سەرژمێری و رێژەی دەنگ پشكی كوردبوون.
ئەگەرچی كورد لە شارەكە لە روی كورسی پەرلەمانی و ئەنجومەنیشەوە خاوەنی زۆرترین رێژەی شارەكەبوون و بە پلەیەك بوون بەڵام لە ئێستادا گوێ بەوەنادرێت.
لەهەڵبژاردنی پێشودا كورد لە كۆی 12 كورسی پەرلەمانی عێراق خاوەنی 8 كورسیی شارەكەیە و لە ئەنجومەنی پارێزگاش لە كۆی 41 كورسی كورد بە لیستی برایەتی 26 كورسی هەیە و زۆرینەن.
ئازاد جەباری سەرۆكی لیژنەی ئەمنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ هەواڵ وتی: “ئەوان هاتون گۆڕانكاری بكەن و كورد لە هیچ پۆستێكدا نەهێڵن و سیاسیەتی ئەوان وایە لە بەغداوە و ئەمردەكەن و لێرەش ناوەكان دەدەن كە فڵان بگۆڕن بە فڵان و ئەوانیش رازی دەبن”.
هەورەها وتی: “بەراستی ئێمەش كۆنابینەوە و ئەنجومەن ئیفلیج بووە و كە كۆمەڵێك ئەندام لە هەولێرە و نایەنەوە و ئەوانەشی ماون رێكناكەون و لەگەڵ توركمان و عەرەب هیچ ناكەن، ئەوانیش مەبەستیانە دۆخەكە وابڕوا تا هەڵبژاردن دەكرێ كۆمەڵێ شت هەیە ژێربەژێر جێبەجێی دەكەن”.
باسی لەوەش كرد: “ئەگەرچی ئەو پۆستانە پشكی كوردن بەڵام ئەوان وەكو عەرەب و توركمان گوێ بەوە نادەن پۆستەكانیش لە راستیدا كاتی خۆی بە ئامار و سەرژمێریەكی ئێرە نەكراوە بەڵكو ئەمریكیەكان هاتن و وتیان پۆستەكان بۆ كورد 42% و عەرەب 28% و توركمان 15% و ئەوەی دەمێنێتەوە پشكی كلدو ئاشوریەكانە و بەو جۆرە دانرا بەڵام ئێستا عێراق جێبەجێی ناكا”.
لای خۆیەوە رەوەند مەلا مەحمود جێگری یەكەمی لێپرسراوی مەڵبەندی دووی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان وتی: “ئەم دۆخەی كەركوك ئاشكرایە كە كێ ئێستا باڵادەستە ئەمە لە لایەك و لەلایەكی تریش ئەو كادرانەی ئێمە بەشێكی خۆیان هۆكاری لابردن و گۆڕینیانن و غەدر لە میلەت و حزبیش دەكەن”.
رەوەند مەلا مەحمود وتی: “یەكێك لەو پۆستانەی بەم دواییە گۆڕا بەرێوبەری پێشوو خۆی داوای خانەنشینی كردبوو و هەر خۆیشی خەڵكی پێشنیازكردبوو بۆ شوێنەكەی و دواتر لە سەر شاشە دەڵێت ئەمانە هەموی دەرەنجامی 16ی ئۆكتۆبەرە وامان لێهات و بەراستی ئەمە سپڵەییە بەرانبەر بەمیلەت و یەكێتیش”.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا: “لە ئێستای عێراقدا كە عێراقێكی پڕ فەوزایە و كێشەی زۆری تێدایە و كوردیش كێشەی زۆری هەیە لە كەركوك و بەجۆرێك لە دەسەڵاتی یەكەمەوە هاتوینەتە خواری خوارەوە هەربۆیە ئەمانە چارەسەری دەوێ و ئێمەش روبەروی ئەم دۆخە دەبینەوە و داخوازیەكانمان بەردەوام دەكەین و هەوڵی چارەسەر دەدەین”.
جێگری یەكەمی لێپرسراوی مەڵبەندی دووی یەكێتی وتیشی: “ئەگەر عێراقیش هەر وا بەردەوام بوو ئەوا ئێمە خۆپیشاندان دەكەین و سكاڵا دەكەین و لەرێی ئەنجومەن و پەرلەمانتارەكانمانەوە سكاڵا لە بەغدا بەرزدەكەینەوە و كارتەكانی ئێمە ئەوەن كە لە ئێستادا رێكاری یاسایی و دەستوری بگرینە بەر”.
محەمەد عوسمان دووشیوانی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لابردنی بەرپرسانی كورد دەڵێت: “ئێمە لایەنێكی تەشریعین و بەپێی یاسا و دەستور مامەڵە دەكەین هەربۆیە لە رێی بەیاننامە و كۆنفرانسی رۆژنامەوانییەوە ناڕەزایی دەردەبڕین چونكە گۆرانكاریەكان جێی مەترسین و لە ماوەی هەفتەیەكدا سێ پۆستی گرنگی كورد وەرگیراونەتەوە كە هەر یەكە لە پۆستی بەرێوبەری پۆلیس و بەرگری و شارستانی و ڤێتەنەری كەركوكن”.
هەروەها وتی: “ئێمە بەردەوام دەبین لە ناڕەزایی و داوا لە سەرۆك وەزیرانیش دەكەین ئەم كارە رابگرن چونكە ئاماژەیەكی خراپە و سەرەتایەكی مەترسیدارە و ئەمە وردە وردە شتی تریشی بەدوادا دێت هەربۆیە داواكانمان بەرز دەكەینەوە بۆ بەغدا چونكە دەستور و كردەی سیاسی دەكەوێتە بەر مەترسی و پرسیارەوە”.
ئەو پەرلەمانتارە وتیشی: “گەر بەغدا بەردەوام بوو لە گۆڕانكاری ئەوە بەیان دەنوسین و سكاڵامان دەبەینە دادگای دەستوری و فیدڕاڵی و هەروەها نەتەوەیەكگرتوەكان ئاگادار دەكەینەوە”.
وتیشی: “ئێمە وەكو كورد لەپەرلەمان لە چوارچێوەی دەستور كاردەكەین بۆیە داوا لە سەركردایەتی كورد دەكەین ئەوان رۆڵیان هەبێ لەروی سیاسیەوە و ئەوان بێنە مەیدان”.











‌ 799 جار بینراوه‌
3/31/2018 8:06:29 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved