»  پەڕەموچ
موناجاتی مەراق
جمعە رجب

سەرابی تەمەن 
بێ ماڵئاوایی دەكەوێتە رێ 
نیشانەكانی خاڵبندی ئارەزووی مەحاڵ 
لەچاوەنواری موسافیریكدا 
رێژنە وشەی ئاسمانی مەرگ
وەك و ئاگر ئەبارێنێ
زەمەنی فریو 
لە رۆحما ئاسۆگەی سەفەرنامە
بەنووشتاوی پەناداوە 
ئەوە بێ تۆ 
دەروونی سڕ لەژێر باری خەما 
سەری خۆی دەبەخشێتە  
توانجە سەیرو سەمەرەكان و 
پەنا دەباتە بە هەڵكردنی تەمی خوایی 
چەقی ونبووی غەزەبی مەلەكووت و 
موناجاتی مەراق
شەپۆلێكی تووڕە 
توند توند لە باوەشی دەگرێ
هەندێ پرساری نەزۆك و سڕ 
بەدەم سەمایەكی خامۆشەوە 
جێ هێشتنەكانیش مۆمیا دەكرێن  
 گومانی نهێنی لە چاوشاركێ و 
غارغارێنی نەخوازراودا 
خەریكە ویژدان دەرژێنێت 
جێم مەهیڵە رێ هەڵەتە
رەباشەیەكی ئەستوندەو 
هیچ بەربەستێ رانایگرێ 
جیهان تا ئاستی ماندووكردن خەواڵووە 
چمكێ لە سوخمە رەشەكەی لێدانی دڵ 
كەسێ رەوتی سەما بۆچاوەنواری دەكا
لە شەقامە ژەنگاویەكان 
داستانی تر دنووسرێنەوە..
 ئەی ئەوە نییە 
لەوشاخە دوورە دەستە 
نێرگزێك خۆی دەڕوێنێ
چڵەدارێك نەفرەت لە هاتنی 
ماچی بەردو ئاسن ئەكات..
پیرێكی ئوفتادە 
بەدەم حەسرەتی رۆژگارەوە 
فەوزای رۆح دەخواتەوە 
دەرۆن و جێم دەهێڵن 
ئەی لەكوێن ئەوانەی لەبەردەم خوایەكی بەردیندا 
بە كوێرە خەتێ 
وشەكانم پێ كوێردەكەنەوە؟!
كاروانی زەمەن
خێرا دەچێتە ئامێزی مێژووەوە 
شەوارەیی و تەنیایی 
هەر سەما بۆ باڵای عەشق دەكات،
دوا دێری كاهینێك لەسەفەربەردا 
رەنگەكانی كوفری تیا ناكرێتە گوناهە. 
لەكانیلەی خوێنی دڵما 
شۆپانێك بەرێوەیە.. 
پرسیارێك لەسەرەتای بوون و
كوشتن دەكات 
ئەمڕۆو سبەی 
لەناو دووەم هەنگاودا 
دەمی گڕو 
رەشەبا ترسناكەكەی بەردو خوێن 
بەرەو ئامێزی خۆیم دەباتەوە.. 
ئەلفوبێیەكانی بیرەوەریمان 
لەناوەراستی رێگەكاندا دەبنە غوبارو 
هەرگیز ناگەڕێنەوە جاران.


‌ 805 جار بینراوه‌
3/31/2018 8:47:23 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved