»  راپۆرت
تۆقاندنی خەڵكی كەركوك بۆ مەرامی سیاسی بەردەوامی هەیە



بڕیارەكەی پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت سەبارەت بە رووخاندنی زیادەڕۆییەكان، كاردانەوەی جیاوازی لێدەكەوێتەوەو هەندێك بە مەترسی بۆ سەر گەڕەكە كوردییەكان ناوی دەبەن و پەرلەمانتارێكیش دڵنیایی دەداتە هاوڵاتیان بڕیارەكە هیچ مەترسییەكی بۆسەر ئەو گەڕەكانە نییەو ئەو خانوانە ناگرێتەوە كە لە دوای پرۆسەی ئازادییەوە دروستكراون.

رێبوار تەها پەرلەمانتاری یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ (هەواڵ) رایگەیاند:” ئەو لیژنەیەی كە لە پارێزگا دروستبووە، نوێنەری شارەوانی و قایمقامیەت و سەرجەم پێكهاتەكانی تێدان”، ئاماژەی بەوەشكرد:” بڕیارەكە ئەو خانوانە ناگرێتەوە كە لە دوای پرۆسەی ئازادییەوە دروستكراون”.
رێبوار تەها وتیشی:” لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە بەرێژەیەكی یەكجار زۆر  رێژەی زیادەڕۆیی زیادیكردووە لە كەركوك بەتایبەتی لەلایەن لایەنێكی  دیاریكراوەوە دەكرێت و دەستیان بەسەر زەوییەكانی شارەوانی و شوێنە بازرگانییەكانی كەركوكدا گرتووە، بۆیە پارێزگا ئەو لیژنەیەیان دروستكردووە بۆ ئەوەی ئەو زیادەڕۆییانە هەڵبگرێت”.
ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی ئەوەشیخستەڕوو:” بڕیارەكە بەهیچ شێوەیەك ئەو خانوانە ناگرێتەوە كە لە دوای پرۆسەی ئازادییەوە دروستكراون و  خەڵكی تێدا نیشتەجێبوونە، وەك گەڕەكەكانی پەنجا عەلی و كوردستان(فەیلەقی جاران)”.
رێبوار تەها باسی لەوەشكرد:” بڕیارەكە ئەو زیادەڕۆییانە دەگرێتەوە كە لە دوای روواووەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، زیادەڕۆییان كردۆتەوە سەر موڵكی شارەوانی و شوێنە خزمەتگوزاری و بازرگانییەكان”.
ئاشكراشیكرد:” ئێمە وەك پەرلەمانتاران چاودێر دەبین لەسەر ئەدای ئەو لیژنەیە، هیچ بڕیارێكیش نییە بۆ رووخاندنی ئەو خانوانەی كە لە  دوای پرۆسەی ئازادییەوە دروستبوونە، بەشێوەیەكی گشتی ئەو خانوانەی كە خەڵكی تێدا نیشتەجێن، هیچ یاساو بڕیارێك نییە نە بۆ رووخاندنی نە بۆ چۆڵكردنیان “. 
روونیشیكردەوە:” ئەگەر هاوڵاتیان  لە خانووی حكومیش نیشتەجێبن، حكومەتی خۆجێیی ناتوانێت دەری بكات، ئەگەر لە بەرانبەردا  خانووی نیشتەجێبوونی بۆ دابین نەكات، یاخود قەرەبووی ماددی نەكاتەوە”.
ئەحمەد عەسكەری ئەندامی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ (هەواڵ) رایگەیاند:” ئەوەندەی ئێمە لێمان پرسیوەتەوە، پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت  دەڵێت:”  خوار شار وێنران بووە، نە جادە نە رێگاوبان ماوە هیچ شتێك نەماوە لەبەر زیادەڕۆیی”.
ئەحمەد عەسكەری وتیشی:” ئەگەر پارێزگار شتێكی وا نەكات بەراستی رەنگە توشی كێشەی گەورەی بكەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بڕیارەكەشی بۆ جێبەجێ ناكرێت و بە قسەی ناكەن، چونكە بۆیە حەشدی شەعبیشی تێكەڵ بە لیژنەكە كردووە، بۆ ئەوەی بتوانێ لە هەقی ئەو كەسانە بێت كە زیادەڕۆییان لەسەر موڵكی گشتی كردووە، بە تایبەت بەشێك لە شیعەكان دەستیانكردبوو بە فرۆشتنی زەوی و جادەو رێگاوبانەكانیان داگیركردووەو كردویانە بە ریزەدووكان و باڵەخانە”.
ئەحمەد عەسكەری پێشیوابوو:” بڕیارەكەش جێبەجێ ناكرێت، یاخود وەك بانگەشەی هەڵبژاردن بەكاردەهێنرێت”.
ئەوەشیخستەڕوو:” بڕیارەكە هیچ مەترسییەكی بۆسەر گەڕەكە كوردییەكان نییە”.
جەمال شكور جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی رێكخستنی (ی.ن.ك) لە كەركوك لەسەر هەمان پرس بۆ (هەواڵ) رایگەیاند:” بڕیارەكە بەوشێوەیە نییە كە خەڵك تێگەیشتووە، من كاتی خۆی بەڕێوەبەری شارەوانی كەركوك بوومە، سەردەمی عەبدولڕەحمان مستەفاو دكتۆر نەجمەدین كەریم كە هەردوكیان پارێزگاری كەركوك بوون و لە نەتەەی كورد بوون، هەر بەو بڕیارە كاركراوە، بڕیاری 154ی ساڵی 2001 تایبەتە بە زیادەڕۆیی، پێشتر بڕیاری  156 هەبوو دواتر هەڵوەشایەوە بۆ 154ی ساڵی 2001 ، ئەوەش بڕیارێكە لە هەموو پارێزگاكانی عێراق تائێستا ماوەو كاری پێدەكرێت بۆ زیدەڕۆییەكانی كە دەكرێنەسەر موڵكی دەوڵەت”.
جەمال شكور وتیشی:” بڕیارەكە دەڵێ بۆ رووخاندنی ئەو زیادەڕۆییانەی لەسەر شوێنە بازرگانییەكان بە نایاسایی كراون، وەك ئەوەی باڵەخانەیەك یاخود ریزە دووكانێك بە زیادەڕۆ دروست كراوە، ئەمە بۆ ئەوە نییە خەڵك تێیدا  نیشتەجێ بێت، ئەمە خەڵكی دەوڵەمەند كردوویەتی، خەڵكێك كردویەتی دەیەوێت لە حكومەت بخوا، من دەستخۆشی لەو بڕیارە دەكەم”.
جێگری لێپرسراوی مەڵبەند باسی لەوەشكرد:” ئەم بڕیارە بۆ رووخاندنی ماڵ نییە، بۆ رووخاندنی ماڵی ئاوارە نییە، بۆ رووخاندنی ئەو ماڵانە نییە كە تێیدا نیشتەجێن، بۆ رووخاندنی ئەو زیادەڕۆییە بازرگانیانەیە كە كراون وەك سوپەر ماركێت و غەسل و ئەوجۆرە شتانە”.
ئاماژەی بەوەشكرد:” بۆ پارچە زەوییەكی بازرگانی نرخی دوو سەد ملیۆن بێت كابرایەكی چاوچنۆكی دەسەڵاتدار دەستی بەسەردا بگرێت، ئەو زیادەڕۆییانەی كە دەكرێن ئێستاو پێشووتریش ئەگەر بەرپرسێك و پارەدارێك  لە پشتییەوە نەبووبێت نەیتوانیوە بیكات، ئەمە دژی خەڵكی هەژار نییە، بەڵكو دژی خەڵكی دەوڵەمەندە ئەگەر لە هەر پلەو پۆست و حزبێكدا بێت “.
جەمال شكور ئاشكراشیكرد:” هیچ مەترسییەك لەسەر خانووی ئاوارەكان نییە، بەپێی دەستور دەبێ ئاوارە بگەڕێتەوە كەركوك و حكومەتی عێراقیش پابەند بێت بەوەی شوێنیان بۆ دابین بكات و قەرەبوویان بكاتەوە، كاتێ بەڕێوەبەری شارەوانی كەركوك بووم، لە ئەنجومەنی پارێزگا نۆ شوێنمان تەرخانكرد بۆ ئەوەی ئاوارە گەڕاوەكانی تێدا نیشتەجێ بێت، وەك (گەڕەكی كوردستان و پەنجا عەلی و مەعەسكەر خالد) ، هەموو رەزامەندی رەسمی ئەنجومەنی پارێزگای هەیە، ناكرێت بڕوخێندرێت،  حكومەتی عێراقیش ناتوانێت بیڕۆخێنێت”. 
هەواڵ چەندین جار پەیوەندی بە بەڕێوەبەری شارەولنی كەركوكەوە كرد ەڵام وەڵامی پەیوەندییەكانی نەدایەوە.

‌ 128 جار بینراوه‌
3/31/2018 8:07:34 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved