»  شۆک
كۆمـەڵگـەی پڕ لــە جنێو
هۆشیار جەمال




ئەگەر چاوێكی خێرا بگێڕین بە نێو تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و كەناڵە ئاسمانییەكان، هەروەها ئاوڕێك لە چواردەورمان بدەینەوە دەگەینە ئەو ئەنجامی كە لەئێستادا كۆمەڵگەی كوردی هەنگاو هەنگاو بەرەو كۆمەڵگەیەكی جنێو فرۆش هەنگاو دەنێت، كە ئەمەش جگە لە كاریگەریەكی خراپە لە ئێستادا سەرەتایەكی خراپە بۆ نەوەكانی داهاتوو چونكە دێنە سەر كەلتورێكی وێرانە.
كەلتوری جنێو مێژوویەكی تاڕادەیەك كۆنی هەیە لە ناو حزبە سیاسیەكانی كوردستاندا، ئەوان هەركات بەرژەوەندیان لەگەڵ یەك نەبوبێت و لە كاتی جیابونەوە و پەرتبووندا لە جیاتی قبووڵكردنی یەكتر، دژی بەرامبەر جنێو و تۆمەتیان بۆ یەكتر هەڵبەستووە.
لەدوای جیابوونەوەی باڵی مەكتەبی سیاسی لە پارتی بەهۆی تێڕوانینی جیاوازەوە بۆ شۆڕش و حوكمڕان و حیزب بە چەندین شێوە جنێو و تۆمەت دەدرایە پاڵیان، ئەم كەلتورە حیزبەكانی تریش هێنایان لەگەڵ خۆیان تا راپەڕین و دواتریش لە شەڕی ناوخۆ گەیشتنە ئەوپەڕی جنێوی ناشرین وخراپ نەما نەچێتە گوێی هاوڵاتیانەوە، جیابوونەوەی باڵی ریفۆرم لە یەكێتی و لەدایكبوونی بزووتنەوەی گۆڕان بووە هۆی دروستبوونی كۆمەڵێك جنێوی توندی سیاسی كە هەردوولا هۆكاربوون.
تا ئێرە رووە سیاسیەكە بوو بەڵام لە رووی كۆمەڵایەتیەوە جۆرێكی تری جنێو حزوری هەیەكە پیاوانی ئاینین كە بەشێكی زۆریان لە مینبەری مزگەوتەكانەوە و هەفتانە و رۆژانە لە رێگای كەناڵە ئاسمانیەكانیانەوە جنێو بڵاودەكەنەوە، هونەرمەندێك نوسەرێك شاعیرێك هەر بۆچوونێكی هەبێت كە جیاواز بێت لە بیركردنەوە و تێڕوانینی ئەوان دەبێت خۆی ئامادە بكات بۆ چەندین جنێو و ئیهانە لە كاتێكدا كە زۆرترین جار كە كتێبەكە یان وتاری نوسەر یان شعری شاعیرێكیان نەخوێندۆتەوە.
ئاشكرایە كۆمەڵگەی كوردی كۆمەڵگەیەكە زۆر زوو كاریگەری ئاینی و سیاسی لەسەر جێ دەهێڵێت، چونكە كۆمەڵگەیەكی تائێستاش تەقلیدیمان هەیە بۆیە ئەم جنێوە بەشێوەیەكی خێرا بەنێو كۆمەڵگەدا بڵاودەبێتەوە كە راگەیاندنەكانیش هۆكارێكی سەرەكین بەتایبەت كەناڵە ئاسمانییەكان و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بە تایبەت فەیسبووك چونكە لەئیستادا دەچنە هەموو ماڵێكەوە.
لە ئێستادا چەند هاوڕێیەكی بەڕێز سەرقاڵی دامەزراندنی رێكخراوێكن بەیارمەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ئەوەی هەوڵبدەن رێگا لە زیاتر بڵاوبونەوەی ئەم كەلتورە ناشرینە بگرن كە بە ناوی ئازادیەوە كە دەردێكی كوشندەی بێ ناونیشانە هاتۆتە هەموو ماڵێكەوە.
من پێم وایە لە ئێستادا درەنگ نیە وەك چۆن بەشێكی كۆمەڵگە توانی بەچەند ساڵێك ئەم كەلتورە بۆ مەرامی خۆی بڵاوبكاتەوە، ئاواش بەشێكی تری كۆمەڵگە بە هەستكردن بە بەرپرسیارێتی دەتوانێت رێگا لە تەشەنەكردنی ئەم كەلتورە بگرێت لە پێناو ئەوەی ناكرێت نەوەكانی ئایندە چاو هەڵبێنن لە دونیا وكۆمەڵگەیەك دا راستەوخۆ بەركەوتەی لەگەڵ كۆمەڵگەیەكی جنیو فرۆشدابێت.
ژیانی ئێمەش بریتی نیە لە (خەو، هەستان، خواردن، سێكس ) بەڵكو بۆیە رێگادراوە بژین بەرپرسیارێتی لەسەر شان بگرین، جۆرێك بژین لایەنی كەم خۆمان ئاسوودە كردبێت نەك ویژدانمان ئازارمان بدات هیچ بەرهەم و چالاكیەكی گشتیمان نەبوبێت.

‌ 155 جار بینراوه‌
3/31/2018 8:57:13 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved